ڕائیب جادر – هەولێر
پرۆسەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەتایبەت لەڕێگەی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی بەردەوامە، تا ئێستا ھەزاران کەس لەو ڕفێندراوانە لە دەستی داعش ڕزگارکراون و گەڕێندراونەتەوە باوەشی کەسوکاریان، ئێزدییەکان ھیوادارن حکوومەتی نوێی عێراق بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێت و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات.
پاش ئەوەی حکوومەتی عێراق پێکھێنرا ئێزدییەکان داوا لەو حکوومەتە دەکەن لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم چارەنووسی ئەو ئێزدییانەی تا ئێستا بێ سەروشوێنن دیاری بکات، کە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر چارەنووسیان نادیارە، بۆیە داوا دەکەین لیژنەیەک پێکبھێنرێت، چونکە ١١ ساڵ بەسەر ئەو کەیسەدا تێدەپەرێت و تا ئێستا حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق ھیچیان نەکردووە بۆ ڕزگارکردنی کچ و ژنانی ئێزدی کە لە دەست داعش ماون، لەگەڵ ئەوەی ڕێککەوتنی شنگالیان جێبەجێ نەکردووە.
ئێزدییەکان، دەڵێن، دەبێت حکوومەتی عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات کە تا ئێستا ھاوکار نەبووە، لەگەڵ ئەوەی قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.
تا ئێستا ٣٥٩٥ لە ھەر دوو ڕەگەز لە ڕێگەی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی ڕزگار کراون، بۆ ئەوانەی کە ماویشن ژمارەیان ٢٨٢٢ دەبێت بەردەوام کار دەکەن بۆ ئەوەی ڕزگار بکرێن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حکوومەتی عێراق ئەو کەیسەی بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە.
نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدیی، ئاشکرای کرد، ٦٤١٧ ئێزدی لە لایەن داعشەوە ڕفێندراون کە ٣٥٤٨ ڕفێندراویان لە ڕەگەزی مێ و ٢٨٦٩ ڕفێندراویان نێرن.

