مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
مێسی هۆکاری گریانەکەی دوای بردنەوەیان لە میسڕ ئاشکرا دەکات
لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و پڕجۆش و خرۆش و هەراهێنەردا، هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بە سەختییەکی زۆر ڕیمۆنتادای کرد و بە ئەنجامی ٣-٢ گۆڵ لە هەڵبژاردەی میسڕی بردەوە و گەیشتە قۆناغی هەشتەمی مۆندیال و لەوێ بەرانبەر سویسرا یاری دەکات.
لیۆنێل مێسی، لەو یارییەدا هەوڵێکی زۆری دا ئەرژەنتین بگەڕێنێتەوە نێو یارییەکە، هەوڵەکانی بەری دا و تیپەکەی کە تا خولەکی ٧٩ بە دوو گۆڵ لە دوا بوو، تا ساتی کۆتاییهاتنی یارییەکە سێ گۆڵیان کرد و خۆیشی یەکێک لە گۆڵەکانی تۆمار کرد، کە گۆڵی دووەم و یەکسانبوون بوو.
لە دوای یارییەکە، وەک لە زوومی کامێراکانەوە بینرا، لیۆنێل مێسی دەستی بە گریان کرد و بە کوڵ دەگریا، لە کاتێکدا تیپەکەی سەرکەوتنی بە دەست هێنابوو.
لیۆنێل مێسی، هۆکاری گریانەکەی لە دوای ئەو سەرکەوتنە گرنگ و بەنرخە ئاشکرا کرد.
لیۆنێل مێسی لەو یارییەدا و لە نیوەی یەکەم، کاتێک تیپەکەی بە گۆڵێک لە دوا بوو، لێدانێکی سزای لە دەست دا و گۆڵپارێزی میسڕ مستەفا شوبێر تۆپەکەی گەڕاندەوە، بەڵام ئەستێرەکەی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەرژەنتینی، لە نیوەی دووەم گەڕایەوە و گۆڵی یەکەمی تانگۆی دروست کرد و گۆڵی دووەمی تۆمار کرد.
مێسی لەبارەی هۆکاری گریانەکەیەوە، ڕایگەیاند: بە هۆی دووبارە لەدەستدانی لێدانی سزاوە، هەستم بە بێزار و نیگەرانییەکی زۆری دەکرد.
ئەوە دووەم لێدانی سزایە کە مێسی لەم مۆندیالەدا لە دەستی دەدا و بە کۆی گشتیی بەشدارییەکانی ٤ لێدانی سزای لە مۆندیالەکان لە دەست داوە، کە هیچ یاریزانێک ئەوەندە لێدانە سزایەی لە دەست نەداوە.
رۆژنامەی مۆندۆ بەشێکی دیکەی قسەکانی گواستووەتەوە، دەڵێ: گەر ئەو لێدانە سزایەم تۆمار کردبا، ڕێڕەو و ئاڕاستەی یارییەکە دەگۆڕا.
دەشڵێ: دوای گەڕانەوەی ئەرژەنتین و سەرکەوتنی، هەستم بە ئاسوودەیی کرد، ئاستێکی باشمان بەدەر لە لایەن کەسی پێشکەش کرد. هەلی راستەقینەمان بۆ ڕەخسا، بەڵام گۆڵپارێزی میسڕ زۆر تۆپی بە زیرەکی دوور خستەوە.
ئەرژەنتین بە سەختییەکی زۆر قۆناغی ٣٢ی بەرانبەر کاپ ڤێردی و دواتر قۆناغی شازدەی بەرانبەر میسڕ بڕی، ئێستاش بەرانبەر سویسرا یاری دەکات و بە بردنەوەی لەو هەڵبژاردەیە، دەگاتە یاریی پێشکۆتایی، بێ ئەوەی لەگەڵ ئەو هەڵبژاردانە یاریی کردبێ کە بە ناووبانگ و ترسێنەر ناسراون.
لە بارەی سەرکەوتنی ئەرژەنتین لەو دوو یارییەدا، مێسی وتی: ئەمە ڕەنگدانەوەی گیانی شانازی و پێداگرییە، من زۆر شانازی بەوەوە دەکەم.
