رۆژنامەی ھەولێر

لە کاردانەوەی بەکارهێنانی دەستەواژەیەکی ناپەسەندی سەرۆکی یەکێتی بەرامبەر پەیامنێرێک

کۆمەڵگەی کوردەواری بەوە دەناسرێتەوە، لە هیچ بارودۆخ و سەردەمێکدا دەستبەرداری کلتووری جوان و ڕەوشتبەرزی و ئاخافتنی جوان و مامەڵە و هەڵسوکەوتی ڕێزدارانە نەبووە و هەمیشە ئەوە لە پێگە تایبەتەکان و کەسایەتی و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام ئەوەی ماوە ماوە دەبێتە جێگای تانە و تەشەری کۆمەڵ و زۆرجار ڕای گشتی لەسەر دروست دەبێت، هەڵسوکەوت و مامەڵە و گوفتاری نەگونجاوی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییە بە کلتوور و دابی بەرزی کۆمەڵگەی کوردی.

لە نوێترین دەرکەوتنیدا، سەرۆکی یەکێتی لە وەڵامی پرسیارێکی هەنووکەیی و ئاسایی پەیامنێری کەناڵێکی ڕاگەیاندن، دەستەواژەی حوشتر بەکاردێنێت و هێرشی سەر پەیامنێرەکە دەکات، لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەستەواژانە لە بەرامبەر مرۆڤدا ئەوپەڕی بێڕێزی و سوکایەتی پێکردنە و بەهیچ جۆرێک شیاوی بەکارهێنان نییە تەنانەت بۆ مرۆڤێکی سادە و ئاسایی، چ جای بگات بەوەی لە کەسێکەوە بێت کە خۆی بە سەرۆکی حزبێکی خاوەن خەبات و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردستان بزانێت، هەر بۆیە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەیە هەر زوو سۆشیاڵ مێدیا پڕ بوو لە توانج و گلەیی و ناڕەزایی نوخبە و ڕاگەیاندنکار و تەنانەت خەڵکی ئاسایی و دەیان و سەدان بڵاو کراوەی لەبارەوە هەبوو وەکو کاردانەوە و نیگەرانی دەربڕین.
عومەر وەڵاتی، نووسیویەتی؛ یانی کەستان بوێری ئەوەتان نەکرد بڵێن ئەوە ئسلوبی سەرۆک حزب نیە بەرامبەر بە رۆژنامەڤانان؟
چەند ساڵە هاوار دەکەین مایکی دەزگاکانی راگەیاندن نەدەنە دەست هەموو کەسێک پیشەی رۆژنامەڤان پیشەیەکی گرنگە دەبێت کەسانێک لەناو ئەو پیشەیەدا کار بکەن کە لەمانای وشە بە وشە و دێر بەدێری کاری رۆژنامەڤانی تێبگەن، دەننا رۆژانە توشی کرداری لەو شێوەیە دەبن.
ڕۆژ کەرکووکی، لە یەکێک لە پەیجەکانەوە لە بەرامبەر گرتە ڤیدیۆکەدا بە سادەیی نووسیویەتی؛ تخوا ئەوە ئسلوبی سەرۆک حزبە ڕۆژنامە نووس دەسەڵاتی چوارەمی دەوڵەتە ئەوها قسەی لەگەڵ ئەکرێ؟
مستەفا ئیبراهیم، کۆمێنتی خۆی نووسیوە و دەڵێت؛ ئەوە ئەتەکیەتی سەرۆک حزبە؟ با وای دانێین ڕۆژنامەنووس زۆر بووە و مایک و پەیامنێری بێ مستەوا لە هەموو شوێنێکن و پرسیارەکانیان بێ سەرو بەرن، دەبێ سەرۆک حزبێک وا وەڵام داتەوە؟! بێ دەنگ بای و ڕۆیشتبای وەڵامت نەدابایەوە!
گۆران ئیسماعیل، دەڵێت؛ کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی هێندە پیرۆزە، دەبێت بەرپرسان هاوشانی خۆیان لە ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکاران بڕوانن، بەڵام ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە لای سەرۆکی یەکێتی ڕادەربڕین و کاری میدیایی بەهای چیە و ئەگەر دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت بەسەریاندا بستێک ئازادی بە چاوی خۆیان نابینن، کەچی چەندین کەناڵی دەستەمۆی کردووەتەوە و لەوێوە چەواشەی ئازادی کاری میدیایی دەکەن و ڕای گشتی چەواشە دەکەن.
