چواس خالید – هەولێر
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغەی کارگەیەکی پیشەسازی تەندروستی بۆ بەرھەمھێنانی دەرمان داندرا، کە بە تێچووی بیست و دوو ملیۆن و دوو سەد و پەنجا ھەزار دۆلاری ئەمەریکی جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە تا سی و شەش مانگی دی تەواو بکرێت.
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە ڕێوەڕەسمێکیدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی کارگەیەکی پیشەسازی دەرمانی دانا و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئێمە بەشدارین لە ڕاگەیاندنی یەکێک لە پڕۆژە ھەرە گرنگ و ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستان، کە ئەویش پڕۆژەی دروستکردنی کارگەی دەرمان و پێداویستی پزیشکییە لە بوارەکانی ژیناو و مەغەزییەکان، ئەم پڕۆژەیە ھەنگاوێکی گرنگە لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکوومەتی بۆ ھاندانی کەرتی تایبەت و پەرەپێدانی بەرھەمی ناوخۆیی.
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ھێمای بۆ ئەوەکرد، ڕۆژ بەڕۆژ پڕۆژەکانی کەرتی تەندروستی بەرەو فراوانبوون دەچێت و دروستکردنی ئەم کارگەیە، دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان کەمتر پشت بە ھاوردەکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان ببەستێت و ئاسایشی دەرمان لە ناوخۆدا زیادتر پارێزراو دەبێت، وەزیری تەندروستی گوتی، “لە ڕابردوودا دەرمانی قاچاغ و ساختە بەبێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو دەھاتە ھەرێی کوردستان، بەڵام ئێستا توانراوە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی ئەم بوارە بکرێت، ئێستا ٩٩%ی ئەو دەرمانانەی لە ھەرێمی کوردستان بەردەستن، ڕێکارە یاساییەکانی بڕیوە و دواتر خراونەتە بازاڕەوە”.
لە گوتەیەکیدا سامان بەرزنجی باسی لەوەکرد، بەھۆی سیستەمی نوێیی نرخدانان و پێداچوونەوە بە نرخی دەرمانەکان، توانراوە نرخی زیادتر لە ھەشت ھەزار جۆری دەرمان لە بازارەکاندا داببەزێندرێت، کە بەپێی داتاکان و تەنیا پار و پێرار، نزیکەی دووسەد و نەوەت و پێنج ملیار دینارمان بە دابەزاندنی نرخ بۆ ھاووڵاتیان گەڕاندووەتەوە، کە بڕیاربوو بەھۆی بەرزی نرخەوە لە گیرفانی ھاووڵاتیان بڕوات.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دڵنیاییدا، پڕۆسەی چاودێریکردنی دەرمان بەردەوامە و ئێستا سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ نرخدانان جێبەجێ دەکرێت و ڕێگە نادات ھیچ کۆمپانیا و دەرمانخانەیەک، دەرمان بەنرخی جیاواز و گران بە ھاووڵاتیان بفرۆشێت.
پڕۆژەی کارگەی داسن بۆ بەرھەمھێنانی ژیناو و پێداویستییە پزیشکییەکان، لە ناحیەی باتێل لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بنیات دەنرێت، کارگەی داسن لەسەر ڕووبەری چل و پێنج ھەزار مەتری چوارگۆشە و بە گوژمەی بیست و دوو ملیۆن و دوو سەد و پەنجا ھەزار دۆلاری ئەمریکی دروست دەکرێت.
پڕۆژەی کارگەی داسن بڕیارە تا سی و شەش مانگی دی کارەکانی تەواو ببێت و بەرھەمی کارگەکە بێتە بازاڕەوە، کە ساڵئنە توانای بەرھەمھێنانی دوازدە ملیۆن بوتڵ ژیناو (مەغەزی)، سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار دانە حەب و دووملیۆن قەترە و ملیۆنێک سرنج و دەرزی ھەیە.
ڕۆنانی کارگەکانی پیشەسازی ھۆکارێکن لە پاراستنی ئاسایشی ژێرخان و کەمکردنەوەی ھاوردە و ڕێگریکردن لە ناردنەدەرەوەی پارەی ناوخۆ، جیا لەوانەش دەرفەتی ھەلی کار لە ناوخۆدا دەڕەخسێنن و دەرفەتێکن لە پێشخستنی وڵات.

