خالید کۆچەر
بەم ناونیشانە جوانە ( هەرا هەرا پڕە لە ئاوازی بێدەنگی ) لەتیف هەڵمەت ی شاعیر ئەم کتێبەشی چاپکرد، 192 ڵاپەرەیە بەچاپێکی جوانیش چاپکراوە، ساڵی 2024 چاپکراوە، ئەم شاعیرە بێگەردە هیچ پێناسەیەکی ناوێت دەربارەی بنووسرێت، هەر هەموومان لە نزیکەوە دەیناسین و ڕەنگە هەندێک لە ئێوە لەمن زیاتر خۆشتانبوێت، ساڵی 1947 لە شارۆچکەی کفری لەدایکبووە، هەر چەندە پیری و دەستە گۆچانەکەی تەواو هیلاکی کردووە، بەڵام لە شیعر نووسین نەکەتووە، پتر لەحەفتا کتێبی چاپکردووە، یەکەم کۆشیعری ( خوداو شارە بچکۆلەکەمان – 1970 ) دواتر ( ئامادەبوون بۆ لە دایکبوونێکیتر – 1973 ) ساڵی 1973 کۆشیعری : پرچی ئەو کچە ڕەشماڵی گەرمیان و کوێستانمە، چاپکردو لەماوەیەکی کەمدا کتێبەکەی لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان نەماو فرۆشرا بووە بووە دڵخوازی خوێنەران، بیرمە کۆڕی زانیاری کورد ساڵی 1978 کۆشیعری : گەردەلوولی سپی – چاپکرد، لەتیف هەڵمەت بووە کانی شیعرو ئەم کتێبەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد لەناو نێوەندی ئەدەبی و خوێنەران، قسەو باس و نووسینی لەسەر کرا، خۆشم لەماوەیەدا لە دیدارێکی ئەدەبی دەربارەی ئەم کۆشیعرەی قسەمان کرد و لە ژمارە 3 ی گۆڤاری ژوانی شیعر بڵاوبۆتەوە، چەند نەهێنییەکی دڕکاندووە دەربارەی کۆشیعری ( گەردەلوولی سپی ) لەتیف هەڵمەت شاعیرێکی عاشق و سەرسەختی شێتی خاک و نیشتمان، بە ئەوینی خاک و نیشتیمان گۆشکراوە، دەیانجار تووشیی سەر ئێشەو بانگرتن و نان برین بووە لە ژیانی وەزیفەکەی، شاعیرێکی یاخی و شاعیرێکی مەستی عاشق بۆ ئەوینی خاک و نیشتیمان، شاعیرێک لێوان لێو لە جوانی و بارانە شیعر، ئەو شاعیرەی شیعر بۆ ئەڤین دەنووسێت و بۆ ئەو کچەی لە تەمەنی گەنجییدا خۆشویستووە و هێشتا هەر لە یادی نەکردووە و بە گریانەوە باسیی ئەو خۆشەویستییەی کردووە، عەشق نەمرەو بە نەمری دەمینێتەوە، لەتیف هەڵمەت شاعیرێکی سۆفی لەناو تەریقەتی خودا ناسیدا لەبەردەم شکۆی جوانی شیعردا خودای خۆشدەوێت و خودای لەیاد نەکردووە، لەتیف هەڵمەت ئێستاش شارەزووری هەر خۆشدەوێت و پێماندەلێت :
نالی دەروا و ئەم گوزەرە بە جێدێلێ و حەبیبەی خۆی هەرگیز لەبیر ناچێتەوە / نالی دەروا و مانگە شەوی شارەزووری خۆی جێدێلێ / بەڵام دڵی برینێکە بۆ شارەزوور دەکوڵێتەوەو دەکوڵێتەوە . ئەو شیعرەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد لەسەردەمی خۆی، ئێستاش هەر بەو ئیلهام و بەهرەیە چاو دەبرێتە هێزی جوانی شیعر و هەر شیعری جوانی لێدەبیندرێت و دەخوێندرێتەوە، وەکوو باران دادەبارێت، لەتیف