نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی بەیاننامەی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گەلی ئەو وڵاتە کرد.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ شەممە 4ی تەممووزی 2026 لە (ئێکس) بڵاوکرایەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە وانەی هەمیشەیی ئەمریکا ئەوەیە کە “ئازادی پێویستی بە شتێکی زیاتر لە هێز هەیە”، ئەویش بریتییە لە بوونی دەستوور، دامەزراوەکان، هاوسەنگیی فیدراڵی و ڕەزامەندیی گەلێکی ئازاد.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن، لە پەیامەکەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان و عێراق چاوەڕوانی هاوبەشییەکی بەهێزترن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەمان ئەو بنەما چەسپاوانە بۆ داهاتووی عێراقیش زەروورن، بە جۆرێک کە دەبێت سەقامگیریی وڵات پشت بە پابەندییە دەستوورییەکان، سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی تەواوی ماف و پێگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ببەستێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا پێزانینی خۆی بۆ دۆستایەتی و ڕێبەرایەتیی ئەمریکا دەربڕی و سوپاسی بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
ئەم پەیامەی سەرۆکایەتیی هەرێم لە کاتێکدایە کە ئەمریکا یادی “چارەکە هەزارەی” سەربەخۆیی خۆی دەکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی واشنتن لە بوارە ئەمنی و سیاسییەکاندا.