مێسی وتیشی: جارێکی تر ناڵاندمان و کێشەمان هەبوو، بەڵام ئەمە کەشوهەوا و رەوشی مۆندیالە، هەموو یارییەکان لەسەر ئەو ڕیتمە دەڕۆن.
کاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئەرژەنتین بەرانبەر سویسرا یاری دەکات.
ڕەخنەی توند لە بڕیارەکانی ناوبژیوانە فەڕەنسییەکە گیرا و میسڕ داوای دوورخستنەوەی دەکات
لەلایەن شەقام و چاودێرانی وەرزشییەوە، رەخنەیەکی زۆر لە ناوبژیوانی یارییەکەی میسڕ و ئەرژەنتین گیرا، بەوەی هۆکار و یارمەتیدەر بووە بۆ سەرکەوتنی ئەرژەنتین.
بڕیارەکانی ناوبژیوان لە یارییەکەی میسڕ و ئەرژەنتین، جێگەی مشتوڕ و هەراوزەنایەکی زۆر بوو، بە تایبەت کاتێک گۆڵی دووەمی میسڕی رەت کردەوە، کە گەڕایەوە بۆ تۆپێک نزیکەی خولەکێک بەسەریدا تێپەڕیبوو کە گۆڵ کرا و ڕەتی کردەوە.
هەروەها میسڕییەکان پێیان وایە لێدانێکی سزایان لە دواساتەکاندا بۆ نەژمێردراوە، بەڵام لە سەکۆی (ئەرشیفۆ ڤار)ـدا، کە تایبەتمەندە بە شیکاریی ئاستی ناوبژیوان، لە کۆی ١٠، ٥.٥ بەو ناوبژیوانە درا و ڕایانگەیاند ئەوەیش ژمارەیەکی پەسندکراوە و بڕیارە یەکلاکەرەوەکانی لە یارییەکەدا بە کۆی گشتی دروست بوون.
حوسام حەسەنی راهێنەر و یاریزانانی دیکەی میسڕ، رەخنەی توندیان لە بڕیارەکانی ناوبژیوان و یەکێتیی تۆپی پێی جیهانیش گرت، بەوەی لایەنگری ئەرژەنتین و مێسی دەکەن و بڕیارەکانیان بۆ سەرکەوتنی ئەرژەنتین بووە.
لە پای ئەو هەڵانە، یەکێتیی تۆپی پێی میسڕ، سکاڵایەکی فەرمی دژی فرانسوا لێتێکسیێی ناوبژیوانی فەرەنسی تۆمار کرد، داوای دوورخستنەوەی لە پاڵەوانێتییەکە دەکا، هەروەها داوا دەکرێت گوێ لەوە بگیرێت چی لە نێوان ناوبژیوان و ناوبژیوانانی ڤاردا رووی داوە. پێشیان وایە هەڵەکانیان کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی یارییەکە هەبووە.
لای خۆیەوە، ناوبژیوانی بەناووبانگ جەمال شەریف، ڕایگەیاند سەرجەم بڕیارەکانی ناوبژیوان دروست بوونە و هیچ کێشەیەکی نەبووە.
سەکۆ ئیسپانییەکە لە ڕێگەی پێگەی فەرمیی خۆیەوە، باسی لەوە کرد، کە ناوبژیوانە فەڕەنسیەکە، ئەرێنی لە نەرێنی باشتر بووە، دوای ئەوەی بە هێز و گوڕەوە تا دواخولەک یارییەکەی بەڕێوە بردووە، ئاماژەی بەوەش کرد لێدانێکی سزای دروستی بۆ ئەرژەنتین ژمارد. هەروەها بڕیارێکی دروستی دا بە ڕەتکردنەوەی گۆڵی مستەفا زیکۆ دوای ئەوەی گەڕایەوەی تەکنیکی لێدانەوەی ڤیدیۆ (ڤار)، ئەویش بە هۆی بوونی فاوڵ و سەرپێچی لە سەرەتای هێرشەکەوە.

