رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی دارایی پێیان دەڵێت، راست ناکەن

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەنگۆی داواکردنی دواخستنی مووچەی مانگی شەش لەلایەن شاندی هەرێمەوە لە بەغدا رەتدەکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە مووچە لە کێشە تەکنیکییەکان جیا کراوەتەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە:،

ماوەی چەند رۆژێکە لە بەشێک لە میدیاکان و پەیج و سۆشیال میدیاوە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و دەربڕینی ناڕاست بۆ دوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکەن و هەندێکیان دەڵێن شاندەکە داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو هەڵمەتی درۆ و ریاکارییە رایدەگەیەنین.

هەرکەس و لایەن و میدیا و پەیجێک باسی ئەوەی کردبێت کە گوایە شاندی هەرێم داوای نەناردنی مووچەی کردبێت راست ناکات و درۆیەکە و شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەرکردووە لە هەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی و هتد…. بۆیە ئەو قسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نییە.

روونیدەکەینەوە ئەرکی دوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پەیوەست بووە بەچەند پرسێکەوە لەوانە:

1. کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا.

2. کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.

3. کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ.

هەرچی پەیوەستە بە بابەتی داهاتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا شاندی هەرێم لە گەڵ بەڕێز وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان کردووە و شاندەکە داوای کردووە بەپێی یاسای بوودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت، واتە لە (50%) داهاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکwومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای rاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

شایەنی باسە بەوپێیەی کە هەمیشە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بە شێوەیەکی ئاساییش راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەکەوێتە 10 رۆژی مانگی دواترەوە، کە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت، داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت، چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە رابگیرێت و دوابخرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان

04ـی تەمووزی 2026