دوێنێ، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە هەماهەنگی لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پ.د.ک، مێزگردێکی گفتوگۆئامێزی بۆ شاندێکی باڵا لە کونسوڵ و ڕاوێژکارانی وڵاتی چین لە هەرێمی کوردستان ڕێکخست.
مێزگردەکە بە ئامادەبوونی زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، د. چنار سەعد عەبدوڵا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، و ژمارەیەکی بەرچاو لە کادرانی پێشکەوتوو، مامۆستایانی زانکۆ، نووسەران و ڕۆژنامەڤانان بەڕێوەچوو.
لە مێزگردەکەدا، بە وردی گفتوگۆ لەسەر (سیاسەتی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی) کرا.
لەلایەن شاندی وڵاتی چین، تێڕوانینی وڵاتەکەیان سەبارەت بە ستراتیژیەتی بەرفراوانی چین لە ناوچەکە، بەتایبەت لە بوارەکانی گرنگیدان بە وزە، بازرگانی، پەرەپێدانی ژێرخان و پرسی دیپلۆماسی خرایە ڕوو، هەروەها بە شێوەیەکی زانستی شرۆڤەی کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.
لە مێزگردەکەدا، تێروانین و گفتوگۆ لەلایەن ئامادەبووان، کادرانی پێشکەوتوو و ڕۆژنامەڤانانەوە بەڕێوەچوو، هەروەها پرسیار و سەرنجی جیاجیا لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ شاندی وڵاتی چین گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و ناوەڕۆکی بابەتەکە زیاتر دەوڵەمەند کرا.

