فەرهاد قادر ئۆمەر
ئێوارە، کاتێ تیشکی زێڕینی خۆر بە هێمنی لەسەر شانی شەپۆلەکانی زێی بچووك خۆی لادەدا و ملوانکەیەکی درەوشاوەی بە گەردنی ئاوەکەدا دەکرد، لە «کەڵەکی یاسینئاغا» چرکەساتێکی ئەفسوناوی لەدایکبوو. لە ژێر عەبای ئاسمانی شەفەقی زێڕین و زەردەسوورباودا، ماڵی کاك ریسان ڕۆستم علی عارەب ببووە چاوگەیەک لە عەتر و حەساری نەبڕاوەی پەیڤ، ڕەشماڵی پێشوازی بۆ تەمەنی دووساڵەی سۆز و خەمخۆریی “سەدای کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری سیان” هەڵدابوو. وەک چۆن پێشینان فەرموویانە: (مەجلیسی پیاوان، کانی مروارییە)، ئەو ئێوارەیەش هەر پەیڤ و دێرێك، دوڕێکی گەش بوو لە حەساری ئەو دیوەخانە کلتوورییەدا کە وابەستەی ڕەسەنایەتی بوو.
شنەبای فێنکی سەر زێ وەك لایلایەیەکی مێژوویی بە گوێی دەشتایەکەدا دەیچرپاند، و نان و کەرەمی سەر خوانەکە، تامی پیرۆزیی ئەو نان و خوێیەی دەدا کە کۆڵەکەی کوردەواریی ڕاگرتووە. لەوێدا، لە کەنار ئەو ئاوە سازگارەدا کە شاهیدی سەدان نەوەی ئەم خاکەیە، چەمکی میوانداری، لەگەڵ هەموو ڕێوڕەسمە جوانەکانی، لەو ماڵەدا تەنها نان ونمەك نەبوو؛ بەڵکو ڕێز و خۆشەویستیش بوو. وەک پێشینان دەڵێن: نان کەرەمە، ئەسڵ پیاوەتییە.. شەو هێواش هێواش باڵی بەسەر کەنارەکەدا دەکێشا، لەگەڵ ئاوێتە بوونی یادی دوو ساڵەیدا، سەدای سیان چاوەڕوانی تریفەیەکی تری دەکرد، تریفەیەك لە جەوهەری پەیڤی باڵا. لەو کاتەدا، مامۆستا عومەر حاجی عەلی سیان شاعیری حەیرانە شیعر بە فڕینی خەیاڵ و قامەتی ئەدەبی خۆیەوە هاتە کایەوە. ئەو هەر حەیرانی نەگوت، ئەو حەیرانەشیعری وەک تابلۆیەکی خەیاڵی کێشا، بەجۆرێك فۆرمی حەیرانی لە قاڵبە سادە و تەقڵیدییەکەی دەرھێنا و بردیە ناو دنیایەکی ئەدەبی کوردی، زمانێکی شاعیرانەی پڕ لە وێنەی زیندوو کە تێیدا فۆلکلۆر و ئەدەبی نوێ بوونە یەک ڕۆح. کاتێ دەنگی وەک تیشکی مانگەشەو بەسەر شەپۆلە کێوییەکانی زێی بچووکدا دەباری، بە کوڵ و بە قووڵیی شاعیرانەوە دەیگوت:
“دەمگوت فۆلکلۆر و دابونەریت، هۆگرت بووم هێندەم مەگرە
ژیان و سەرگوزەشتەی لادێ، هێندە ساکار و بەسەبرە
دە تۆش وەرە ئازیزی من، ئەو دەستەبارەم لەگەڵ بگرە
بەردی بنچینەی کۆمەڵە و دەتبا بەرەو خەونی گەورە
حەیرانی قد و باڵا و زوڵف و پەرچەمی کاڵم
ساڵەهای ساڵە بەو دەرد و داخەوە دەناڵم
وەرە توخوا تۆش حەیران بە، بناڵە لەگەڵ من ساتێ
دەنگی حەیرانی مەدریسی و سەرچیاییم بداتێ
ئەو حەکیمە، ئەو لوقمانە، دەرمانی دەردان دەزانێ
هەتا لە حەیران نەگەیت، لە ژینما پەشیمانێ”
ئەمە هەر هاژەی دەنگ نەبوو، لەدایکبوونەوەی مێژووی سووتانی دەشتەکانی ئێمە بوو لەناو دێڕی شیعردا. حەیرانەشیعرەکانی ئەو، فڕینی مەعریفە و سۆز بوو بەسەر ئاوی زێدا، کە دڵەکانی پێ ئاو دەدا و دەبووە بەیانی عەشق و خاك.. لەلایەکی ترەوە، کاك ریسان ڕۆستەم قەپرانی کەندێناوە خۆی ببووە ئاوازخوێنی ئەو شەوە کەلتورییە. کاتێ بە دەنگە مخمەری و پڕ لە چێژەکەی، گۆرانییە ڕەسەن و مەقامە کۆنەکانی دەچڕی، وەک ئەوە بوو پەردە لەسەر جادوی مۆسیقای دێرینی کوردەواری لابدات. دەنگی ئەو، بۆنی پاوانی داوێنی چیاکان، گەنمڕەنگیی دەشتی کەندێناوە و حەسرەتی شوانکارەکانی لێدەهات.
ئەو مەقاماتە بیرخەرەوەی ئەو ڕاستییە ئەبەدییە بوون کە: “دار بە ڕەگی خۆیەوە بەندە، مرۆڤیش بە ئەسڵی خۆیەوە”. تێکەڵبوونی چریکەی حەیرانەشیعری مامۆستا عومەر لەگەڵ گۆرانییە ڕەسەنەکانی کاك ریسان و هاژەی شەپۆلەکانی زێی بچووك، سەمفۆنیایەکی سرووشتی وایان خولقاندبوو کە ئامادبووانی لە زەمەنی ماددی دادەبڕی و دەیبردنەوە ناو باوەشی پاکی و بێگەردی مێژووی خۆمان. ئەو ئێوارەخوانە وەسفی ناکرێت هەروەك نمەك ونانێك، بەڵکو لاپەڕەیەکی زێڕین و شاعیرانە بوو کە تێیدا کەلتوور، کۆمەڵایەتیبوون و ئەدەب لەسەر یادی دووساڵەی “سەدای کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی سیان” بوونە یەك هاوکێشە. ماڵی کاك ریسان لە کەڵەکی یاسینئاغا جارێکی تر بزووتنەوەی فۆلکلۆری هێنایەوە کایەوە و سەلماندیەوە کە تا دیوەخانەکانمان ئاوەدانی حەیرانەشیعری مامۆستا عومەرەکان و گۆرانی کانیئاسای کاک ریسانەکان بن، تا مەکۆیەکی وەك سەدای سیان هەبێت بۆ کۆکردنەوەیان، ئەوا کەلتوری ئێمە وەك زێی بچووكە و، هەرگیز وشك ناکات و بە زوڵاڵی دەڕژێتە ناو تەمەنی نەوەکانی داهاتووەوە.

