رۆژنامەی ھەولێر

هاوچەرخبوونی یاسا، پێویستییەکی بەردەوام

زەینەب ئیبراهیم

پێویستە دەست لەسەر ئەو خاڵە هەستیارانە دابنرێت کە یاساکان پێویستە بەرەو هاوچەرخبوون بڕۆن، بابەتێکی گرنگ و جێگای سەرنجە کە لێکەوت و کاریگەریی هەیە لەسەر چەسپاندنی دادپەروەری، چونکە ئامرازن بۆ ڕێکخستنی تاک و کۆمەڵگا لە ڕێگەی دەق و بنەمایاساییەکان کە لە کاتی هاتنەدیی ئەو بارە خۆمان لەبەرامبەر دەوڵەتێکی یاسایی دەبینینەوە. ئێستا لە بەرامبەر پەرەسەندووترین شێوەی ژیری دەستکردداین، ئەوەش ڕێکخستن و مامەڵەکردنی تایبەت بە خۆی دەوێت، بۆیە پێویستە یاساکان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە هاوئاهەنگ بن.
گشت یاساکان بە تایبەت ئەو یاسایانەی سروشتێکی نەرمیان هەیە، ئەوا پێویستیان بە پێداچوونەوەی بەردەوام هەیە لە لایەن دەسەڵاتی تایبەتمەند چونکە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەکنەلۆژی و ڕامیاری لە گۆڕاندایە ئەگەر یاساکان لە دوای ئەو گۆڕانکاریە و پێشەکەوتنە نەبن لەم لایەنانە ئەوا ناتوانن ئامانجی سەرەکی خۆیان بپێکن کە هێنانەدیی دادپەروەری و ئاسایشی کۆمەڵگایە.
پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد لە بواری پرسە یاساییەکان بریتییە لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە گرێبەستەکان، کارە بانکییەکان، فرۆشتن و خزمەت گوزاریە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. کە ئەوەش زۆر پرسیاری یاسایی و نوێی دروست کردووە لە بارەی بەرپرسیارییەتی یاسایی، پاراستنی زانیاری و ماف و پابەندییەکانی تاکەکان، ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان لە ژێر ڕۆشنایی چوارچێوەیەکی یاسایی نوێگەردا. ئەو ئەزموونە نوێیە بەدی دەکرێت لە زۆرێک لە وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە وەشانێکی نوێی سیستەمی یاسایی پەیڕەو دەکەن بۆ ڕێکخستنی مامەڵە ئەلیکترۆنیەکان و پاراستنی زانیارییە کەسییەکان و چەندین پرسیتر ئەوەش ئەوە دەردەخات کە هاوچەرخبوونی یاساکان پێویستییەکی بەردەوامە. کاتێک کێشە و تاوانەکانی ئەمڕۆ نوێن چاکسازییەکان و ڕێکارەکانی دوێنی بەس نین، یاسا هەم دەبێت بنەمای پابەندی و جێگیریی هەبێت هەم بنەمای گونجاندن. لە میانەی دیراسەکردن و چاودێریکردنی دادگاکان لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکان ئەوە بەدی دەکرێت یاساکانی عێراقی جۆرێک لەم گرفتەیان هەیە کە لە کاتی جێبەجێکردنیان دەردەکەون. هەر لە یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩)، لە هەندێک لە سزا و تاوانەکان کە لە سەردەمی هاوچەرخ هەن وەکو تاوانە ئەلیکترۆنیەکان، هەرچەندە یاسای تایبەت هەیە کە حوکمەکانی ئەو پرسانەی ڕێکخستووە، بەڵام وا پێویستە هەموارکردن لە ڕیشەی یاسای تاوانکاری بکرێت کە یاسای سزاکانە. لە یاساکانی تریش وەکو یاسای بازرگانی و شارستانی ئەو کەموکووڕیە یاساییە دەبێتە بابەتی گفتوگۆ. کە یاساکە بە سیفەتە هەمیشەییەکەی خۆی پێویستی بە خێرایی هەیە کە باس لە داینەمۆ و بزوێنەری سەرەکی ئابووری وڵات دەکەین، یاسایەکی کۆن یان چەقبەستوو لەوانەیە ببێتە بەربەست لە بەردەم گەشەی بازرگانی لە کاتێکدا سیستەمێکی یاسایی هاوچەرخ دەتوانێت وەبەرهێنانی دەرەکی ڕابکێشێت و مافی لایەنەکانیش بپارێزێت و هاوشانی ئەو خێراییە بێت لە بابەتەکانی بازرگانی دەرەکی و مۆر و واژۆی ئەلیکترۆنی، کە زۆر جار هەڵسووڕێنەرانی ئەو کارانە دووچاری بەرپرسیارییەتی و ناکۆکی یاسایی دەبنەوە لە ئەنجامی کەموکوڕی یاساکە بە تایبەت کەمامەڵەیەک لەگەڵ لایەنێکی نێودەوڵەتی دەکرێت. ئەو پرسە زۆر جار دەبێتە بابەتی توێژینەوە زانستییەکان لەلایەن توێژەرانەوە بە دەرخستنی خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکان، سەرنجەکان و پێشنیارەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێن و کەلەبەرە یاساییانەی کە دروست ببوون و، گەیاندنی ئەو پەیامە بە دەسەڵاتی یاسادانانی وڵات. لە کۆتاییدا نوێکردنەوەی یاساکان تەنها لە پرسێکی یاسایی ناوەستێت بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریە؛ هۆکارێکی گرنگی سەقامگیری مامەڵەکانە و، یاسا دادپەروەرتر دەبێت کە زمانی سەردەمی خۆی بزانێت، بێگوومان پلەیەکی گرنگیشی دەبێت لە دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە نێوان یاساکان و ژیانی سەردەمیانەی خەڵکدا.