رۆژنامەی ھەولێر

کارا کردنەوەی پەرلەمان گەڕانەوەیە بۆ سەر ڕێگای چارەکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نزیکەی دوو ساڵە پەکخراوە، گفتوگۆ و دەستپێشخەری زۆرە، بەڵام ھێشتا لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لەیەکتر نزیک نەبوونەتەوە، ئەمەش ھەرێمی کوردستانی خستۆتە دۆخێکی چەق بەستووەوە، تا ئێستاش دیار نییە کەی پەرلەمان کارا دەکرێتەوە، چاودێران، کارانەکردنەوەی پەرلەمان بە مەترسی دەزانن و داوا دەکەن ئەزموون لە خوولەکانی پێشوو وەربگرن.

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ کرا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کە لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیاندرا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم ٣٩ کورسی بەدەستھێنا. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پارتی چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن کردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی کورسی لایەنە براوەکان بکات، بەڵام زۆرترین کۆبوونەوە و نزیکبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، فەرموون لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی کورسییان زۆرە و چ ئەوانەی کورسی کەمتریان ھەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لەناو ھۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، ھەموولایەکمان پابەندی ئەو ڕێگاچارەسەرە بریارلێدراوەی پەرلەمانی کوردستان بین.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ڕایگەیاندووە مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیە، واتە ھەر لایەنێک لە نێو حکوومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتی کردنی حکوومەت بێت و ھەوڵی لاوازکردنی بدات، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەم مەرجەی پارتی لە ئەزموونی کابینەی نۆیەم و کابینەکانی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکوومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر ھاتەوە لایەنە بەشداربووەکان بێ گوێدانە ئەوەی لە حکوومەت بەشدارن وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.
لە ماوەی ڕابردوودا، ھاووڵاتییانی کوردستان بەردەوام داوای ئەوەیان کردووە کە دامەزراوە دەستوورییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و چالاک کار بکەن، چونکە ھەر دواکەوتنێک لە کاری پەرلەمان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەبێت. لەبەر ئەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرفەتێکی نوێی بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان ڕەخساندووە تا بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆ و ھاوکارییەوە چارەسەری بابەتە گرنگەکانی ھەرێم بدۆزنەوە.
لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی خولی شەشەم ڕۆژی ٢-١٢-٢٠٢٤ خولی شەشەم یەک کۆبوونەوەی بۆ سوێند خواردنی پەرلەمانتاران کردووە، بەشێک لە لایەنەکانیش لەو کاتەوە ئامادەنین پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
دڵشاد کازم، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پێویستە چی دیکە پەکخستنی پەرلەمان درێژە نەکێشێت، چونکە پەکخستنی پەرلەمان کاریگەری خراپی لەسەر پێگە و ناوبانگی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: ئەگەر پەرلەمان کارا کرایەوە، حکوومەتی ھەرێم لە ماوەیەکی زوودا پێکدێت و ھەموو ئەو کێشانەی کە ئێستا ھەن چارەسەر دەبن.
ھۆزان خوشید، چالاکوانی سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقییان دەخاتە ئەستۆ بۆ ھەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، کە جگە لە زیانگەیاندن بە ھەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکان، بۆ ھیچ لایەک سوودی تێدا نابینرێت.
ئەو چالاکوانە، ئاشکراشی کرد: پەرلەمان، دامەزراوەیەکی شەرعی ھەرێمی کوردستانە، پێویستە شەرعییەت بەو دامەزراوەیە بدرێتەوە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەرچی زووە بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە و لەناو ھۆڵی پەرلەمان ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بێنن و کێشەکانی خەڵک چارە بکەن، بۆیە با یەکەمجار پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەگەر لەسەر دەستەیەکی کاتیش نەگەنە ڕێککەوتن با کەسێک لە دەرەوەی لایەنەکانی دەسەڵات بکرێتە سەرۆکی پەرلەمان، ئەو کات حکوومەتیش پێک دێت، بەڵام ئەگەر ئێستا ھیچ ھەنگاوێک نەنرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە مانای وایە ئێمە ھیچ شتێکمان کارا نابێت.
د. نەبەز زیاد، مامۆستای زانکۆ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، بۆ تێپەڕاندنی ھەرێمی کوردستان لەو دۆخەی تێکەوتووە و پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەو مەترسیانە، لەو قۆناخە مەترسیدارە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ حیکمەتی بەیەکەوە کارکردن و دیالۆگی ھاوبەش.
دەربارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی نوێ، ئەو مامۆستایە، ڕوونیکردەوە، پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکوومەت پێکبھێنرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان بکات و ڕەنگدانەوەی ھەڵبژاردن بێت، بۆیە دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە و لیژنەکانی دروست بکرێن، ھەروەھا داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکەم ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ دروشمەکانی دیموکراسی و کاری پەرلەمانی بکەن و پشتیوان بن بۆ پاراستنی ڕەوایەتی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان.