لە درێژەی پرۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەم، لە ڕێوڕەسمێکدا بە شێوازی تیروپشک نزیکەی 1700 پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی گوێڕ و سفەییە دابەشکرا.
ڕێوڕەسمەکە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکە بەڕێوەچوو. لەو چوارچێوەیەدا، 1062 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی گوێڕ و 178 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی سفەییە دیاریکران، لەگەڵ دابەشکردنی بەشە زەویی قەرەبووی خاوەن مافەکان، کۆی گشتیی زەوییە تیروپشککراوەکان گەیشتە نزیکەی 1700 پارچە زەوی.
پارێزگاری هەولێر لە گوتارێکدا خۆشحاڵیی خۆی بە بەڕێوەچوونی ئەم قۆناغە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە لەو ناوچانە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە وێڕای گەیشتنی فەرمانبەران بە مافی خۆیان، هاوکات زەوییەکان دەکەونە سنووری ناوچە جێناکۆکەکانەوە. ناوبراو بە ناوی پارێزگا و فەرمانبەرانەوە سوپاسی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بڕیاری پێدانی زەوی و دەستخۆشیشی لە تیمەکانی شارەوانی کرد کە شەونخوونییان کێشاوە لە جێبەجێکردنی مامەڵەکاندا.
ئومێد خۆشناو تیشکی خستە سەر ئاماری گشتیی پڕۆسەکە لە سنوورەکە و ئاشکرای کرد کە پێشتر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر 36 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرابوو، بە دابەشکردنی زەوییەکانی ئەمڕۆش کۆی گشتی دەگاتە نزیکەی 38 هەزار پارچە زەوی، بەوەش زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە سنووری پارێزگای هەولێر سوودمەند بوون.
شایەنی باسە پرۆسەی بەخشینی زەوی بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27ـی ئاداری 2024 بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا هەر فەرمانبەر، مامۆستا، پێشمەرگە و کارمەندێکی هێزەکانی ناوخۆ کە لانیکەم 8 ساڵ خزمەتی هەبێت، هاوشانی ئەو خانەنشینانەی لە ماوەی خزمەتدا سوودمەند نەبوون، زەوییەکی 200 مەترییان بەپێی ڕێنماییەکان پێ دەبەخشرێت

