گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دوای پێشکەشکردنی داواکارییەکی فەرمی بە وەزیری تەندروستیی فیدراڵ، رەزامەندیی فەرمی بۆ دابینکردنی ئامێری “قەستەرەی دڵ” بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەرگرت.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە فەرمی نووسراوێکی پێشکەش بە وەزیری تەندروستیی فیدراڵ کرد بۆ مەبەستی دابینکردنی ئامێری قەستەرەی دڵ بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
دانەر عەبدولغەفار، لە نووسراوەکەیدا، جەخت لە پێویستییەکی زۆر و بەپەلەی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بۆ ئەم ئامێرە کردووەتەوە، کە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان، بە تایبەت لە کاتی تووشبوون بە جەڵتە و حاڵەتە کتوپڕەکانی دڵدا.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە نووسراوەکەیدا روونکردنەوەی داوە کە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لە ناوچە چڕەکانی دانیشتووان لە هەرێمی کوردتسان، کە ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە نزیکەی 500 هەزار کەس، ئەمەش وا دەخوازێت خزمەتگوزاریی پزیشکیی تایبەتمەندی بۆ فەراهەم بکرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، کە سۆران بە دووریی 120 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەولێرەوە دوورە، ئەمەش نەخۆشەکان ناچار دەکات لە کاتی پێویستدا رێگایەکی درێژ و مەترسیدار بۆ گەیشتن بە نەخۆشخانەکانی دڵی پایتەخت ببڕن، کە زۆرجار بەهۆی دواکەوتنەوە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
دوای پێشکەشکردنی ئەم داواکارییە فەرمییە، وەزیری تەندروستیی فیدراڵ رەزامەندیی خۆی لەسەر نووسراوەکە دەربڕیوە و بە نووسینی رستەی فەرمیی “موافق لإتخاژ ما یلزم واعلامی” (رەزامەندم، رێکاری پێویست بگرنەبەر و ئاگادارم بکەنەوە)، بەمەش کڕینی ئامێرەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

