وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
لۆرێنس ڕایت (Lawrence Wright)، ئەو ڕۆژنامەنووسەی لەبەر نوێترین کتێبەکەی واتە (ڕۆیشتن بە ڕوونی – Going Clear) بووە براوەی خەڵاتی پوڵیتزەر. لەم گفتوگۆیەیدا باس لە دوایین هەڕەشەکانی سەری، چیرۆکی سەیر و سەمەرەی چۆنیەتی دامەزراندنی لە گۆڤاری نیۆیۆرکەر و ئەو مێزی نووسینە تایبەتە دەکات کە خۆی دروستی کردووە.
ـ لە کوێ دەژیت و بۆچی؟
لۆرێنس ڕایت: لە (ئۆستن – Austin)ی ویلایەتی تەکساسدا دەژیم. لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ کارکردن هاتم و بڕیار بوو شەش مانگ بمێنمەوە، کەچی هەرگیز ئەوێم جێ نەهێشت. ئۆستن جۆرە کێشکردنێکی هەیە کە هاتیتە ناوی زەحمەتە لێی ڕزگار ببی. کۆمەڵگەیەکی هونەریی هاوکار و دۆستانەی هەیە. پێم وایە هەر بۆیە لێرەش ماومەتەوە.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
لۆرێنس ڕایت: زوو لە خەو هەڵدەستم. حەزم لەو بێدەنگیەیە کە ماڵەکە ئەو کاتە تێیکەوتووە. قاوەکەم ئامادە دەکەم و ڕۆژنامە دەخوێنمەوە. حەزم لێ نییە بەیانیان وەرزش بکەم. دەمەوێت بە هێمنترین شێوە بچمە ناو ڕۆژی کارکردنمەوە. دوای نانی بەیانی ئەو ئیمەیلانە دەخوێنمەوە کە بۆم نێردراون. کاتی بەرهەمدارم پاشنیوەڕۆیە، بۆیە زۆرجار بەیانیان لێکۆڵینەوە دەکەم و تێبینییەکان دەنووسمەوە، بۆ ئەوەی پاشنیوەڕۆ وزەیەکی تەواوم هەبێت بۆ دەستپێکردن.
ـ کاری سەرەکیت ڕۆژنامەنووسییە. ساڵانە چەند وتاری جدی و لێکۆڵینەوەیی گەورە دەنووسیت؟
لۆرێنس ڕایت: زۆر قورسە مەزەندە بکرێت، چونکە من شتی جۆراوجۆر دەنووسم: کتێب، فیلم، شانۆگەری و وتار. بەگشتی ڕەنگە ساڵانە چەند وتارێک بنووسم، یان یەک دانەی زۆر درێژ، وەک وتارەکەی ساینتۆلۆژی کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە (نیۆیۆرکەر – The New Yorker) بڵاو کرایەوە کە بووە بناغەی کتێبی (Going Clear)، و ساڵێکی تەواوی خایاند تا تەواو بوو. هەموو وتارەکانم هێندەی ئەو دانەیە ئاڵۆز و پڕ وردەکاری نین.
ـ ئایا گۆڤاری نیۆیۆرکەر نەرمونیانە بەرامبەر نووسینەکانت؟ دەزانم هەندێک گۆڤار نووسەرەکانیان پابەند دەکەن ساڵانە بۆ نموونە شەش وتار بنووسن.
لۆرێنس ڕایت: ئەگەر بەپێی گرێبەستی نیۆیۆرکەر بێت، ڕاستە و گرێبەستەکە ژمارەی ئەو وشانە دیاری دەکات کە دەبێت ساڵانە لە گۆڤارەکەدا بڵاوی بکەیتەوە. من وەک زۆربەی نووسەران بەپێی ژمارەی وشە پارەم پێ دەدرێت. یەکێک لە هۆکارەکان کە وتاری ساینتۆلۆژی ٢٥هەزار وشە بوو، هەر ئەوە بوو! سەبارەت بە کات، ئەوان گرنگی بەوە نادەن چەند کاتت پێ دەچێت، چونکە پارە بۆ کات نادەن. ئەوان گرنگی بەو وشانە دەدەن کە دەنووسرێن و لە ناو گۆڤارەکە بڵاو دەکرێنەوە، جا لە یەک وتاردا بێت یان لە شەش دانە.
