رۆژنامەی ھەولێر

کیسی خوێنی لەسەر هێلکەدان نەخۆشی نییە و زۆر جار خۆی لەناو دەچێت

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

کیسی خوێنی (Hemorrhagic cyst) یەکێکە لە جۆرە باوەکانی کیسی هێلکەدان کە بەهۆی پڕۆسەی سروشتیی هێلکەدانانەوە دروست دەبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، دکتۆرە کەژان کاوە تەها (دکتۆرا – بۆرد لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆکی) ڕایدەگەیەنێت کە ئەم جۆرە کیسە هێندەی حاڵەتێکی فیسیۆلۆژییە، وەک نەخۆشی سەیر ناکرێت و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مەترسیدار نییە.

نیشانەکانی کیسی خوێنی لەسەر هێلکەدان
د. کەژان کاوە ئاماژە بەوە دەکات کە قەبارەی ئەم کیسە گۆڕانکاری بەسەردا دێت؛ ڕەنگە بچووک بێت (کەمتر لە ٥ سانتیمەتر) یان گەورەتر بێت. زۆرجار ئەم حاڵەتە هیچ نیشانەیەکی دیاری نییە، بەڵام لە هەندێک خانماندا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە:
• ئازاری حەوز و سک (زۆربەی جار تەنها لەو لایەی کە کیسەکەی تێدایە).
• ئازار یان ناڕێکی لە سووڕی مانگانەدا.
• زیادبوونی بڕی خوێن لە کاتی سووڕی مانگانەدا.
• ئازار لە کاتی میزکردندا.
• دروستبوونی زەحمەتی لە پرۆسەی دووگیانبووندا.
ئاڵۆزییەکان؛ کەی پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکرێت؟
سەبارەت بە لێکەوتە و ئاڵۆزییەکانی ئەم کیسە، ئەو پزیشکی پسپۆڕە هۆشداری دەدات کە لەوانەیە کیسەکە بتەقێت یان ببێتە هۆی سووڕانی هێلکەدان.

د. کەژان کات و نیشانەکانی تەقینی کیسەکە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت:
“لە کاتی تەقینی کیسەکەدا، خوێن دەچێتە ناو بۆشایی سک و نەخۆشەکە هەست بە ئازارێکی لەناکاو و توند دەکات، کە زۆرجار هاوشانە لەگەڵ دڵتێکچوون، ڕشانەوە و سەرگێژخواردن. لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا، پێویستە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.”

ڕێگاکانی چارەسەرکردن
پڕۆسەی چارەسەرکردنی کیسی خوێنی لەسەر هێلکەدان بەپێی قەبارە و نیشانەکانی نەخۆشەکە دەگۆڕێت و بە گشتی بەسەر دوو ڕێگای سەرەکیدا دابەش دەبێت:
١. چاودێریکردن (بێ نەشتەرگەری): بۆ ئەو خانمانەی کە هیچ نیشانەیەکیان نییە و قەبارەی کیسەکەیان بچووکە، پێویست بە هیچ دەستوەردانێکی نەشتەرگەری ناکات. تەنها چاودێری دەکرێت، چونکە ئەگەری زۆرە دوای (٦ هەفتە) کیسەکە بە شێوەیەکی سروشتی و خۆبەخۆ بپووکێتەوە و نەمێنێت.
٢. نەشتەرگەری: ئەگەر خانمەکە بە دەست نیشانە توندەکانەوە بناڵێنێت، یان قەبارەی کیسەکە زۆر گەورە بێت و مەترسی تەقینی هەبێت، ئەوا لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە کیسەکە لادەبرێت.