محمد لادێ – ههولێر
پیشەسازیی مۆسیقای جیهانی بە قۆناغێکی وەرچەرخانی مێژووییدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا یاساکانی داڕشتنی ئاواز و ماوەی گۆرانییەکان بەتەواوی گۆڕاون. ئامارە فەرمییەکانی سەکۆی (Spotify) و ڕاپۆرتەکانی گۆڤاری (Billboard) پشتڕاستیان کردەوە، تێکڕای ماوەی گۆرانییە نوێیەکان لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و ئێستا زۆربەی بەرهەمە ترێندەکان ماوەکەیان تەنها لە نێوان ٢ بۆ ٢.٥ خولەکدایە.
شارەزایان ئەم گۆڕانکارییە خێرایە بۆ باڵادەستیی سەکۆکانی (TikTok) و (Instagram Reels) دەگەڕێننەوە، کە تێیدا تەنها چەند چرکەیەکی کەم بۆ ناساندنی مۆسیقاکان بەکار دێت. ئەمەش وای کردووە هونەرمەندان واز لە پێشەکییە درێژەکان بهێنن و لە یەکەم چرکەوە بچنە ناو جەستەی سەرەکیی گۆرانییەکەوە.
هاوکات، سیستمی دارایی سەکۆکانی ستریمینگ کە تەنها پێویستی بە ٣٠ چرکە گوێگرتنە بۆ ئەژمارکردنی داهات، هۆکارێکی تری ئەم ستراتیژیەتەیە. لە کۆتاییدا، کەمبوونەوەی ماوەی سەرنجدانی مرۆڤی هاوچەرخ (Attention Span) وای کردووە مۆدێلی “گۆرانییە خێراکان” ببێتە زمانی فەرمیی بازاڕی مۆسیقا لە جیهاندا.

