مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
دەنیز بووە فریادڕەسی ئەڵمانییەکان
لە نیوەی دووەم یارییەکەدا و لە خولەکی ٦٠ـدا دەنیز ئونداڤ بەشداریی یارییەکەی کرد، ئاستێکی باشی پێشکەش کرد و ڕێڕەوی یارییەکە و ئەنجامەکەی گۆڕی، ئونداڤ لە یارییەکە دوو گۆڵی گرنگ و ئەنجامگۆڕی تۆمار کرد و بە تەنیا ئەڵمانیای لە داوی کۆت دیڤوار ڕزگار کرد و هەڵبژاردەکەی خۆشی گەیاندە قۆناغی دووەم ٣٢ی مۆندیال. دەنیز لە خولەکەکانی ٦٨ و ٩٤ـدا دوو گۆڵی تۆمار کرد و ئەڵمانیا یارییەکەی بە ئەنجامی٢-١ گۆڵ یارییەکەی بردەوە.
بەشداریی پێنج گۆڵی مۆندیالی کردووە
دەنیز ئونداڤ، بووە یەکەم یاریزانی مۆندیالی ٢٠٢٦ی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، کە ڕۆڵی لە پێنج گۆڵدا هەبووبێت. لە یاریی یەکەمدا کە ئەڵمانیا بە ئەنجامی ٧-١ گۆڵ لە کۆراساوی بردەوە، گۆڵێکی تۆمار کرد و دوو گۆڵی دروست کرد، لە یاریی ڕابردووی ئەڵمانیاش دوو گۆڵی تۆمار کرد، بەو جۆرە بووە یەکەم یاریزان کە ڕۆڵی لە تۆمارکردنی پێنج گۆڵدا هەبووبێ لە مۆندیالی ٢٠٢٦، بەو پێیەیش بووە یەکێک لە یاریزانە هەرە دیار و بەرچاوەکانی مۆندیال، لە کاتێکدا لە دوو یاریدا تەنیا 56 خولەکی یاسایی یاریی کردووە.
ئاماژەدان بە ناوی دەنیز ئونداڤ لە مێدیا گەورە و فەرمییەکان
دوای ئەو ئاستە بەرزەی دەنیز ئونداڤ، پەیج و مێدیا فەرمییە وەرزشییەکان زۆر باسی ئاست و گۆڵەکانیان کرد. پەیجی فەرمیی خولی ئەڵمانیا، باسی ئاستە بەرزەکەی کردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و دەڵی لە ١١ یاریدا ٩ گۆڵی کردووە و دوو گۆڵیشی دروست کردووە.
هەروەها پەیجی فەرمیی جامی جیهانیی سەر بە فیفا، وێنەی دەنیز ئونداڤی دانا، کە بووە بە باشترین یاریزانی یارییەکەی ئەڵمانیا و کۆت دیڤوار.
هەمان پەیجی فەرمیی جامی جیهانیی سەر بە فیفا، گرافیکێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، دەنیز لە خولەکی ٦٠ـدا چووەتە نێو یاریگە و هەرزوو لە خولەکی ٦٨ـدا گۆڵی تۆمار کردووە و دواتریش لە کاتی زیادکراو لە خولەکی ٩٤ـدا گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی ئەڵمانیای تۆمار کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، پەیجی یانەی شتوتگارت، کە دەنیز ئونداڤ یاریزانی ئەو یانەیەیە، ئاماژەی بە ڕۆڵی یاریزانەکەیان داوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و شانازیی بەو ئاستە بەرزەی دەنیز ئونداڤـەوە دەکەن کە لە مۆندیال پێشکەشی دەکات.
هەروەها تی سپۆرتس فوتبۆڵ، کە نزیکەی ٢ ملیۆن فۆلۆوەرزی هەیە، چەند وێنەیەکی دەنیزی داناوە و نووسیویەتی، دوو گۆڵ، یەک پاڵەوان، ئەویش دەنیز ئونداڤ بوو.
هەروەها دوای یارییەکە، هەریەک لە تۆماس مۆلەر، ماتس هۆمێڵس، دوای ئەوەی لەسەر کورسیی هاندەران ئاهەنگی خۆشییان بۆ گۆڵەکانی کوڕە کوردەکە دەربڕی، لە دوای تەواو بوونی یارییەکە، چوونە نێو یاریگە و بە تایبەتی ئاهەنگیان لەگەڵ ئۆنداڤ گێڕا.
