هاودەنگ فارووق
ئەگەرچی هەموو کابینەکانی حکوومەتی کوردستان، کە سەرکردەیەکی پارتی سەرۆکی بووە، خەرمانێکە و خەرمانێکی دیکەی دەستکەوتی دەچێتە سەر، بەڵام کابینەی نۆیەم کابینەیەکی ئاسایی نەبوو، چونکە لە لایەکەوە مەترسیدارترین ڕووداوەکان لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا هاتنە پێشەوە، لە لایەکی دیکەشەوە دوورترین ئاوات و خەونەکانی خەڵکی کوردستان لە ماوەی کارکردنی ئەم کابینەیەدا بوون بە ڕاستی، بەشێکیشی نزیکن لەوەی ببن بە ڕاستی.
ئەوەش نیشانەی سەرسوڕمانە. چۆنە مەترسییەکان گۆڕان بۆ دەرفەت؟ چی وایکرد بیر لەوە بکرێتەوە کێشەکان لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێن نەک تەنها بەڕێکردنی کاتی و، دیسانەوە سەرهەڵدانەوەی کێشەکان؟
هەر یەک لە کابینەکانی حکوومەتی کوردستان، بۆ بونیادنان و بووژانەوەی نیشتمانێکی شایستە بە کوردستانیان بۆ هەر سێکتەرێک دارێکی خستووەتە سەر بەردێک، بە گوێرەی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و ئەمنی خۆیان کاری گەورە و گرنگیان کردووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو مەترسییانەی لە سەردەمی کابینەی نۆدا ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەگەر ڕوویان لە دەوڵەتی سەربەخۆش بکردایە هەرەسی دەهێنا.
قورسترین و کاریگەرترین قەیرانی دارایی و وشکبوونی جووڵەی بازرگانی لە سەردەمی کۆرۆنا، پشتی زۆرێک ئابووری گەورەی جیهانیی شکاند، بانکی ناوەندی لە وڵاتانی دنیا ناچار بوون سەرمایەی یەدەگ بخەنە بازاڕەکانیانەوە تاکو جووڵە بخەنەوە بازاڕ تا کەرتی بازرگانی و ئابوورییان هەرەس نەهێنێت.
ئەوە بۆ وڵاتانی خاوەن سەروەری و خاوەنی بانکی ناوەندی، ڕێوشوێنێکی سروشتی و ئاساییە، هەمیشە لە کاتی نائاساییدا، بانکی ناوەندی دەستوەردان دەکات و ڕەوشەکە لە هەرەسی حەتمی دەپارێزێت، وەک ئەوەی لە قەیرانی دارایی ئەمریکا لە ٢٠٠٩ بانکی یەدەگی فیدراڵی دەستوەردانی کرد، بەڵام بۆ هەرێمێکی وەکو کوردستان کە دەوڵەتی سەربەخۆ نییە و بانکی ناوەندی و سیاسەتی نەختینەش لای عێراقە و هەموو بڕیارێک لە جووڵەی دراو لای عێراقەوە دەدرێت، بۆ هەرێمێکی ئاوا، ڕزگارکردنی دۆخی ئابووری و ڕێگرتن لە هەرەسی بازرگانی و وشکبوونی بازاڕ، جۆرێکە لە کاری موعجیزەئاسا.
ئەوە جگە لە پێداگری و نەبەزین و ڕانەکردن لە بەرپرسیارێتیی مەسرور بارزانی، هیچ لێکدانەوەیەکی دی هەڵناگرێت. ئاخر لە هەر پسپۆڕێکی خاوەن سومعەی دنیا بپرسیت: چۆن حکوومەتی هەرێمێک، سەربەخۆیی سیاسی نەبێت و سیاسەتی نەختینەیی و بانکی ناوەندی لای ئەو نەبێت، چۆن توانیویەتی لێکەوتەکانی کۆرۆنا تێپەڕێنێت؟ بزانە هیچ شرۆڤەیەکی زانستی هەڵدەگرێت؟ کارەکە بە تەواوی موعجیزەئاسایە.
هاوکات تەماشای کەرتی خزمەتگوزاری بکەین، ئەوەی کە بۆ زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و بۆ شارەکانی عێراق خەونێکی بەدینەهاتووە، کابینەکەی مەسرور کردوویەتییە ڕاستی و کردار، ئێستا هاووڵاتییانی کوردستان تێیدا دەژین، وەک دانانی بنەماکانی حکوومەتی ئەلیکترۆنی، یان کارەبای ٢٤ کاتژمێری کە بۆ شارەکانی عێراق خەونێکی بەدیهاتنی ئەستەمە، یان دروستکردنی دەیان پۆندی ئاو، دروستکردنی سەدان کیلۆمەتری ڕێگاوبان و، بەرزەپرد و پارک و سەوزایی، هەژماری من و چەندان خزمەتگوزاریی دیکە.
چۆن کابینەکەی مەسرور بارزانی لە ناو گەمارۆیەکی قووڵی داراییدا، توانیویەتی ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات؟ چۆن ئەو دەستکەوتانە لە ناو دەریایەک قەیراندا بەدیهاتن؟ ئەوان کە چاویان لەوە بوو مەترسییەکان کابینەکەی بارزانی بڕووخێنن، چۆن ئەو خەونەیان لە گۆڕ نرا؟

