رۆژنامەی ھەولێر

بەرنامەی تواناسازیی ئافرەتان: هەنگاوێک بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر

د. خاتوونزین بەرزەنجی
تواناسازیی ئافرەتان بریتییە لە دۆزینەوە، گەشەپێدان و پەرەپێدانی ئەو توانایانەی لە ناخی هەر ئافرەتێکدا هەن؛ بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر لە ژیانی خۆی، بنەماڵەکەی و کۆمەڵگەکەیدا ڕۆڵی خۆی ببینێت.
بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، پێشکەوتوو و بەهێز، پێویستە هەموو تاکێک تواناکانی خۆی بەکار بهێنێت. ئافرەت وەک نیوەی کۆمەڵگە، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە گەشەپێداندا هەیە و بێ بەشداریی چالاکانەی ئەو، گەشە و پێشکەوتن تەواو نابێت؛ هەر بۆیە گرنگە هۆشیاری و ڕۆشنبیریی ئافرەتان بەردەوام بەرز بکرێتەوە و دەرفەتی گەشەکردنیان بۆ دابین بکرێت.
ئافرەت تەنیا وەک دایک، خوشک یان کچ ناناسرێت، بەڵکو وەک مرۆڤێکی خاوەن هێز، توانا و بیرکردنەوەی داهێنەرانە، دەتوانێت گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ژیانی خۆی و دەوروبەریدا دروست بکات. ئەگەر تواناکانی خۆی بناسێت و پەرەیان پێ بدات، دەبێتە سەرچاوەی پشتگیری بۆ منداڵەکانی، هاوسەرەکەی و تەواوی کۆمەڵگە.
لە سەردەمی ئێستادا، کە جیهان بە خێرایی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، دابینکردنی ژیانێکی ئارام و ئاسوودە تەنیا بە هەوڵی پیاوان نایەتە دی. چ لە بواری ئابووری و چ لە بواری دەروونی و کۆمەڵایەتی، هاوبەشیی ئافرەتان و بەکارهێنانی تواناکانیان پێویستییەکی سەرەکییە.
هەر لەبەر ئەم مەبەستە، خاتوو “شوعلە حەبیب”، بەرپرسی ناوەندی ئەورووپا، دەرفەتێکی باشی ڕەخساند بۆ بانگهێشتکردنی خاتوو “ناسک سەعید”، خوێندکاری دکتۆرا لە بەریتانیا، بۆ پێشکەشکردنی چوار وانەی تایبەت بە تواناسازیی ئافرەتان لە ڕێگەی (زووم)ـەوە. ئەم بەرنامەیە لە مانگی حوزەیران (شەش) دەستی پێ کرد و تا کۆتایی مانگی تەممووز (حەوت) بەردەوام بوو.
ئەم بەرنامەیە تەنیا کۆمەڵێک وانە نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەکی پڕبایەخ بوو بۆ ناساندنی تواناکانی تاکەکەس و چۆنیەتیی هاوتاکردنیان لەگەڵ پێویستییەکانی ژیان و کۆمەڵگە. لە ماوەی وانەکاندا، بە شێوەیەکی ورد باس لەو هەنگاوانە کرا کە ئافرەتی کورد دەتوانێت لە ژیانی خۆیدا جێبەجێیان بکات. گرنگییەکی زۆر بە ناسینەوەی خاڵە لاوازەکان و کارکردن لەسەریان درا، بۆ ئەوەی نەبنە بەربەست لەبەردەم سەرکەوتندا؛ هەروەها جەخت لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی خاڵە بەهێزەکان کرایەوە، لەگەڵ فێربوون لە ئەزموونەکانی ژیان.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەرنامەیە کارکردنی بە گرووپ بوو. بەشداربووان لە ژوورە بچووکەکانی زوومدا بابەتەکانیان تاوتوێ دەکرد، بیرۆکە و ئەزموونی خۆیان ئاڵوگۆڕ دەکرد و دواتر لە گرووپی گشتیدا ئەنجامی گفتوگۆکانیان پێشکەش دەکرد. ئەم شێوازە بووە هۆی ئەوەی هەمووان لە زانیاری و ئەزموونی یەکتر سوودمەند بن و فێربوون بە شێوەیەکی هاوبەش بەرەو پێش بچێت.
هەروەها، وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانە درایەوە؛ وەک ئەوەی چۆن دایکێک دەتوانێت لە هەمان کاتدا بە ئەرکەکانی ناوماڵ ڕابگات، کار و پیشەی خۆی بەردەوام بکات و لە کۆمەڵگەشدا ژنێکی سەرکەوتوو و کاریگەر بێت.
بەرنامەکە گرنگیی زۆری بە ڕۆڵ و توانای ئافرەت لە بوارە سیاسی، زانستی، هونەری و کۆمەڵایەتییەکان دا. ئامانج ئەوە بوو کە ئافرەت متمانەی زیاتری بە خۆی هەبێت، شانازی بە بوونی خۆیەوە بکات و بزانێت کە بێ بەشداریی ئافرەت، نە ژیان بەردەوام دەبێت و نە کۆمەڵگە دەتوانێت بەرەو پێش بچێت.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زۆرێک لە باوکان، برایان و هاوسەران لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەمیشە پشتگیریی ژنان و کچانیان کردووە و هۆکاری سەرکەوتنیان بوون. بەڵام هێشتا لە هەندێک شوێندا بیرکردنەوەی پیاوسالاری ماوە، کە بەهۆیەوە کچان لە هەندێک مافی بنەڕەتی وەک خوێندن و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیان بێبەش دەکرێن و زۆرجار پێش تەواوکردنی خوێندن، بە ناچاری هاوسەرگیرییان پێ دەکرێت. ئەگەرچی ئەم دیاردەیە بەراورد بە ڕابردوو زۆر کەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی بنبڕ نەکراوە و پێویستی بە هۆشیاری و کارکردنی زیاتر هەیە.
لەبەر ئەوە، ئەم بەرنامەی تواناسازییە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر بوو بۆ دروستکردنی نەوەیەک لە ئافرەتانی سەرکردە، خاوەن متمانە و توانا، کە بتوانن نەک تەنیا ژیانی خۆیان بەرەو سەرکەوتن بەرن، بەڵکو دەستگیری ژنان و گەنجانی دەوروبەریشیان بن و بە هاوکاریی یەکتر، کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووتر و دادپەروەرتر بنیات بنێن.