رۆژنامەی ھەولێر

ۆركشۆپێكی رێكخراوی یونسكۆ لە هەرێمی كوردستان لەسەر سۆشیال میدیا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

لە بەغدا، یونسكۆ ئەندامانی تۆڕی چاودێری دیجیتاڵی خۆی لە سەرانسەری عێراق كۆ كردەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی “سۆشیال میدیا بۆ ئاشتی”. ئامانج لێی بەهێزكردنی تواناكانیان بوو بۆ چاودێری و شیكردنەوە و وەڵامدانەوەی ئەو هەموو ناوەڕۆکە زیانۆک و زانیارییە ناڕاستەی لە فەزای دیجیتاڵیدا دەسووڕێتەوە.

لە میانی وركشۆپەكەدا، یونسكۆ ڕاپۆرتێكی نوێی خستە ڕوو دەربارەی ڕەوتەكانی قسەی نەشیاو، زانیاریی ناڕاست، ناوەڕۆكی زیانۆک و گێڕانەوەی دیجیتاڵی كە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا لە عێراقدا دەسوڕێتەوە. ڕاپۆرتەكە نەك تەنها داتاكان شی دەكاتەوە بەڵكو لێكۆڵینەوە لەوەش دەكات كە چۆن گێڕانەوەی زیانۆک سەر هەڵدەدەن، بڵاو دەبنەوە و كاریگەرییان لەسەر متمانەی گشتی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی هەیە، تیشك دەخاتە سەر هەڕەشەكان، لەوانە ناوەڕۆكی دروستكراوی AI، قووڵاییەكان و هەڵمەتە دیجیتاڵییە هەماهەنگەكان.
بەشداربووان لە ڕێگەی ڕاهێنانی كردەیی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكانەوە توانای خۆیان بۆ جیاكردنەوەی ئازادیی ڕەوای ڕادەربڕین و ناوەڕۆكی زیانبەخش بەهێزتر كرد، بەشدارییان كرد لە پانتاییەكی دیجیتاڵی سەلامەتتر و گشتگیرتر كە ئازادیی ڕادەربڕین دەپارێزێت و پەرە بە بەكارهێنانی بەرپرسیارانەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان دەدات.
ئەم وركشۆپە بەشێكە لە پرۆژەی یونسكۆ “سۆشیال میدیا بۆ ئاشتی”، كە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پارەی بۆ دابین دەكرێت، كە ئامانجی بەهێزكردنی حوكمڕانی ناوەڕۆكی دیجیتاڵی و بنیاتنانی كۆمەڵگەی دیجیتاڵی خۆڕاگرترە لە سەرانسەری عێراق.
فەرمان سادق كە وەك تیمی ڕاوێژكاری خۆبەخش لە سێكتەری پەیوەندییەكان و زانیاری لە یۆنسكۆ بەشداری لەم خولە كردووە، ئەو دەڵیت: هەڵسەنگاندنی نیشتمانی بۆ ناوەڕۆكی زیانبەخش، گوتاری ڕقاوی، تێكدانی زانیاری و مەترسییە دیجیتاڵییەكان لە عێراق، ناونیشانی یەكەم یۆنسكۆ بوو لەبارەی گوتاری ڕقەبەری لەناو سۆشیال میدیای عێراقی.
ڕاپۆرتەكە بەشێكە لە پڕۆژەی (سۆشیال میدیا لەپێناو ئاشتی لە عێراق SOCIAL MEDIA FOR PEACE وسائل التواصل الاجتماعی من اجل السلام) كە یەكێكە لە پڕۆژەكانی یۆنسكۆ لەعێراق بەپاڵپشتی دارایی یەكێتیی ئەوروپا.
پڕۆژەكە، خۆی لە ماڵپەڕێكی ئەلیكترۆنی و پلاتفۆرم لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبینێتەوە، كە تۆماركردنی پێشێلكارییەكان بەشێكە لەكارەكانی.
ئەم ڕاپۆرتە بەرهەمی كاری سێ مانگی یەكەمی تیمێكی بچكۆلانە بوو دوای وەرگرتنی خولی ڕاهێنان لە ماوەی نێوان 11 ئازار تاوەكو 15 حوزەیران 2026.
فەرمان سادق دەشڵێت: هەر هەمان ڕۆژ دەستپێكی خولێكی دیكەی ڕاهێنان بوو بۆ هەمان تیم و، ژمارەیەك چالاكوان و ڕێكخراوی دیكە كە كار لەسەر پرسی مافەكانی ژنان دەكەن بۆ ئەوەی هاوكار بن لە خستنەڕووی پێشێلكارییەكانی ناو سۆشیال میدیای عێراقی بەرانبەر بە ئافرەتان، هەروەها ژمارەیەك لەوانەی كاری چاودێری و رەسەد دەكەن لە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی، ئەوانیش بەشداربوون.