ـ چۆن بوویتە نووسەری هەمیشەیی نیۆیۆرکەر؟
لۆرێنس ڕایت: یەکەم هەوڵم بۆ گۆڤارەکە ساڵی ١٩٧١ بوو کاتێک دوای دوو ساڵ ژیان لە میسر گەڕامەوە. بڕیارم دا ببمە نووسەری نیۆیۆرکەر. بۆیە وتارێکم بە ناوی (نامەیەک لە قاهیرەوە – Letter From Cairo) نووسی کاتێک لە کوخێکدا لە ڕۆژهەڵاتی تەکساس دەژیام. لەو سندووقی پۆستانە هەبوو کە ئاڵایەکی سووری پێوەیە. چوومە دەرەوە و وتارەکەم خستە ناو سندووقەکە و ئاڵاکەم بۆ پۆستەچییەکە بەرز کردەوە. سوێند دەخۆم، بۆ بەیانییەکەی ڕەت کرایەوە. بە جۆرێک لە جۆرەکان نامەکە لە کوخەکەی منەوە لە تەکساس چوو بۆ لای (ویلیام شاون – William Shawn)ی سەرنووسەری ئەوکات و هەمان شەو بە ڕەتکراوی گەڕایەوە. تێگەیشتم ڕەنگە پلانەکەم زیاتر لەوەی پێشبینیم دەکرد بخایەنێت. ئیتر دەستم کرد بە نووسین بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی تر و وردەوردە سەر کەوتم، بەڵام زۆرێکیان داخران. پیشەیەکی پڕ ململانێ بوو.
ـ باسی پڕۆسەی نووسینی وتارێکی درێژمان بۆ بکە لە نیویۆرکەر. هەنگاوەکانت چین؟
لۆرێنس ڕایت: ئەوە پەیوەندیی بە گفتوگۆی نێوان خۆت و سەرنووسەرەکەتەوە هەیە. زۆربەی وتارەکان من پێشنیاریان دەکەم، بەڵام هەندێک جار ئەوانیش پێم دەڵێن، و منیش هەمیشە پەرۆشم بۆ بیرۆکەی باشی سەرنووسەرەکان. من پێگەیەکی (Niche) تایبەتم هەیە لە گۆڤارەکەدا کە قورسە لێی بێمە دەرەوە. ڕێگەم پێ نادرێت شتی کورت یان پێداچوونەوەی کتێب بنووسم. (دەیڤید ڕێمنیک – David Remnick) دەیەوێت من چیرۆکە گەورەکان بنووسم، کە خۆشم حەزم لێیە، بەڵام هەندێک جار دەمەوێت شتی بچووکتر بکەم. ئەو جۆرە چیرۆکانەی من حەزم لێیە و ڕازیم دەکەن، ئەوانەن کە جیهانێکیان تێدایە بۆ نووسین، جیهانێک کە زۆربەی خوێنەران نایزانن و کارەکتەرێک کە دەتوانێت بتباتە ناو ئەو جیهانە. ئەو کارەکتەرەیە کە من پێی دەڵێم (گوێدرێژەکە – The Donkey). گوێدرێژەکە دەتوانێت قورساییەکی زۆر هەڵبگرێت. هەموو ئەو زانیارییانەی دەتەوێت بیدەیت بە خوێنەر، گوێدرێژەکە دەتوانێت هەڵیبگرێت ئەگەر خوێنەر بایەخ بەو کارەکتەرە بدات. ئەمە وادەکات خوێنەر ئامادە بێت بۆ خواردنی ئەو شتانەی کە تۆ دەتەوێت دەرخواردی بدەیت.
