رۆژنامەی ھەولێر

سیستم: بنیاتنان، چاکسازی، گۆڕین و بەدیلەکەی

فازڵ میرانی
هەرچەند ناونیشان درێژتر بێت، ناوەڕۆکەکە دیاریکراوتر دەبێت و لە گشتاندن دووردەکەوێتەوە.
ئەو سیستمەی لەم وتارەدا مەبەستە، سیستمی سیاسیی فەرمانڕەوایە؛ دروستکردنیشی کارێکی سانا نییە، مەگەر ئەوەی دروستکەرەکەی نەیەوێت سیستمێکی بەردەوام پێشکەش بکات؛ چونکە کەسانێک هەن خۆیان لە سیستم جیا ناکەنەوە، بەڵکوو خۆیان بە باڵادەستتر لە سیستمەکە دەبینن و پێیان وایە سیستم لە دوای ئەوانەوە، یان دەبێت یان نابێت.
بنیاتنەر زۆرن، بەڵام کارامەیان کەمە. خراپترین بنیاتنەر ئەوانەن کە هاووڵاتییانی خۆیان ناچار دەکەن بەراوردکاری بکەن، بە جۆرێک ڕەحمەت بۆ پێشینەی سیستمەکە بنێرن و لە ئێستاکەی بێزار بن. ڕەتکردنەوەی ناوخۆیی و جەماوەریی هەر سیستمێک، وای لێدەکات وەک ئەوە بێت لەسەر کورسییەکی دوو پێچکەیی، نەک چواری، دانیشت بێت!
کاتێک کۆمەڵگە لە سیستمەکەیدا زیندەگییەکی بەرهەمهێن دەبینێت کە باشترین شتی گونجاو پێشکەش بە ڕەوتی ژیان دەکات و هەوڵ بۆ دادپەروەری دەدات، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی هاندان دژی سیستمەکە؛ ئەو دەرفەتانەی کە خوازیارانی دەسەڵات هەوڵی قۆستنەوەیان دەدەن، بێ ئەوەی خاوەنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی وا بن بۆ کۆمەڵگە کە باشتر بێت لە پڕۆژەی سیستمی ئێستا.
زۆرجار شکستی ئەو گرووپانە دووبارە بووەتەوە کە هەوڵیانداوە سیستمەکەی خۆیان لەسەر حسابی سیستمێکی لە ناوخۆدا پەسەندکراو بنیات بنێن، هەروەک چۆن زۆرجاریش سەرکەوتنی بنیاتنەرانی سیستەمی نوێی خاوەن پڕۆژە خراپەکان دووبارە بووەتەوە لەسەر حسابی ئەو سیستمە فەرمانڕەوایانەی کە حوکمڕانییەکی خراپیان هەبووە.
چاکسازیکردن لە سیستمی حوکمڕانیدا بژاردەیەکی یەدەگ نییە، بەڵکوو چاکسازی داخوازییەکی هەمیشە ئامادەیە، هاوشێوەی سێبەر بۆ ڕووناکی. چاکسازیش کارێکی سانا نییە و هێندەی تر قورس دەبێت کاتێک لە ناو دەسەڵاتدا کەسانێک هەبن بە ئەنقەست بەردەوامی بە گەندەڵی بدەن، یان گەندەڵییەکی نوێ دابهێنن، یاخود بەردەوامی بە گەندەڵییەکی بێدەنگ بدەن.
هەمیشە زۆرێک لە سیستمەکان لەناوچوون یان داڕزاون و دواتر نەماون، دوای ئەوەی ڕازی بوون جومگەکانیان ماددەگەلێکی دژبەربن کە یەکسانی، دادپەروەری و ژیانی شایستەی هاووڵاتیان لەناو دەبەن.
