سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی بەناوی “شەستەی بەهاران”، کە ئاوازەکەی لەلایەن هونەرمەندی ناوداری کورد (عەدنان کەریم) بۆی دانراوە، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بۆ هەولێر گوتی: گۆرانی “شەستەی بەهاران”، لە تێکستی حەسیب قەرەداخییە، هونەرمەند (عەدنان کەریم) ئاوازی بەرهەمەکەی داناوە، راستی جەمال کوردی کاری ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکەکەی داناوە، لە ستۆدیۆی ماڵی مۆزیک لەلایەن مامۆستا عەباس تۆمارکراوە، لەلایەن مەحموود کەمال کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووه.
سیڤان عەباس گوتیشی: ئەو گۆرانییە لە ساڵی 2019 تۆمارم کردووە، بەڵام خاڵە عەدنان لەساڵی 2001 ئەو ئاوازەی بۆمن ناردووە، بەڵام پێی گوتم جارێ گۆرانییەکە تۆمار مەکە تا موزیک دەخوێنیت و پەیمانگە تەواو دەکەیت، منیش دوای 18 ساڵ ئێستا پێم باش بوو گۆرانییەکە بڵاوبکەمەوە و هیوادارم بەدڵی هەموو لایەک بێت.”
سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دانیشتووی شاری سلێمانییە. بەشی موزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. خوشکەزای هونەرمەندی ناسراوی کورد عەدنان کەریمە. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.

