ڕائیب جادر – هەولێر
پاش ھاتنە کایەی پرۆسەی ئاشتی و زیاتر لە ٣٠ ساڵ دوورکەوتنەوە لە گوندەکانیان، حکوومەتی ھەرێم ئومێدی بۆ ھاووڵاتییان گەڕاندەوە و ڕێگەی چەندین گوندی سنووری کرایەوە و گوندنشینان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاشتی و سەقامگیرییەوە ھەیە. بەھۆی گرژی و ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ئەوەی دانیشتووانی گوندەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ناوچە چۆڵکراوەکان بووژانەوە بەخۆیەوە ببینن، بەو ھۆیەوە بە دەیان گوندی سەر سنوور ئاوەدانی بۆ گەڕاوەتەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان حزبێکی کوردی چەپە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە باکوری کوردستان دامەزراوە و دواتر لە چیای قەندیل ماونەتەوە، زیاتر لە چل ساڵە لەگەڵ تورکیا شەڕ و ناکۆکییان ھەیە، ڕۆژی دوو شەممە ١٢-٥-٢٠٢٥، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی ١٢ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان ٥ بۆ ٧ـی ھەمان مانگ لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوەچوو، بە شێوەیەکی فەرمی ھەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانانی ڕاگەیاند و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکیا ھێنا.
گوندەکان بنکەی سەرەکیی بەروبوومی خۆراک و ئاژەڵدارین، ئاوەدانکردنەوەیان دەبێتە ھۆی دابینکردنی ھەلی کار و بەھێزکردنی ئابووریی ناوچەکە. لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەڵێن، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت، گوندەکان ئاوەدان دەبنەوە، دەستی ئاوەدانی دەگاتە ھەموو ئەو ناوچانەی کە پێشتر لەبەر پەکەکە چۆڵکراون، جگە لەوەی ئەو قەرەباڵغییەی کە لە شارەکان ھەیە کەم دەبێتەوە، ئەوەش وا دەکات دەرفەتی کار زیاتر ببێت، لەگەڵ ئەوەش ئەوەی پێویست بێت حکوومەتی ھەرێم بۆیان دابین دەکات.
سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا گەڕانەوەی ھاووڵاتییان سنووردارە، بەڵام خەڵک ئەو بڕیارە بە سەرەتایەکی ڕاستەقینە بۆ جێگیر بوونی ئاسایشی ناوچەکە دەبینن، ھیوادارن خزمەتگوزاری سەرەکی و ژێرخان دابین بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە ھەموو کەسێک بدرێت لە گوندەکانی خۆیان بمێنەوە.
خەڵکی ئەو گوندانە داوای قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان دەکەن، کە لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا زیانی گیانی و ماددی زۆریان بەرکەوتووە، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەکەن کە چەندین ساڵە گوند و ئاواییەکانی خۆیان نەبینیوە، ئێستاش کە گەڕاینەتەوە وەکو دەبینین لەبەر شەڕ گوندەکانمان وەکو خۆیان نەماون، بۆیە داوا دەکەین ئەوەی پێویست بێت بکرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ژیان بۆ گوندەکانمان بگەڕێتەوە.

