مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
لە یاریی نێوان ئەمریكا و ئوسترالیا چ شتێكی نامۆ ڕووی دا؟
یاریی نێوان ئەمریكا و ئوسترالیا، لە گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال، ڕووداوێكی سەیر پێش هات، ناوبژیوان بڕیارێكی دا، كە جێی سەرنج بوو.
یەكێك لە سەیرترین دیمەنەكان، كە لە بڕیارەكانی ناوبژیوانەوە دەركەوت، دوای ئەوەی لە كۆتاساتەكانی یارییەكەدا، ناوبژیوانی ئەڵمانی فلێكس بڕیارێكی سەیری دا.
هەڵبژاردەی ئەمریكا، سەركەوتووبوو لە یەكلاكردنەوەی یارییەكەی نێوانیان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوسترالیا 2-0 گۆڵ، بەڵام سەرنجەكان لە دواساتەكاندا چووە سەر ناوبژیوانی یارییەكە، كە بە شێوەیەكی لەناكاو لەسەر زەویی یاریگە كەوت، ئەوەیش جۆرێك لە نیگەرانی و دوودڵی لە نێوان یاریزانان و هاندەران دروست كرد.
لە خولەكی چوارەمی كاتی زیادكراودا، تەسافیر بە دەست ئازاری لەناكاوی ماسوولكەوە ناڵاندی و كەوتە سەر زەویی یاریگە و داوای لە پزیشكان كرد هەرچی زووە بەرەو پیری بچن و هاوكاریی بكەن و چارەسەری بكەن.
تیمی پزیشكیی دەمودەست چووەنە نێو لاكێشەی سەوز بۆ چارەسەكردنی ناوبژیوانە ئەڵمانییەكە، كە نزیكەی خولەكێكی تەواو بوو لەسەر زەویی یاریگەكە دانیشتبوو، پێش ئەوەی چاك ببێت و دەستە بە بەرێوەبردنی یارییەكە بە شێوەیەكی ئاسایی بكاتەوە تا ئەو كاتەی فیكەی كۆتایی لێ دا.
ئەو گرتە و دیمەنە، دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەبوو، بە تایبەت كە پێكانی ناوبژیوانان لە یارییەكان، بە یەكێك لە دەگمەنترین حاڵەتەكان لە نێو یاریگەكانی تۆپی پێ دادەنرێت لە پاڵەوانیەتییە گەورەكاندا.
ئەوەی جێی سەرنجە، خواردنەوەیەكی نادیار بووەتە جێی مشتومڕ، لەو كاتەی چارەسەری ناوبژیوانەكە دەكرا پێش گەڕانەوەی بۆ بەرێوەبردنی یارییەكە.
هاندەران باس لەو خواردنەوەیە دەكەن و ڕۆڵی لە چاكبوونەوەی ناوبژیوان بۆ تەواوكردنی یارییەكە، بە تایبەت كە ئەو تووشی گرژبوونی ماسوولكە بووبوو.
خواردنەوە جادوویەكە چی بوو؟
سامر شەهرانی، پسپۆرێ چارەسەری سروشتی و پێكانی یاریزانان، باسی لەوە كرد كە ئەو خواردنەوەیە پیكڵ جویس شۆتە، یان پێی دەوترێ شەربەتی ترشیات.
ئەو شارەزایە باسی لەوە كردووە كە ئەو جۆرە خواردنەوەیە، ئەو كاتانە بەكار دێ كە كەسەكە تووشی گرژبوون و توندبوونی لەناكاوی ماسوولكە بووبێ، نەك بە ئامانجی قەرەبووكردنەوەی شلەی لەدەستدراوی جەستە بە هۆی ماندووبوونەوە، كە بەشێك پێیان وابوو.
باسی لەوەش كردووە، كە ئەو خواردنەوەیە، كاریگەرییەكەی بە جۆرێكە كە كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی نیشانەكانی گرژبوونی بە خێرایی هەیە، هەر بۆیە ناوبژیوان چەند خولەكێكی كەم دوای پێكانەكەی، دەمودەست توانی هەستێت و یارییەكە تا كۆتایی بەڕێوە ببات.
بەو پێیە، دیمەنی ئەو خواردنەوەیەی بۆ ناوبژیوانە ئەڵمانییەكە هات، بووە دیمەنێكی دیكەی سەیر و نامۆی مۆندیال، كە بووە جێی مشتومڕ و پرسیاری هاندەران و چاودێرانی وەرزشی.
ئەستێرەیەكی پاراگوای بووە یەكەم قوربانیی ئەو یاسایەی بە هۆی ڤینیسیۆسەوە دەركرا
یاریزانی پاراگوایی میجێل ئەلمیرۆن، بووە یەكەم یاریزان بە هۆی داپۆشتی زاریەوە لە كاتی قسەكردن لەگەڵ بەرانبەر و ڕكەبەرەكەی، كارتی سووری وەرگرت.