هەڵمەت منداڵانی بێبەش نەکردووە لەشیعرو چیرۆک دەیان کتێبی لەم بوارەدا چاپکردووە، ئەوەی سەرنجی من بەدوای ئەم نووسینە ڕادەکێشێ لەتیف هەڵمەت هێشتا دەستی لەشیعر بەرنەداوە و شیعریش دەستبەرداری لەتیف هەڵمەت نەبووە، ئەوەتا بە دەستی گۆچانەوە ڕێگای ژوانی شیعر دەبڕدرێت و بە چاوە کزەکەی ڕۆشنایی شیعری لێدەبیندرێت و دەست دەبات بۆ قەلەمەکەی جارناجارێک شیعرێکمان بۆ دەنووسێت، کۆشیعری : هەرا هەرا پڕە له ئاوازی بێدەنگی، کتێبێکی دیکەی ئەم شاعیرە نازدارەیە، شایانی خوێندنەوەیە، جوانبەخشیی لە هێزو زاکیرەی نووسیندا داهێنانە، چێژە بە رۆحی پیرۆزی شیعردا، لە شیعری : چیرۆکە نەنووسراوەکانی عاشقە سۆفییەکە، دەلێت :
کە دوو دڵدار لێکدی دەکرێن
دارو بەردو چەم و چیاو شوێن و ناشوێن
هاوار دەکەن و دەنالێنن
دەریایە نوێ دروست دەکەن
بە ئەشکی خوێن
بیست ساڵە ئەو کراسە لەبەر ئەکەم
کە یکدیمان پێوە ماچ دەکرد
ماچی ناودەم کون کون بووە و خەریکە دەپوێ
بەڵام هێشتا بۆنی ماچەکانمی لێدەڕژێ
دڵێک نەتوانێ کچێکی خۆشبوێت
بتەوێ و نەتەوێ هەرگیز هەرگیز
عەشقی خودای تیا نا پشکوێ
لەشیعری هەتاوی عاشق
تێنووم نابێ و هەر ئارەزووی ئاو خواردنەوەم نەماوە
لەوساوە شووشە عەتری ماچەکانت
لەناو دەممدا شکاوە
وێنە جوانەکانی ئەوین لە یادەوەری مێژووی هەر شاعیرێکدا دەبنە جوانترین یادگار بۆ نووسینی چەند شیعرێک، شاعیر ئەو مرۆڤەگ مەزنەیە وەکوو مرۆڤێکی ئاسایی دەژی، بەڵام هەست و بیرکردنەوە خۆی جودا دەکاتەوە لە مرۆڤەکانیتر، لە ژیانی هەر مرۆڤێکدا یادەوەری جوان جێماوە، بەڵام لە زاکیرەی نووسینەوەی هەر چیرۆکێکدا نەبۆتە ئیلهامبەخشی نووسین، چوونکە ئەو بە زمانی چیرۆکنووسەکە نەبۆتە لە دایکبوونی چیرۆکێک لێوانلێو جوانی ڕابردووی ئەوینەکە بنووسێتەوە، یا وەک ئەو شاعیرەی بەگریانەوە باس لە شێتی ئەوینەکەی دەکات، لەتیف هەڵمەت ڕابردووی یادگارەکانی بە چەند دێرێک وێنە دەکات، لەنێوان پشکۆی جوانی شیعردا دەردەکەوێت .
لە شیعری : کۆڵارەکەی جارانم
هەر سەیری ئاسمان دەکەن چاوەکانم
هەمیشە چاوەروانم ئێوارانێک
چاوەروانم چاوەروان چاوەروان
بگەرێنەوە بۆ سەر دیواری سەربانەکەمان
کۆڵارەکەی جارانم
لە شیعری : گریانی دڕەخت و ئاسمان
کە بەناوی خوداوە کچێک
بەردە باران دەکەن، لە هەر شارو گوندێک
گەر گوێ بگرین
دارو گوڵ و دۆل و خودا دەگرین ..
لە شیعری : سکێچی یەکەمی چامەی بەردە سیلەی هەلەت و پەڵەتە ئیرۆتیکییەکانی شاعێرێکی سۆفی
ئەوەتا من لەکەناری دیجلەی خوێندا
هاورێی شێخ مارفی کەرخیم و
لە خودا دەپارێمەوە لە گوناهی
بەد مەست و عاشقەکان ببورێ و
تاجی نووریان لەسەر بکات