هەرچەندە گۆڕینی سیستم زۆرجار دەبێتە خواستێکی دەرەکی یان ناوخۆیی یان هەردووکیان وەک نموونەی عێراقی پێش ٢٠٠٣، و لەگەڵ جیاکردنەوەی مافداریی بەرژەوەندییەکانی ناوخۆی نیشتمانی (کاتێک دەگاتە قۆناغێک کە بە هۆشیارییەوە پێویستی بە گۆڕینی سیستمەکە هەبێت) لە پێوەری بەرژەوەندیی دەرەکی کە دەیەوێت سیستمێکی دیاریکراو لابدات، بەڵام زۆر ئەستەمە وێنای ئەوە بکرێت کە لایەنی دەرەکی بتوانێت بە تەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، ئەگەر بڕیاری ناوخۆیی جەماوەری بە زۆرینەیەکی هۆشیارەوە ڕێگر بێت لە بەدیهاتنی ئامانجی گۆڕانکارییە دەرەکییەکە.
هەندێک مۆدێلی حوکمڕانی هەبوون کە نەماون و جێگرەوەیەک هاتووەتە ئاراوە کە لە ئاستی ئاواتی بوژاندنەوەی دەوڵەتدا بووە، لە بەرامبەریشدا هەندێک نموونە هەبوون کە بوونەتە بەدیلێکی خراپ بۆ سیستمە سەرەکییە لادراوەکە.
پێوەری پەسەندکردنی ناوخۆیی، نە بە بریقەدارکردنی کارنامەی خەبات و نە بە گێڕانەوەی ڕازی نابێت، ئەگەر دەرئەنجامی کاری خەباتکار، یان کەسی سەربەخۆ -سەر بە هەر لایەن و ئاراستەیەک بێت- هاوشێوەی دەرئەنجامەکانی پێشوو یان خراپتر بێت. لە ژیانی کردەییدا، خەڵک چاوەڕێی دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەکەن و ئاواتەخوازی هەنگاوی زیاترن؛ بەڵام ئەگەر سادەترین مافەکانیان لەدەست بدەن، ئەوا ئەمە نابێتە پاڵنەرێک بۆ بەراوردکردن لەگەڵ پێشینە سەرکۆنەکراوەکەدا، بەڵکوو دەبێتە هۆی کارکردن بۆ لادانی ئەو لایەنەی بانگەشەی ئەوە دەکات لە پێشینەکەی باشترە، لە کاتێکدا خۆی کاری بۆ هێنانەکایەی دۆخێکی خراپتر کردووە.
وا پێدەچێت زۆرێک لە دۆسیە هەستیار و گرنگەکانی حوکمڕانی تەنیا پشتگوێ نەخرابن، بەڵکو واقیعەکە بە جۆرێکە کە بەرگریکردن لە زۆربەیان بووەتە مایەی شەرمەزاری؛ چونکە ڕەفتار و نەریتگەلێک سەریان هەڵداوە و تەشەنەیان سەندووە کە نە دەگەنە ئاستی پێداویستییەکانی ڕاپەڕاندنی ڕۆڵی سیاسی، و نە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە کارگێڕییەکاندا دێنەوە.
ئەم پرسانە گرێدراوی ئەو گەردەلوولە میدیاییانەن کە درۆ دەکەن، بێدەنگ دەبن و شتگەلێک دادەهێنن کە زۆرینەی جەماوەری ناوخۆیی چەواشە دەکەن، هاوکات بێمتمانەییەکی گەورەی دەرەکیش لەئارادایە. چونکە واقیع، داتا و بەڵگەکان تەنیا شێواوی لە ئەدای کارکردندا ناسەلمێنن کە بنەماکەی کەمیی ئەزموون بێت -کە ئەمەش بۆ خۆی نابێتە پاساو بۆ حوکمڕانی- بەڵکو نیشاندەری بەئەنقەستبوونێکە کە بکەرەکەی پشتی بە بەهایەکی بێبنەما لە واقیعدا بەستووە کە ناوی “بەخت”ـە؛ بەو مانایەی کە سەرچاوەکەی پشت بەستنە بە نادیارێک کە ئاواتەکان لەگەڵ لۆژیکدا تێکەڵ دەکات.
هەندێک مۆدێلی کەم هەن کە نە لە دروستکردنی سیستمدا سەرکەوتوو بوون و نە توانیویانە چاکسازیی تێدا بکەن، تەنانەت جێگرەوەکەشیان ئەگەر بێت، کارێکی سانا نابێت بۆی کە دەست پێ بکات.