ـ تۆ پیشەیەکی سەیرت گرتووەتە بەر ئەویش چوونە ناو ڕێکخراوە ترسناکەکانە هەر لە قاعیدەوە بگرە تا ساینتۆلۆژی. لە کاتی لێکۆڵینەوەکانتدا، هەرگیز لە گیانی خۆت نەترساویت؟
لۆرێنس ڕایت: نا، هەوڵ دەدەم خۆم ڕابێنم کە بیر لەو شتانە نەکەمەوە. خۆی ترسەکان زیادەڕەییان تێدایە. ئەگەر زۆر خەریکی ئەو نیگەرانیانە بیت، کوچ و گۆج دەبیت و ناتوانیت کارەکەت بکەیت. من ڕووماڵی جەنگ ناکەم. هەوڵ دەدەم وردبین بم لەوەی تێوەی دەگلێم. لە لایەکی ترەوە، من بە تەنیا کار دەکەم. ئەگەر دەربارەی قاعیدە بنووسم لە پاکستان یان ئەفغانستان، بە تەنیام و بۆ خۆپارێزی ڕێکارێکی ئاسایی دەگرمە بەر. کاتێک دوای ١١ی سپتەمبەر لە سعوودیە دەژیام، پێشنیار کرا لە نیشگەیەکی ڕۆژئاواییەکاندا بژیم. نەمویست ئەوە بکەم، بۆیە لە گەڕەکێکی چینی مامناوەندی سعوودی دەژیام، بە ئۆتۆمبێلێک و کارێکەوە کە ڕاهێنانم بە ڕۆژنامەنووسە گەنجەکان دەکرد لە (Saudi Gazette) واتە شارەکەی ئۆسامە بن لادن. بەرنامەی ڕۆژانەم دەگۆڕی، جاروبار ئۆتۆمبێلەکەم دەگۆڕی. دەرکەوت لەو هێرشانەی قاعیدە کە کەمێک دوای ڕۆیشتنی من لە سعودیە ڕوویان دا، نیشگە ڕۆژئاواییەکانیان کردبووە ئامانج، نەک ئەو شوقە سعوودییانەی من تێیدا دەژیام.
ـ تۆ جۆرە ڕۆژنامەگەرییەک پەیڕەو دەکەی کە نامەوێت بڵێم لەناو دەچێت، بەڵام تەنها لە پەیامنێرە بیانییەکانی ڕابردوودا دەبینرێت، واتە چوونە نێو مەیدانەکە و خۆخستنە مەترسی. کێن ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕابردوو یان ئێستا، کە سەرسامیت بە کارەکانیان؟
لۆرێنس ڕایت: زۆر ڕۆژنامەنووس هەن کە هەست دەکەم زۆر لە من ئازاتر و بوێرترن. ڕەنگە لە سەرووی هەموویانەوە (دێکستەر فیلکینز – Dexter Filkins) نێت. ئەو پیاوێکی نائاساییە لە ڕووی ئازایەتی و توانای چوونە ناو دۆخە مەترسیدارەکان و گێڕانەوەی چیرۆکەکە بە ڕوونی. ئەو چیرۆکی مرۆیی ڕاستەقینە دەهێنێتەوە. سەرسامی ئەوم. ئەو بناغە پتەوەی کە نەریتی کارکردنی منی لەسەر بنیاتنراوە، (جۆرج ئۆروێڵ – George Orwell)ە. نەک لەبەر ئەوەی ئەویش ئەم جۆرە ڕاپۆرتانەی دەنووسی، بەڵکو دەنگی پتەو و ژیرانە بوو و ئازایەتییەکەشی تا ڕادەی نەبەزین بوو، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە من هەمیشە هیوام پێی خواستووە. ئەو نووسەرە، خودی هەستی دەسەڵاتە. هەروەها سەرسامیشم بە (ئەی. جەی. لیبلینگ – A.J. Liebling). کتێبی (ئیرلی لویزیانا – The Earl of Louisiana) یەکێک بوو لەو کتێبانەی بڕیاری دا من ببمە ڕۆژنامەنووس، چونکە زۆر خۆش دەهاتە بەر گوێ.
ـ باسی پلانی خۆت بکە کاتێک بیر لە نووسینی کتێبێک و نەخشەڕێگەکەی دەکەیتەوە، ئایا حەز دەکەی پێشوەختە نەخشە بۆ کتێبەکانت بکێشی، یان تەنها ڕێگە دەدەی خۆیان بڕۆنە پێشەوە؟
لۆرێنس ڕایت: کاتێک دەست بە نووسین دەکەم، بیرۆکەیەکی باشم هەیە کە کتێبەکەم بەرەو کوێ دەچێت. من زۆر کلاسیکم لەو ڕووەوە کە کارتی تێبینی بەکاردەهێنم بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو داتا و زانیارییانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەم. بە ناو سەدان کتێب و هەزاران وتاردا دەچمەوە. لە کاتی نووسینی کتێبی (تاوەری لومینگ – The Looming Tower)، چاوپێکەوتنم لەگەڵ زیاتر لە ٦٠٠ کەس کرد. پڕۆسەکەم بەم شێوەیەیە: هەموو ئەم ماددانە کۆدەکەمەوە، پاشان دادەنیشم و بە ناویاندا دەچمەوە و ئەو شتانەی کە پەیوەندیدار و سەرنجڕاکێشن بۆ من، دەیانخەمە سەر کارتی تێبینی. دەبێت ئەو کارتە تێبینییانە پۆلێن بکەیت. ئەوە خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە داڕشتنی نەخشە و پالان.
