رۆژنامەی ھەولێر

میدیای توركی دەنیز ئونداڤ وەكوو پاڵەوان ناو دەبەن؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەنیز ئونداڤ، یاریزانی بەناوبانگی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، كە لە دوو یاری مۆندیالی ٢٠٢٦دا، توانیی سێ گۆڵ تۆمار بكات و لە ئەڵمانیا وەكوو پاڵەوان ناوی ببەن، بەڵام لە توركیا هێرشێكی زۆر ناڕەوا و نەژادپەرستانەی دەكرێتە سەر.

دەنیز ئونداڤ، بە ڕەگەز كوردە و خانەوادەكەی لە رۆحای باكووری كوردستان ژیاون، بەڵام لە كودەتای ١٩٨٠دا، بەرەو ئەڵمانیا كۆچیان كرد و ئونداڤ لەوێ لە ١٩٩٦ لەدایك بووە.
ئەو یاریزانە كوردە، بە یارییە جوان و سەرنجڕاكێشەكانی، سەرنجی جیهانی بۆ خۆی راكێشاوە، ئەوەیشی زۆر قسەی لەسەر دەكرێت كوردبوونی ئەو یاریزانەیە، كە لە ٢٠٢٤دا، لە دیمانەیەكدا گوتی: ”كوردم و ئێزدیم“.
كاتێك لێیان پرسی دەتوانی بە توركی قسە بكەیت؟ گوتی نەخێر، بەڵام خۆم فێری زمانی كوردی كردووە و هیچ كێشەیەكم نییە.
لە هەموو یارییەكدا، كاتێك گۆڵێك تۆمار دەكات، لەناو یاریگە وەكوو ئەوەی بۆ جیهانی دوپاتی بكاتەوە كوردە، شایی كوردی دەكات، ئەمەش توركە نەژادپەرستەكانی هێناوەتە دەنگ.
لە سۆسیال میدیا، كوردانی باكوور، زۆر خۆشیان دەوێت و وەكوو پاڵەوان و كوڕە كوردە ئازایەكە ناوی دەبەن، هەروەها دەڵێن ناوی كوردی بەجیهاندا ناساندووە و هەموو كوردێك شانازیی پێوە دەكات.
توركەكان، بە هۆی كوردبوونی دەنیز ئونداڤەوە، بەشێكی زۆریان هێرشی دەكەنە سەر و دەڵێن خۆفرۆشە چونكە توركە و خۆی بە كورد دەناسێنێت.
تەلەڤزیۆنی (بەیاز)ی توركی، لە راپۆرتێكدا، رەخنەی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی توركیا گرتووە، بەوەی بۆچی نەچوون دەنیز ئونداڤ، بانگێهێشتی هەڵبژاردەی توركیا بكەن، چونكە ئەو لە رۆحا لە دایك بووە و خەڵكی توركیایە و كوردە.
ئەو تەلەڤزیۆنە باسی لە گرنگی ئونداڤ كرد، بەڵام نەیشاردەوە كە توركیا قەدری ئەو یاریزانەی نەگرتووە و تەنانەت هەندێك لە نەژادپەرستەكان هێرشی ناڕەوای دەكەنە سەر.
دەنیز ئونداڤ، بووەتە جێی باسوخواسی سیاسییەكانی توركیاش، ئەوانیش لەبارەی ئەو یاریزانەوە بوونەتە دوو بەش، بەشێكی زۆر نەژادپەرستانە هێرشی دەكەنە سەر و بەشێكیشی نەرمترن و دەڵێن دەبێت شانازی بكەین خانەوادەی ئونداڤ لە توركیابوونە و ناسنامەی توركیایان هەیە.
مستەفا دەستیجی، سەرۆكی پارتی یەكگرتووی گەورەی توركیا، دەڵێت مادام ئونداڤ گوتوویەتی كوردم و تورك نیم، پێویستە ناسنامەی توركیای لێ وەربگیرێتەوە.
هەرزوو خانەوادەی ئونداڤ وەڵامیان دایەوە و گوتیان، كوڕی ئێمە ناسنامەی توركیای نییە تا لێی وەربگرنەوە.
كوردانی باكوور، زۆر بە توندی هێرشیان كردە سەر دەستیجی و وەكوو نەژادپەرست و نەخۆش ناویان هێنا، گوتیان لەبری ئەوەی شانازی بكات كوردێك لە ئەڵمانیا ئەو ناوبانگەی هەیە، داوا دەكات ناسنامەی توركیای لێ وەربگیرێتەوە، ئەمە نەخۆشی و بێڕێزییە و قبووڵ ناكرێت.
دەنیز ئونداڤ، لە میدیا جیهانییەكان وەكوو كەسایەتییەكی گرنگی وەرزشی ناوی دەبەن، هەر رێپۆرتاژێكیشی لەبارەیەوە بڵاو بكەنەوە، وەكوو كوردێك ناوی دەهێنن و باسیش لەوە دەكەن میدیای توركیا هێرشی ناڕەوا و رەگەزپەرستانەی دەكاتە سەر.
ئاژانسی دوێچەولەی توركی لە راپۆرتێكدا لەسەر دەنیز ئونداڤ، ئاشكرای دەكات، ئونداڤ كوردە و ناوبانگێكی گەورەی پەیدا كردووە، بەڵام لە توركیا كەوتووەتە بەر هێرشی ناڕەوای نەژادپەرستەكان.
ئەگەرچی لە سۆشیال‌میدیا و هەندێك لە سیاسییە نەژادپەرستەكانی تورك هێرشیان كردووەتە سەر ئونداڤ، بەڵام بەشێك لە میدیاكانی توركیا، دان بەوەدا دەنێن هەڵەیە هێرشی نەژادپەرستانەی بكرێتە سەر و دەبێت توركیا شانازی بە كوردێكەوە بكات، كە ئەو ناوبانگە كەورەیەی لە جیهاندا هەیە.