دەنیز ئونداڤ کوردە؟
دەنیز ئونداڤ لەدایکبووی ١٩ی تەمموزی ١٩٩٦ـە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری ئورفای باکووری کوردستانن، یاریزانێکی پیشەگەری خاوەن رەگەزنامەی ئەڵمانییە و وەک هێرشبەر بۆ یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی لە خولی ئەڵمانیا (بۆندسلیگا) یاری دەکات
لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ئونداڤ بە بۆندێکی بەها ٧ ملیۆن یۆرۆیی پەیوەندی بە یانەی برایتۆن و هۆڤ ئەلبیونی پرێمەر لیگەوە کرد، گرێبەستێکەکەی بۆ چوار ساڵ و نیو بوو، دەستبەجێ بە خواستن گەڕایەوە بۆ یانەی یونیون سانت جیلۆیس تا کۆتایی وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢. بەڵام لە ٢ی ئابی ٢٠٢٣، ئونداڤ گەڕایەوە ئەڵمانیا و گرێبەستی لەگەڵ یانەی ڤی ئێف بی شتوتگارت واژۆ کرد، ئەو کات گرێبەستەکەی بە شێوەی خواستن بوو بۆ وەرزی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، بەڵام بە هۆی ئاستە بەرزەکەیەوە، یانە ئەڵمانییەکە گرێبەستەکەی نوێ کردەوە و ئێستەش لە ریزی ئەو یانەیەدایە.
هاوکات، جەیمی لێولینگ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی شتوتگارت، پەیامێکی بۆ ئونداڤ ناردووە و نووسیویەتی: هێزی کورد و عەقڵیەتی ئەڵمانی.
لە چەند دیمانەیەکی دیکەدا، دەنیز ئونداڤ باس لەوە دەکات کوردە و خەڵکی باکووری کوردستانە، ئاماژە بەوە دەکات حەزی لە گۆرانییە کوردییەکانە و زمانی نەتەوەکەی دەزانێت.
کاردانەوەی گۆڵەکانی دەنیز ئونداڤ
دوای ئەو ئاستە بەرزەی دەنیز ئونداڤ لە یاریی ئەڵمانیا و کۆت دیڤوار، بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان و کوردانی هەر چوار پارچە و دنیا، وێنە و دیمەنەکانی دەنیز ئونداڤیان بڵاو کردەوە و وەکوو شانازییەک بە هۆی ئەو ئاستە بەرز و ڕۆڵە گەورەیەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەیگێڕێت. ئێستە نەک کوردان، بەڵکوو ئەڵمانەکان وەکوو کارتێکی گرنگ و کاریگەر لە نیوەی دووەمی یارییەکانی ئەڵمانیا سەرنجی لێ دەدەن و هیوای لەسەر هەڵدەچنن. چاوەڕێ دەکرێ لە یارییەکانی داهاتوویشدا دەنیز ئونداڤ ئاستی بەرزی هەبێت و ببێتە چەکێکی کاریگەری ناگلیسمانی راهێنەری ئەڵمانیا لە نیوەی دووەمدا.
بۆچی درێسەکەی نەگۆڕی؟
پۆشینی درێسی ژمارە ٩ خرایە بەردەم یاریزانی کوردی بە ڕەگەز ئەڵمانی تا بۆ یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ ئەو درێسە بپۆشێت، بەڵام ئەو رەتی کردەوە و پێی باشتر بوو درێسەکەی خۆی کە ژمارە ٢٦ـە بپۆشێت.
لە بارەی هۆکاری ڕەتکردنەوەی ئەو درێسە و پارێزگاری لە ژمارە ٢٦ ڕایگەیاندووە: ئەگەر ژمارە نۆم بووێ، دەبی زۆربەی ئەندامانی ماڵباتەکەم و خۆشەویستانم، درێسی نوێ بکڕن کە ئەو ژمارەیەی پێوە بێت، منیش نامەوێ بارێکی زیاد بخەمە سەر هاندەرانم، بۆ من ژمارە گرنگ نییە، پاڵپشتی و خۆشەویستیی هاندەران گرنگە.
یارییەکانی جامی جیهانی
چاوی ملیۆنان هەواداری تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان بڕاوەتە سەر ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، کە لە (١١ی حوزەیران)ـەوە یارییەکانی مۆندیالی تێدا بەڕێوە دەچێت و ڕۆژی چوار یاری بەڕێوە دەچێ، بەشێکی یارییەکانی لە دوای نیوەشەو و بەرەبەیاندایە و بەشێکی لە ئێوارە و شەودایە. مۆندیال بە شێوازە تازەکەی بە بەشداریی ٤٨ هەڵبژاردە بەڕێوە دەچێت و یاسای نوێی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
یارییەکانی مۆندیال لە ١١ی مانگی حوزەیران تا ١٣ی تەمووزی داهاتوو بەڕێوە دەچن و یاریی کۆتایی مۆندیالیش لە ئەمریکا دەبێت.

