بــژار حــەکیم
پرۆسەی هەڵچنین (دروستکردن) ـی دەقی ئەدەبی، پرۆسەیەکی ئاڵۆزی دوولایەنەیە، کە لەنێوان دوو ئاراستەی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە، یەکەم بریتییە لە پرۆسەی هەڵچنران (دروستبوون) یان بنیادنان، کە تێیدا نووسەر لە ڕێگەی زمان، خەیاڵ و، ئەزموونە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە، جیهانێکی نوێ لەسەر کاغەزدا دروست دەکات. لەم قۆناغەدا، دەق وەک یەکەیەکی یەکگرتووی خاوەن مانا دەردەکەوێت، کە نووسەر هێزی ڕەها و سەرچاوەی یەکەم و کۆتایی ماناکانیەتی. لە رابردوودا تێڕوانینی باو بۆ ئەدەب ئەوە بوو، کە دەق ئاوێنەیەکە بۆ دەربڕینی ناخی نووسەر یان ڕەنگدانەوەی واقیع، ئەرکی خوێنەریش تەنیا دۆزینەوەی ئەو مانایە بوو، کە نووسەر مەبەستی بووە.
لەگەڵ دروستبوونی قوتابخانە نوێیەکانی رەخنە بە تایبەتی تیۆری “هەڵوەشاندنەوە” (Deconstruction) کە فەیلەسوفی فەرەنسایی ژاک دریدا داهێنەری بوو، ئەم هاوکێشەیە بەتەواوی سەرەوژێر بووەوە. هەڵوەشاندنەوە نەهات بۆ ئەوەی دەق وێران بکات یان بێبایەخی بکات، بەڵکوو بۆ ئەوەبوو بیسەلمێنێت، کە دەق هەرگیز ناگاتە قۆناغی کۆتایی جێگیربوون لە مانا.
پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە دەبێتە جۆرێک لە سەرلەنوێ خوێندنەوە و دۆزینەوەی ئەو دژایەتی و درزانەی، کە لە ناوخۆی بنیادی دەقەکەدا هەن.
لێرەدا چەمکی “مەبەسەتی نووسەر” گرنگیی خۆی لەدەست دەدات و تیۆری “مردنی نووسەر” دێتە کایەوە، کاتێک دەق لەدایک دەبێت و دەکەوێتە دەست خوێنەر، پەیوەندی ی نووسەر لە دەقدا نامێنێت و لێرەوە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە دەست پێ دەکات، ئیتر خوێنەر چیتر وەرگرێکی بێدەنگ نییە لەبەردەم دەقەکەدا، بەڵکوو دەبێتە هاوبەشێکی سەرەکی لە دروستکردنەوەی مانادا.
هەڵوەشاندنەوە واتە ڕزگارکردنی دەق لە کۆنتێکستی چەقبەستوو، کە دەیانەوێت تەنیا یەک ڕاڤەی بۆ بکەن، چونکە دوای هەڵوەشاندنەوە، دەق دەبێتە کایەیەکی کراوەی پڕ لە دەنگ و ڕوانگەی جیاواز و هەر خوێندنەوەیەکی نوێ، جۆرێکە لە هەڵوەشاندنەوەی بنیادە کۆنەکە و دروستکردنی بنیادێکی تازە. لە ئەنجامدا، دەق بوونەوەرێکی زیندووە، کە لەنێوان ئەم دوو ئاراستەو پرۆسەیەدا یاریی دەکات. دروستبوونی دەق هێزی رێکخستنی فۆرم و شێوە بە دەق دەبەخشێت، بەڵام هەڵوەشاندنەوە رووحی نوێبوونەوەیە، ناهێڵێت دەقەکە بمرێت یان ببێتە پەراوێزێکی مێژوویی بێدەنگ.
بەبێ دروستبوون، چەمکێک نییە بە ناوی دەق، هەروەها بەبێ هەڵوەشاندنەوەش، دەق تەنیا یەک ڕەهەند و یەک مانا لەخۆ دەگرێت، کە بە تێپەڕبوونی کات کۆن دەبێت. بۆیە گەورەیی ئەدەب لەوەدایە، هەمیشە لەنێوان بەخشینی مانا و تێکدانی مانادا، لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە و هەرگیز کۆتایی نایەت.
دەقی هەڵوەشاوە لە یەکەم دەرکەوتنیدا، وەک کایەیەکی کراوە خۆی نمایش دەکاتەوە. ئەم دەقە چیتر بانگەشەی ئەوە ناکات کە خاوەنی تەنیا یەک “ڕاستی” یان یەک “مانای کۆتایی”یە، بەڵکوو بەڕووی کۆمەڵێک ڕاڤە و خوێندنەوەی جیاوازدا دەکرێتەوە، کە ئەو سنوورە تووندانەی پێشتر لەنێوان سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی دەقدا هەبوون تێکدەشکێنێت.
شێوازێکی دیکەی خۆنمایشکردنەوەی ئەم دەقە، لە ڕێگەی دەرخستنی “دژایەتییە ناوخۆییەکان”ەوەیە. لە خوێندنەوەی باودا، دەق وەک پێکهاتەیەکی کەمبایەخ پیشان دەدرا، بەڵام لە دەقی هەڵوەشاوەدا، ئەو درز و ناکۆکییانەی، کە لەنێوان وشە و ڕستەکاندا هەن، دێنە سەر ڕووی دەقەکە. بۆ نموونە ئەگەر دەقەکە لە ڕووکەشدا باسی خۆشەویستی بکات، لە قووڵاییدا هێماکانی ڕق یان ترسی تێدا دەدۆزرێتەوە، دەقەکە خۆی وەک بنیادێک نیشان دەدات، کە لە دژی خۆی شایەتی دەدات و ئەو فرەدەنگییە دەخاتەڕوو، کە نووسەر نەیویستووە یان نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات.
دەقی هەڵوەشاوە لە ڕێگەی چەمکی (ئامادەنەبوون) یان (ئەوەی نەگوتراوە) خۆی بەیان دەکاتەوە. لەم جۆرە نمایشەدا، گرنگی تەنیا بەو وشانە نادرێت کە نووسراون، بەڵکوو بۆشایی نێوان دێڕەکان، بێدەنگییەکان و ئەو بابەتانەی کە پەراوێز خراون، دەبنە سەنتەری سەرنجدانی خوێنەر. دەقەکە بە خوێنەر دەڵێت، کە مانای ڕاستەقینە لەو شوێنەدا نییە کە تیشکی خراوەتەسەر، بەڵکوو لەو سێبەرانەدایە کە شاردراونەتەوە، بۆیە ئەم دەقە لە ڕێگەی چالاککردنی ڕۆڵی خوێنەرەوە خۆی نوێ دەکاتەوە.
دەقی هەڵوەشاوە چاوەڕێی وەرگری تەمبەڵ ناکات، بەڵکوو خۆی وەک ڕووبەرێکی بەرهەمهێنان نمایش دەکات کە تێیدا خوێنەر دەبێتە هاو نووسەر. لەم بارودۆخەدا، دەقەکە ناسنامەیەکی جێگیری نییە، هەر خوێنەرێک لە گۆشەیەکەوە بنیادێکی نوێی پێدەبەخشێت، بەمەش دەقەکە لە زیندانی یەک مانایی ڕزگاری دەبێت، لە هەمان کاتیشدا دەق لەناو پرۆسەیەکی بەردەوامیی فرە ماناییدا خۆی پێشکەش دەکاتەوە.