شیرین ئیسماعیل، ڕاگەیاندکارە و ڕای خۆی دەربڕیوە و دەڵێت؛ ئەمە ئەو ئازادی و ڕێزەیە کە بانگەشەی بۆ دەکات و لایەنی دیکەی سیاسی تۆمەتبار دەکات بەوەی پۆلیسییە و بوار بە ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕادەبڕین نادات، کەچی بە پرسیارێکی ئاسایی کە مافی ڕەوای ڕۆژنامەوان و پەیامنێرانە لەگەڵ دەرکەوتن و دەستخستنی بەرپرسان پرسیاری خەڵکیان ئاراستە بکەن، بەو شێوەیە ئەسڵی خۆی خستەڕوو، ئەوە دەری دەخات چەند لە ناخەوە کەسایەتییەکی دیکتاتۆر و خۆسەپێنە.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس، عەزیز ڕەئووف، داوای هەڵوێست دەکات و دەنووسێت؛ هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوس لەکاتی سەردانی بەرپرسان بۆ شوێنەگشتییەکان کردەیەکی نەخوازراوە و پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنوسە.
بەر لە هەرشت سیاسییەکان دەزانن ڕۆژنامەنوسان کاری گەورەیان پێناکرێ و تەنها دەتوانن مایک ببەنە بەردەم بەرپرسەکان و فرمێسکی پرسە و شیوەنی گۆڕستان و خاوەن پرسە لەبەردەم مزگەوتەکان بگوازنەوە. ئەمەش وایکردووە کاری ڕۆژنامەنووسی لە باشوور تەواو لە پیشە جدییەکەی دابڕاوە و کاری گەورەی لەدەست نایات.
سەرباری هەموو ئەمانەش هەرگیز بەمانای ئەوە نایات کە سوکایەتی بە ڕۆژنامەنوس بکرێت.
“هەی حوشتر” ئەو قسە نەخوازراو و ناشرینەبوو کە لە زاری سەرۆکی یەکێتی هاتەدەر. ئەمەش بەر لە هەرشت ئیحراجی بۆ ناوبراو و حزبەکەی درووست دەکات.
دەشڵێت؛ هەرگیز شیاو نییە کە سەرۆکی یەکێتی لەبەردەم کۆی ڕۆژنامەنوسان و میوانەکاندیدا بەو شێوەیە هێرش بکاتە سەر ڕۆژنامەنوس.
من دەزانم ئەگەر ئەوە هەر برپرسێکی پارتی یان لایەنەکانی تر ئەو قسەیەی بکردایە ئەوە کۆی رۆژنامەنوسان و نوسەران و ڕۆشنبیران و بەناو ئۆپۆزسیۆن قسەیان لەسەر دەکرد و هەڵایەکی گەورەیان لەسەر دەنایەوە.
ئەرکی سەندیکا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری ڕۆژنامەنوسییە کە بێدەنگ نەبن و داوا لە سەرۆکی یەکێتی بکەن کە پۆزش بۆ قسەکەی بهێنێتەوە. بەر لە هەر کەس سەرۆکی یەکێتی دەبێ داوای لێبووردن بکات.
لای خۆیشییەوە، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: “سووکایەتییەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنووسان شەرمەزارکەرە، بێدەنگی هاوکارەکانیشی کە لە بەردەمیدا بوون، شەرمەزارییەکی ترە.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “چاوەڕوانیی ئەوەبووم لەناو یەکێتییەوە دەنگێک بەرز بێتەوە، یان دامەزراوەیەکیان داوای لێبووردن بکات، بەڵام بێدەنگراوان بێدەنگ کراون.”