ـ دەزانیت چەند کارتی تێبینیت بۆ هەر کتێبێک بەکار هێناوە؟
لۆرێنس ڕایت: پێشتر مەزەندەیەکم هەبوو. من کارتی ٤ بە ٦ ئینج بەکاردەهێنم، و سندووقەکان خۆیان ١٤ ئینج قووڵن. با ئێستا بۆت تەماشا بکەم. وا دیارە ١٤ ئینجە. پێموایە ١٤ سندووق داتا و زانیارییم لەبارەی قاعیدەوە هەبوو. لە هەر ئینجێکدا نزیکەی ١٠٠ کارت هەیە.
ـ ئایا هیچ شتێکی جیاواز یان نامۆ لە شوێنی کارەکەت هەیە؟
لۆرێنس ڕایت: من نووسینگەیەکی ناوازەم هەیە کە لە ناو ماڵەکەمدا دروستم کردووە. شەوێک (دەیڤید ڕێمنیک – David Remnick) بۆ نانی ئێوارە هات و ناوی نا (پۆڕنی نووسەران – Writer Porn). شتێکە کە تایبەت بۆ نووسین دروستم کردووە و، مێزێک کە تایبەت بۆ نووسین دیزاینم کردووە. بۆردێکی سپیم هەیە کە نەخشەی پڕۆژەکانمی لەسەر دەکێشم. جیاوازترین شت مێزی نووسینەکەمە کە نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر دروستم کردووە. کەمێک لە ستایلی (Star Trek) دەچێت. دوو باڵی چەماوەی هەیە بۆ ئەوەی دەستنووسەکانم لە لای چەپ و ڕاستم بن و ڕوویان لە من بێت. دیزاینێکی نایابە بۆ نووسەر و تا ئێستا نەمدیوە کەس لاسای کردبێتەوە. بووکەڵەیەکی بچووکم هەیە کە هی کچەکەم بوو، ناوی (نەفیوو – Nephew)ە. کە گەورە بوو و چووە ناو سەردەمی باربی، نەفیوی دایە من. ئەو وەک شەهرەزاد وابوو، چیرۆکی بۆ نەفیو دەگێڕایەوە و من هێندە سەرسام بووم پێی کە کچەکەم گوتی ئێستا تەنها تۆ ئەو بووکەڵەیەت خۆش دەوێت و دەبێت لای تۆ بێت.
ـ دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی (Going Clear)، ئایا ڕات گۆڕاوە دەربارەی سایەنتۆلۆژی؟
لۆرێنس ڕایت: بە دڵنیاییەوە کاریگەر بووم بەو زیانانەی کە ئەو ڕێکخراوە بە زۆرێک لە خێزانەکانی گەیاندووە بەهۆی سیاسەتی پچڕانی پەیوەندییەوە؛ هەروەها زۆر نیگەرانم بە تێوەگلاندنی ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنێکی زۆر بچووک دەهێنرێنە ناو پیاوانی ئایینییەوە، و ناچار دەکرێن واز لە خوێندن بهێنن و بە شەو و ڕۆژ کار بکەن بۆ مووچەیەکی زۆر کەم.
ـ چۆن ئەو کەسانەت ڕازی کرد کە لە کەنیسەکە هەڵاتبوون قسەت بۆ بکەن؟
لۆرێنس ڕایت: ئەوە پەیوەستە بە دروستکردنی متمانە. تۆ لەگەڵ زۆرترین کەس قسە دەکەیت، ئەوەی من پێی دەڵێم ڕاپۆرتی ئاسۆیی. وردە وردە، دەنگەکە بڵاودەبێتەوە کە تۆ زانیارییەکانت بووەتە ئینسایکلۆپیدی و خەڵک نایانەوێت چیرۆکەکانیان بەجێ بمێنێت. دواتر هەمیشە هەندێک سەرچاوە دەدۆزیتەوە کە ڕاستگۆتر، وردتر و پەیوەندیدارترن لەوانی تر. ئەو سەرچاوانە دەبنە ئەو کەسانەی کە دووبارە و دووبارە دەچیتەوە لایان. بە بەکارهێنانی ئەم دوو تەوەرە، تێڕوانینێکی فراوان و قووڵت دەست دەکەوێت.
