فەزیلە شۆرش
تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکان و پێشداوەرییەکان لە هەموو کۆمەڵگە و کایە جیاوازەکاندا ڕوو دەدەن. بوونیشیان فشارێکی دەروونیی گەورە دەخاتە سەر تاک، بەتایبەتی سەر ئافرەت، کە دەرئەنجامەکەی کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت و زۆرجار دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کێشە. لە هەمان کاتدا، ئەمانە ڕەهەندی سنووردارکردنی ئازادیی تاکن؛ لە زۆر حاڵەتیشدا تاک ناچار دەکەن دەستبەرداری حەز و ئارەزووەکانی، بەڵکو خەونەکانی داهاتووشیی ببێت و لە ژیان بێئومێد بێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاستەنگێکی گەورەیە کە بەهۆیەوە گەشەی هزریی مرۆڤ سنووردار دەبێت و دەبێتە سانسۆرێک لەبەردەم هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خەونەکان.
ئەوەی جێگەی داخە، ڕۆڵی کۆمەڵگە دەبێتە ڕۆڵێکی چاودێر بۆ هەر هەنگاوێک کە تاک، بەتایبەتی ئافرەت، دەیبنێت؛ هێڵی سوور بۆ شێوازی بیرکردنەوە و دیتنی ڕۆڵی ئافرەت دادەنرێت. هەر بۆیە، بەم شێوەیە ڕۆڵی کۆمەڵگە لە دەرفەتبەخشین بۆ بەرەوپێشچوون (بەتایبەتی بۆ ئافرەت) دەبێتە ڕۆڵێکی کارەساتبار، کە لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئازادیی تاک دەردەچێت و بە تێڕوانینێکی تەسک سەیری ئافرەت وەک بوونەوەرێکی لاواز دەکرێت؛ لە زۆر حاڵەتیشدا ئافرەت ڕووبەڕووی توندوتیژی یان کوشتن دەبێتەوە.
بۆ ئەوەی تاک بتوانێت تا ڕادەیەک تێڕوانینە نەرێنییەکانی کۆمەڵگە بەرەو ئەرێنی بگۆڕێت و پێشداوەری سنووردار بکات (کە ئەمەش هەندێک جار سەختە و پرۆسەیەکی دەروونییە، چونکە هزرە چەقبەستووەکانی هەندێک تاک پێشوەختە لەسەر بنەمای پێشداوەری نەرێنییە)، گرنگە تاک متمانە و باوەڕبەخۆبوونی خۆی بەهێزتر بکات و لە خۆبەکەمزانین و نائومێدی دوور بکەوێتەوە، تا بتوانێت ڕووبەڕووی تێڕوانینە چەوتەکان بێتەوە. هەروەها پێویستە تاک لەسەر ئەو تێڕوانینانەی کە خۆی باوەڕی پێیانە بەردەوام بێت بۆ هەنگاونان بەرەو پێشچوون. لە هەمان کاتدا، دەبێت خۆی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەوروبەر دوور بخاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە هۆشیارییەوە و پاش بیرکردنەوەیەکی باش، بڕیارێکی دروست و چارەنووسساز بدات و شانازی بە خۆی و بڕیارەکانییەوە بکات.
بێگومان کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگە هەوڵ دەدەن تێڕوانینەکانیان بە گشتی ئەرێنی بێت و لە پێشداوەری دوور بکەونەوە، کۆمەڵگە بەرەو پێشکەوتن و دادپەروەری هەنگاو دەنێت؛ ئەو کاتە هەمووان یارمەتیدەر دەبن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و باوەڕبەخۆبوو، کە بەهای تاک تێیدا پارێزراو دەبێت.

