کوردە سەعید
ئەزیزان! ئەم نووسینە بە مەبەستی گێڕانەوەی ژیانی ژنە زانایەک نییە، بەڵکو پتر لەوە دەمەوێت ئەوە بە ئێوە بگەیەنم بۆچی گەشتی ژیانی ئەم خانمە سەرچاوەیەکی قووڵی ئیلهامە و، بۆچی شایانی بەیادهێنانەوەیە.
زۆرجار کە باس لە داهێنان و دۆزینەوە گەورەکان ئەکەین، مرۆڤەکانی پشتیان فەرامۆش ئەکەین و، ئەو خەبات و بوێریی و ئیرادەیەش کە درەوشانەوە و پێشەنگ بوونی ئەو داهێنەرەیان کردووە بە ڕێتێچوو. فڵۆسی وۆنگ ستال نموونەیەکی دیارە لەم پۆلێنەدا. ئەو تەنها تیشکدانەوەی هزرێک نەبوو بەڵکو ژنێک بوو لەگەڵ داهێنانەکەیدا بەربەستە توند و تاریکەکانی تێک شکاند و ئەندامێک بوو کە سەرختییەکانی ژیانی خێزانەکەی لەئەستۆ گرت لە دەرەوەی چوارچێوە و ڕۆڵە سواوەکانی کۆمەڵ/گاوە بۆ تاک و خێزان هەنگاوی گرتە بەر، لە ساتەکانی ترس و تاریکیدا هیوا و ڕۆشنایی بە جیهان بەخشی. وۆنگ یی چینگ، ٢٧ـی ئابی ١٩٤٦ لە شاری “گوانگژۆ”ی چیندا لەدایک بووە. لە جوگرافیایەکی نائارام و ئاڵۆزی سیاسی و نەتەوەییدا گەورە بوو. خيزانەکەیان، ساڵی ١٩٥٢ ڕووەو هۆنگکۆنگ هەڵهاتن و لەوێ لە قوتابخانەی (خانەقای ماریکنۆڵ) خوێندوویەتی. لە سەرەتای خوێندنیەوە جیاوازییەکانی لە پێشەنگبووندا بەدیار کەوتن، کیژە خوێندکارێکی کونجکۆڵ و بەئیرادە پاڵپشتیی مامۆستاکانی بەدەست هێنا بۆ خوێندنی باڵا. باوکی ناوی “فلۆسی” لێ نا کە ناوی زریانێکە وەکو هێمایەک بۆ ئەو خۆڕاگری و بەرەنگارییەی بەدرێژایی ژیانی هەڵیگرتبوو.
لە تەمەنی هەژدەساڵاندا بەرەو ئەمریکا دەریاکانی بڕی و لە زانکۆی (UCLA) ناوی تۆمار کرا. لە ماوەی سێ ساڵدا بە پلەی یەکەم خوێندنی بەشی بەکتریازانیی تەواو کرد و بەردەوام بوو تا لە ساڵی ١٩٧٢ پلەی دکتۆرای لە بایۆلۆژیای گەردیلەیی بەدەست هێنا. دواتر پەیوەندی بە پەیمانگا نێونەتەوەییەکەی بەشی شێرپەنجەوە کرد و ئیدی لەوێوە کارەکانی ڕەوتی مێژوویان گۆڕی.
کاتێک لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە جیهان ڕووبەڕووی تارمایی نەخۆشییەکی سامناک و لوغزاوى بووەوە، فلۆسی یەکەم زانا بوو کە کلۆنی ڤایرۆسی (HIV) کرد و نەخشەی جینەکانی دۆزییەوە و سەلماندی کە ڤایرۆسی (HIV) هۆکاری تووشبوونە بە نەخۆشینە کوژەرەکەی ئایدز. ئەوەیش تەنها دەسکەوتێکی زانستی نەبوو بەڵکو شۆڕشێکی وەرچەرخان بوو بۆ مرۆڤایەتی. دۆزینەوەکەی ئەم خانمە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ داهێنانی پشکنینەکانی خوێن و چارەسەری دژە-ڕیترۆڤایرۆسییەکان و بەخشینی ژیانی تەندروست بە ملیۆنان کەس سەرەڕای تووشبوونیان بە نەخۆشیی ئایدز.
لە لێدوانێکدا فلۆسی وتی: زانست سەرنجڕاکێشە، چونکە پرۆسێسێکی دۆزینەوەیە کە تێیدا هەرگیز نازانیت چی ئەدۆزیتەوە، ئەم هەستی سەراسیمەبوونە هەیەجاناوییەش لە ماوەی دەیان ساڵی کارکردنیدا ڕێنمایی ئەکرد. ژیانە پیشەییەکەی بەردەوام بوو لە گەشەسەندن بەرەو زانکۆی سان دیێگۆ و جێنیشینی کورسی (فلۆرێنس ڕیفۆرد)ی بەدەست هێنا وەکو توێژەرێکی بوارەکە و دەستەی سەرۆکایەتی سەنتەری توێژینەوەی ئایدز (AIDS) پاشتر بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای (Immusol) و ئینجا (iTher Pharmatheuticals) کە گرنگییان دەدا بە چارەسەرەکانی هەوکردنی جگەر جۆری (C). فلۆسی زیاتر لە چوارسەد توێژینەوەی زانستیی نووسیوە. ڕاهێنەری ژمارەیەکی زۆری زانایانی گەنج بووە و یەکێک بوو لە خانمە توێژەرەکانی سەردەمی خۆی لە تۆمارە زانستییەکاندا زۆرترین جار ئاماژە بە ناوی کراوە. پێشەنگی ئەم خانمە زانایە تەنیا لە دۆزینەوە زانستییەکانیدا نییە بەڵکو لە خۆبنیادنەری و بوێرییەکەیدایە. ئەو منداڵێکی پەنابەر بوو کە سەختییە یەک لە دوای یەکەکان بناغە و هێزیان پێ بەخشی. وەکو ژنێک لە دونیایەکی سەرشار لە تیر و تانەی پیاوسالارانەدا جێپەنجەی نەسڕاوەی خۆی بەجێ هێشت و وەکو زانایەکیش بە دۆزینەوەکانی ترسی گۆڕی بە زانین و نائومێدی گۆڕی بە هیوا.
ئەستێرە درەوشاوەکەی بواری داهێنان و بوێری و هیوا لە ٨ ی تەموزی ٢٠٢٠ لە شاری لاجۆلای ویلایەتی کالیفۆرنیا لە تەمەنی ٧٣ ساڵاندا کۆچی دوایی کرد و بوو بە ڕەمز و ئیلهامی هەموو ئەوانەی خۆکرد و خودکارانە بەربەستە توند و ڕێسا چەقبەستووەکان ئەشکێنن و ژنە ماریۆنێتە دەسکردەکان تێئەپەڕێنن ڕووەو لووتکەی ئازادی و سەربڵندی.