ـ ئایا هیچ هەواڵێکی نوێ هەیە دەربارەی هەڕەشەی دادگاییکردنت لەلایەن کەنیسەکەوە؟
لۆرێنس ڕایت: هەر وەک خۆیان ماونەتەوە، تەنها هەڕەشەن.
ـ چۆن گۆڤاری نیویۆرکەر و بڵاوکەرەوەکەت خۆیان ئامادە کرد بۆ ئەو هەڕەشە یاساییانەی کە چاوەڕوانکراو بوون دوای بڵاوبوونەوەی وتار و کتێبەکە بەرەوڕووتان ببتەوە؟
لۆرێنس ڕایت: بەختم هەبوو کە دوو هاوبەشی بەهێزی وەک نیویۆرکەر و (Knopf)م هەبوو کە پشتیان گرتم. بێگومان لە هەردوو حاڵەتەکەدا وردبینییەکی یاسایی توند کراوە، بەڵام لە کۆتاییدا کتێبەکە دەبێت لەسەر بنەمای ڕاپۆرتکردنی ورد و پشکنینی ڕاستییەکان بەرگری لە خۆی بکات. من فاکت و پشکنەرەکانمم خۆش دەوێت.
ـ دۆخی کتێبەکەت لە کەنەدا و بەریتانیا چۆنە؟
لۆرێنس ڕایت: لە کەنەدا، ئەوە بڕیاری (Knopf)ە کە بڵاوی بکاتەوە و هیوادارم بەم زووانە بیکەن. بڵاوکەرەوەکەم لە بەریتانیا پاشەکشەی لە کتێبەکە کرد دوای ئەوەی هەڕەشەیەکی یاسایی بە ناوی بووختان لە کەنیسەکەوە پێ گەیشت کە کۆمپانیایەکی پارێزەری ناودار گرتبوویە ئەستۆ، لە لەندەن.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
لۆرێنس ڕایت: سێوم خۆش دەوێت. من بە ڕاستی ڕۆژانە سێوێک دەخۆم. لە کۆتایی ڕۆژدا، حەز دەکەم وەرزش بکەم، دواتر پیانۆ بژەنم تا نانی ئێوارە ئامادە دەبێت.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
لۆرێنس ڕایت: هەوڵ دەدەم خۆم لە هەر جۆرە مردنێک بەدوور بگرم. لە کاتێکدا من و دوو هاوڕێم (گروپی کارکردن بۆ نەمری)مان دروست کرد. ئێمە بە تەواوی نکوڵی لە مردن دەکەین، هەرچەندە یەکێکمان کۆچی دوایی کردووە. بۆیە تا ئێستا بیرم لە هیچ نەکردووەتەوە کە لەسەر کێلی قەبرەکەم چی بنووسرێت.
پەراوێز:
(سایەنتۆلۆژی – Scientology) بزووتنەوەیەکی ئاینیی مشتومڕاوییە، ساڵی ١٩٥٤ لەلایەن نووسەری چیرۆکە خەیاڵییەکان (ئێڵ ڕۆن هابەرد – L. Ron Hubbard) دامەزرا. سایەنتۆلۆژی پێی وایە مرۆڤ تەنها جەستە نییە، بەڵکو بوونەوەرێکی ڕۆحییە کە پێی دەوترێت سیتان. ئەوان دەڵێن سیتانەکان ملیۆنان ساڵە هەن و لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی تر دەگوێزرێنەوە. بنەماکەی لەسەر پاککردنەوەی ڕۆحی مرۆڤ و تێپەڕاندنی ترۆمای ڕابردووە لە ڕێگەی پڕۆسەی (ئۆدیتینگ). بە پێچەوانەی زۆربەی ئاینەکان، سایەنتۆلۆژی پارەیەکی زۆر لە ئەندامەکانی وەردەگرێت بۆ ئەوەی بچنە قۆناغە بەرزەکانی زانین. ئەمە وای کردووە زۆر کەس وەک بزنس سەیری بکەن نەک ئایین. شوێنکەوتووی ناوداری هەیە وەک (تۆم کرووز) و (جۆن تراڤۆڵتا). لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک ئایینێکی فەرمی ناسراوە و باجی لێ وەرناگیرێت. لە هەندێک وڵاتی وەک ئەڵمانیا و فەڕەنساش، وەک ئایین ناناسرێت و زۆرجار وەک کۆمەڵەیەکی مەترسیدار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت کراوەتەوە و دەستکاری کراوە.