لە یاریی نێوان توركیا و پاراگوایدا، كە بە سەركەوتنی هەڵبژاردەی پاراگوای كۆتایی هات و توركیا كرایە دەرەوەی مۆندیال، یاریزانی پاراگوایی میجێل ئەلمیرۆن بووە قوربانیی یاسای ڤینیسیۆس و كارتی سووری وەرگرت.
لەو یارییەی لە سان فرانسیسكۆی ئەمریكا بەڕێوە چوو، هەردوو هەڵبژاردەی پاراگوای و توركیا بە یەك گەیشتن و توركیا یارییەكەی دۆڕاند و ماڵئاوایی لە مۆندیال كرد، بەڵام لەو یارییەدا یەكێك لە یاسا تازەكانی فیفا بۆ مۆندیال جێبەجێ كرا، ئەویش ڕووپۆشكردن زارە لە كاتی قسەكردن لەگەڵ یاریزانان و دەستەی تیپی بەرانبەر. بە جۆرێك ئەلمیرۆنی تەمەن 32 ساڵان، دەستی لەسەر دەمی دانا لەو كاتەی لەگەڵ یاریزانی توركی مێرت مۆلدۆر قسەی كرد، كە یەكسەر یاریدەدەری ناوبژیوانی ئاگەدار كردەوە كە لە تەنیشتی بوو.
ناوبژیوانی یارییەكە ئیڤان بارتۆنی سلڤادۆری، رایگەیاند كە یاریزانەكەی بە كارتی سوور لە یاریگە دوور خستووەتەوە، دوای لێدانەوەی دیمەنی ڕووداوەكە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە.
ئەو ڕووداوە پێش كۆتاییهاتنی نیوەی یەكەم رووی دا، لەو كاتەی هەڵبژاردەی پاراگوای بە گۆڵێك لە پێش بوو. هەڵبژاردەی پاراگوای سەركەوتوو بوو لە پارێزگاری لە گۆڵەكەی و ئەنجامی كۆتایی 1-0 گۆڵ یارییەكەی لە بەرژەوەندیی خۆی كۆتایی پێ هێنا و هەڵبژاردەی توركیای خستە دەرەوەی مۆندیال.
پاراگوای خۆیشی بۆ قۆناغی 32ی خولەكە سەر دەكەوێ، ئەگەر لە دوایاریی كۆمەڵەگەی لە هەڵبژاردەی ئوسترالیا بباتەوە، كە هەینیی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.
ئەمە یەكەمجارە لە مێژووی خۆیدا، یارییەكانی مۆندیال ئەو یاسایەی تێدا جێبەجێ دەكرێت.
بڕیارەكە ئەو یاسایەی جێگیر كردووە لە كۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجوومەنی یەكێتیی تۆپی پێی جیهان (ئیڤاب)، كە مانگی چوار لە ڤانكۆڤەر بەرێوە چوو.
جیانی ئینڤانتینۆ، سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا) لە كاتێكی پێشتردا رایگەیاندبوو كە پێشوازی لە سزایەكی لەو جۆرە دەكەن، ڕاشیگەیاند پێویستە ناوبژیوانان لەسەر ئەو گریمانەیە كار بكەن، كە یاریزانان شتێكیان وتووە، كە نەدەبوو بیڵێن.
هاوكات ئەو بڕیارە دەخرێتە بەردەم ناوبژیوان و بژاردەی ئەوەی لەبەردەمدایە، دۆخەكانی رووداوەكە هەڵسەنگینێ ئینجا بڕیار بدات و كارتی سوور بدا یان نا.
لە مانگی دووی ڕابردوو، پرسی داپۆشتی دەموزاری یاریزانان، هەڵا و دەنگدانەوەی زۆری بە دوادا هات، دوای ئەوەی جیانلۆكا بریستیانی، درێسەكەی بەرز كردەوە و قسەی لەگەڵ یاریزانی بەڕازیلی ڤینیسیسۆس جۆنیۆر كرد لە یاریی یانەكەی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەروووپا.
ئەو كاتە یاریزانە ئەرژەنتینییەكە تۆمەتی زۆری درایە پاڵ، بەوەی قسەی ڕەگەزپەرستانەی كردووە و ئەویش ڕەتی كردەوە. بەڵام بۆ یارییەك بە شێوەی كاتی ڕاگیرا، دوای لێكۆڵینەوەی لیژنەی تایبەتی یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یویفا)، بۆ شەش یاریی ڕاگیرا.

