شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “دەشتی کەڵهوڕی” وەک کانیاوێکی سازگار وشەی جوان و گۆرانی و میلۆدییەکی نوێی ئامادەیە و ئێستاش بەڵێنێک بە خانەقین و مەندەلی دەدات، کە بەرهەمێکی نوێی بۆ ئەم شارە ئامادەیە و دەبێتە سروودێکی نیشتمانی و تایبەت، کە بۆ خانەقین تۆمار کرابێت.
دەشتی کەڵهوڕی” سەبارەت بە سروودەکەی بۆ “هەولێر” دەڵێت: بە شانازی و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، مژدەی بەرهەمێکی هونەری نوێتان پێ دەدەین؛ سروودێک بۆ شارە دڵخوازەکەمان خانەقین، شارێک کە لە هەناوی مێژوو، فەرهەنگ، هونەر و خەباتدا شوێنێکی تایبەتی هەیە و ئەم سروودەش تەنیا گۆرانییەک نییە؛ بەڵکو دەنگی دڵی خانەقینە، وێنەی جوانیی سروشتی، مێژووی پڕ لە شانازی، زاراوە شیرینەکەی و ناسنامەی فەرهەنگی ئەم شارەیە. ئامانجمان ئەوەیە ئەم بەرهەمە ببێتە مایەی شانازی هەموو خانەقینییەکان و وێردی سەر زمانی گەورە و بچووک.
دانانی ئاواز، مۆسیقا و سەرپەرشتی ئەم بەرهەمە لە ئەستۆی بەندە بووە، و وشە جوان و هەستبزوێنەکانی بە هاوکاری و هەوڵی مامۆستا کەنعان حوسێن نووسراون شیعر ئەم کارەش بە داواکاری کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیری خانەقین دەستی پێکراوە، بە هیوایە ئەوەی ببێتە دیارییەکی هونەری بۆ شارەکەمان.
بانگهێشتێکی دڵسۆزانە ئاراستەی کاربەدەستان، سەرمایەداران و هەموو دڵسۆزانی خانەقین دەکەین کە دەستی هاوکاری بۆ ئەم پڕۆژە نیشتمانییە درێژ بکەن، تاکو بتوانین کلیپێکی شایستە و لە ئاستی ناوی خانەقین بەرهەم بهێنین؛ کلیپێک کە شایستەی مێژوو، جوانی و شکۆی ئەم شارە بێت.
هیوادارین ئەم سرودە لە دڵی خەڵک جێ بگرێت، لە سەر زمانی هەمووان بێت و ببێتە دەنگی یەکگرتوویی، خۆشەویستی و شانازی بۆ خانەقین.
خانەقین، هەمیشە لە دڵماندا دەژیێت و هەمیشە شایستەی باشترین بەرهەمە هونەرییەکانە.

