سیروان عوسمان*
لەکاتێکدا شارەکان گەورە دەبن و پێویستییەکانی هاووڵاتییان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەکات، سەرکەوتنی هەر حکوومەتێک بە قەبارەی ئەو خزمەتگوزارییە دەپێوردرێت، کە پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، جارێکی دیكە جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ئیرادەی حکوومەت بۆ سەرکەوتن بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرانەکان ئیرادەیەكی بەهێزە.
ئەم پەیامە، ئەگەرچی ڕستەیەکی کورتە، بەڵام مانا و پەیامێکی فراوانی هەڵگرتووە، چونکە حکوومەت لەبەرامبەر گۆڕانکارییە ئابووری، کێشەکانی ناوخۆ و دەرەوە و داواکارییەکانی هاووڵاتییاندا هەمیشە پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز و بڕیارێکی تۆكمە هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییان تەنیا بە گوێگرتن لە دروشم و بەڵێنەکان قایل نابن؛ بەڵکوو ئەوەی بۆیان گرنگە، کردار و بەرهەم و ئەنجامەكەیە. چاکسازیی خزمەتگوزارییەکان، دابینکردنی هەلی کار، گەشەپێدانی ئابووری، پشتگیری لە کەرتی تایبەت و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی پەروەردە و تەندروستی، هەموویان پێوانەی سەرەکیین بۆ هەڵسەنگاندنی دەسكەوت و سەرکەوتنەكانی حکوومەت.
ئەگەر ئیرادەی سیاسی لەگەڵ نەخشە و پلانی ڕاست و دروست، شەفافیەت و بەشداری و هاوبەشبوونی هاووڵاتییان یەکبگرن، دەتوانرێت زۆر لە کۆسپەکان ببڕن و ببنە دەرفەتی گەشەپێدان، ئەوەش هیوایەکە، کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە كابینەی حكوومەتدا چاوەڕوانی دەکەن.
لەکۆتاییدا، هەر حکوومەتێک بە دروشم و قسە نا، بەڵکوو بە كردار و ئەنجام دەناسرێتەوە. سەرکەوتنیش کاتێک واتای هەیە کە هاووڵاتی هەستی پێ بکات و کاریگەرییەکەی لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا ببینێت. ئەوەی هاووڵاتیی کوردستانی پێویستی پێیەتی، بەردەوامبوونی ئیرادەی خزمەتکردنە، تا کۆسپەکان لەبەردەم هەنگاوەكانی سەرکەوتن تەخت ببن و درێژە بەو كاروانی خزمەت و پرۆژانە بدرێت، كە حكوومەت لە ماوەی ڕابردوودا ناویەتی و بۆ داهاتوو ڕژدتر هەنگاوی بۆ بنێ و كوردستان گەشتر و ئاوەدانتر ببێت. ئەمە ئەگەر هیوا و داخوازی تێكڕای هاووڵاتییانە، لەهەمانكاتدا كارنامەی حكوومەتیشە و بە كردار سەلماندوویەتی كە زۆر دەسكەوتی گەورەی بەدی هێناون و لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی دیكەیش ڕژدتر بەردەوام دەبێت.
* بەڕێوبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر

