رۆژنامەی ھەولێر

٣٥٠٠٠ فەرمانبەری گرێبەست زەویان بەسەردا دابەش دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فۆرمی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەستی بۆ دابەشکردنی زەوی ئامادە کردووە و چاوەڕێی تەواوبوونی ڕێکارە کارگێڕییەکان دەکات لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی فۆرمەکان بەسەر فەرمانگەکاندا دابەش بکرێن.

ئەم پڕۆسەیە لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تیایدا نزیکەی ٣٥٠٠٠ فەرمانبەری گرێبەست لەم بڕیارە سوودمەند دەبن، کە ھاوشێوەی فەرمانبەرانی ھەمیشەیی زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت.
لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، مەریوان لەتیف، بەرپرسی لیژنەی وردبینی دابەشکردنی زەوی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە سەرجەم وەزارەتەکان داتاکانیان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە و تەنیا یەک وەزارەت ماوە زانیارییەکانی بنێرێت.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، دوای ئەوەی لە وەزارەتی دارایی داتاکان لەیەک جیا دەکرێنەوە و جۆری گرێبەستەکان دیاری دەکرێن، ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆتایی.
بەرپرسی لیژنەی وردبینی، جەختی لەوەش کردەوە، سەرجەم فۆرم و داتابەیسەکان بە تەواوی ئامادە کراون و دەستبەجێ دوای گەڕانەوەی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆسەی دابەشکردنی فۆرمەکان بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا دەست پێ دەکات.
پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، پاڵپشت بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە کە لە ٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٤ دەرچووە، بڕیارەکە ئەو فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشینانە دەگرێتەوە پێشتر سوودمەند نەبوون و لە ٨ ساڵ زیاتر خەزمەتیان ھەیە.