ئەوەش خراوەتە روو: “لە راستیدا ئەمە شێوازی ئاخاووتنی بێت لەگەڵ دەرەوەی خۆی، دەبێت لەگەڵ هەڤاڵەکانی چۆن قسە بکات؟ بە تایبەتیش کە توڕە دەبێت.”

رێکخەری سەنتەری میترۆ روونیشی کردووەتەوە: “ئەگەر بەرپرسێکی پارتی ئەو سووکایەتییەی بە ڕۆژنامەنوسێکی یەکێتی بکردایە چی روویدەدا، هەمان بێدەنگی هەمان هەڵویست و دێزەبەدەرخونە دەبوو؟”
دەشڵێت: “هاوپشتی نێوان رۆژنامەنووسان گرنگە، ئەبێ بێ ترس لەسەر دیاردەی سوکایەتیکردن بە رژنامەنووسان و پیشەکەیان قسە بکەن.”
ئەوەشی خستووەتەڕوو: “ئەو بێدەنگییەی هاوکارانی ئەو رۆژنامەنووسە، و لقی سلێمانی سەندیکا ڕۆژنامەنووسانی یەکێتییش، سامناک و خەمناکە، بۆ گەیشتن بەو ئاستە لە هاوپشتیکردنی یەکتر؟ کە بەرگریت لە خۆت پێ نەکرێ چۆن ئەتوانی بەرگری لە بەرژەوەندی گشتی بکەیت.”
دووپاتیشی دەکاتەوە: “بنووسە، مەترسە، ئەمە سووکایەتی بوو بە سەندیکا و ئەندامانی، بە هەموو رۆژنامەسێک کە ڕێز لە پیشەکەی دەگرێت.”

شەهلا دەباغی، لەوبارەیەوە سەرنجی خۆی خستووەتەڕوو، دەڵێت؛ دوێنێ بەهەڵکەوت چاوم لەو کلیپە بوو کە بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە وڵامی پرسیارێکی (وای دادەنێین کە هەڵە و لە کاتی هەڵەدا بووە) بە کوڕێکی هەواڵنێر دڵێ “هەی حوشتر”. لە دوێنێوە هیچ ئەکت و ڕەخنەیەکم نەدیوە کە باسی ئەم ڕووداوە بکا. لە کاتێکا ئەم ڕووداوە لە باری
“کەرامەتی تاک”
“مافی شارومەندی”
“ڕێز بۆ پیشەی ڕۆژنامەگەری”
“حورمەتی نەتەوەیی”
“ئازادی بیروڕا”
“پرسی سیاسی نێوان لایەنەکان”
دەشڵێت؛ کاتێک ڕێبەری حیزبێکی سیاسی بە ئەندامێکی نەتەوەکەی چ لە پێش چاوی کامێڕا و چ لە تەنیایی و دوور لە کامێرا بە ئینسانێک دەڵێ “هەی حوشتر”، ئەو شایانی بەڕێوەبەریی حیزبێک و نەتەوەیەک نییە. کاتی وا دەبا هەوەڵ ئەو مێدیایەی ئەو کوڕە کاری بۆ دەکا، دواتر کۆمەڵگا، ڕۆژنامەنووسان، مێدکاران، ڕووناکبیران وەدەنگ هاتبان. ئەمڕۆ بە کەسێک دەگوترێ حوشتر، سبەی بە خەڵکیتر.
هەڵبەت بافل تاڵەبانی هەوەڵ جاری نییە. کاتی هەڵبژاردن لەسەر سێن بە کوڕێک کە مایکی دەدایە بێڕێزی کرد.

* کاردانەوەکان لە هەڵوێست و بڵاوکراوەی سۆشیاڵ مێدیای نووسەران وەرگیراون