خولەكە، سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، تێیدا ئامرازەكانی تۆماركردنی پێشێلكارییەكان بەپشت بەستن بەپێوەرە نێوەدەڵەتییەكان بە وردەكارییەوە بەبەشداران وترایەوە، كە ئەمانە بوون (گوتاری ڕقاوی و هاندانی تائیفی، زانیاریی هەڵە، زانیاریی درۆ و هەڵبەستراو، هەراسانكردن و قسەی ناشرین بە ئەلیكترۆنی، ناوەڕۆكی توندوتیژی یان تیرۆریستی توندڕەو، سووكایەتیكردن و ناوزڕاندن، توندوتیژی جێندەری (TFGBV) و ناوەڕۆكی دروستكراو بەژیری دەستكرد.
بڕیارە پڕۆژەكە بەردەوام بێت تاوەكو كۆتایی ساڵی ٢٠٢٧، هەر ئەمساڵیش بە گوێرەی پلان بڕیاروایە لە هەرێمی كوردستان و باشووری عێراق خول و ڕاهێنان ئەنجام بدرێت.
ئامانج لە پڕۆژەكەدا؛ ڕاهێنانی ژمارەیەك زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنییە كە بتوانن لەسەر بنەمایەكی زانستی بەپێوەری نێودەوڵەتی تۆماری پێشێلكارییەكانی ناو سۆشیال میدیای عێراقی بكەن، بۆ ئەمەش یۆنسكۆ ماڵپەڕێكی ئامدەكردووە بەناوی (سۆشیال میدیا بۆ ئاشتی SOCIAL MEDIA 4PEACE) كە تێیدا ڕاهێنراوان پێشێلكارییەكانی تێدا تۆمار دەكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی فەرمان سادق ئاماژە بەوە دەدات بە پێی دوا داتاكانی DataReportal لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ژمارەی بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیا نزیكەی 106ملیۆن كەس دەبن.
نزیكەی (20.9ملیۆن بەكارهێنەری فەیسبووك)، هەروەها (40.1ملیۆن بەكارهێنەری تیكتۆك)، هاوکات (21.5ملیۆن بەكارهێنەری ئینستاگرام)، هەروەها (2.8ملیۆن بەكارهێنەری تۆڕی X) و (19.3ملیۆن بەكارهێنەری سناپچات) ئەمە جگە لەوەی بەشی زۆریان لە هەموو ئەم پلاتفۆرمانەدا لاپەڕەیان هەیە و ڕۆژانە بابەتی تێدا بڵاو دەكەنەوە.
بەگشتی ڕۆژانە تەنیا لە فەیسبووك 400-1.2 ملیۆن بابەت بڵاودەكرێتەوە، لە تیكتۆك 250-800 هەزار ڤیدیۆ، لە ئینستاگرام 300-900 هەزار، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس X ژمارەكە دەگاتە 30-150 هەزار بابەت.
بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەم هەموو پۆست و بابەت و ڤیدیۆیە بەشێوەیەكی ڕۆژانە، بێگومان بێبەش نییە لە گوتاری ڕقەبەری، هاندانی تائیفی، زانیاریی هەڵە، زانیاری درۆ و هەڵبەستراو، هەراسانكردن و قسەی ناشرین بە ئەلیكترۆنی، ناوەڕۆكی توندوتیژی یان تیرۆریستی توندڕەو، سووكایەتیكردن و ناوزڕاندن، توندوتیژیی جێندەری (TFGBV)، و ناوەڕۆكی دروستكراو بە ژیریی دەستكرد.
ئەمە لە كاتێكدایە داهاتووی نزیك ژیریی دەستكرد زۆر بەخێرایی وا لە گەشەدایە، بۆیە ئەگەری هەڵكشانی ژمارەكانیش هەیە، بۆیە ئەمڕۆ درەنگ نییە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی وەها كە تێبگەین دۆخمان لەناو سۆشیال میدیا چۆنە، هەروەها لەسەر بنەمای ئامار و داتاكانی ناو ڕاپۆرتەكان ڕاسپاردە بە لایەنە پەیوەندیدارەكان بدەین.
ئەم پڕۆژەیە حكومەتی عێراق هان دەدات كە كۆمەكی تیمی ڕاهێنراو بكەن بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆژەكە.