فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی پڕۆسەی دەستگیركردنی گەندەڵكاران لە عێراق بڵاو كردەوە و تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دووپات كردەوە.
فراكسیۆنی پارتی لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە: هیوادارین ئەم پڕۆسەیە تەنها لە بەغدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو سەرجەم پارێزگا و شارەکانی دیکەی عێراقیش بگرێتەوە.
فراكسیۆنی پارتی هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک لە پڕۆسەكەدا نیشانداوە.
ئەمەی خوارەوەی دەقی راگەیەنراوەكەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق:-
پشتیوانی و پێشوازی خۆمان بۆ ئەو هەنگاوە یاساییانە ڕادەگەیەنین کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بە هاوکاری و پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری ودامەزراوە حکوومییەکان، بە ئاراستەی ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی کەسانی تێوەگلاو نراون، هیوادارین ئەم پڕۆسەیە تەنها لە بەغدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو سەرجەم پارێزگا و شارەکانی دیکەی عێراق بگرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری دەکەینەوە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.
لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمانەوە، ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک نیشان دەدەین، چ لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدراڵی و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارێزگاکان، لە پێناو پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا، چونکە هاووڵاتییان شایستەی پاکسازیی کارگێڕی و گێڕانەوەی مافە بەفیڕۆدراوەکانیانن، لەسەر ئەم بنەمایەش جەخت لەسەر پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ هەر گەندەڵکارێک بەبێ جیاوازی دەکەینەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
28ی حوزەیرانی 2026

