رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەندێكی كورد تابلۆكانی دەباتە رۆمانیا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

بۆ یەكەمین جار لە مێژووی كوردستاندا هونەرمەندێكی كورد كارە هونەرییەكانی لە وڵاتی رۆمانیا نمایش دەكات.

لە تازەترین پرۆژەی هونەری خۆیدا هونەرمەندی شێوەكار حەمە هاشم لە رۆمانیا پیشانگەیەكی شێوەكاریی كردەوە و دەیان تابلۆی خۆی نمایش كرد.
لەو بارەیەوە حەمە هاشم بە (هەولێر)ی گوت: لە درێژەی كار و چالاكییە هونەرییەكانم پیشانگەیەكی تایبەتی شێوەكاریم لە شاری ئۆرادیای رۆمانیا كردووەتەوە كە تێیدا ٥٢ تابلۆ بە قەبارەی جیاواز نمایش كران.
وتیشی: ئەم پیشانگەیە بەرهەمی چەند ساڵ كاركردنی منە، كە كۆمەڵێك تابلۆی جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە، لەم زنجیرە بەرهەمە نوێیەمدا تیشكم خستۆتە سەر قوتابخانەی ئۆبستراك و ئیكسپرێشنیزم، هەوڵم داوە گوزارشت لە قووڵایی رۆحی مرۆیی و كاردانەوەی روخسارەكان بەرامبەر بە رووداوە دەرەكییەكان و كاریگەرییە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكان بكەم.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا حەمە هاشم گوتی: ناوەرۆكی تابلۆكانم جەخت لەسەر ئەو دیدگا فەلسەفی و هونەرییانە دەكاتەوە كە پێشتر لە كتێبەكانمدا سەبارەت بە پەیوەندی نێوان جوانناسی و واقیعی دۆخە نەخوازراوەكان قسەم لەسەر كردوون، پیشانگەكە ماوەی دوو مانگ لە گەلەری (ریپێراج) بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت لەلایەن هونەرمەندان و رەخنەگرانی بواری هونەری لە ناوخۆ و دەرەوەی رۆمانیا پێشوازیی لێ بكرێت.
شایانی باسە حەمە هاشم شێوەكارێكی ناوداری شاری هەولێرە، چەندین پیشانگای شێوەكاری لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان كردۆتەوە، خاوەنی قوتابخانەیەكی تایبەتی شێوەكارییە لە ناو هونەری كوردیدا.