رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە سه‌رکونسڵی نوێی کۆماری چیک كرد

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 17.6.2026 لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاوکارییە دوولایەنەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە لۆكاش گیۆرچ سه‌رکونسڵی نوێی کۆماری چیک کرد .

لە کۆبوونەوەیه‌کدا، هه‌ردوو لایەن باسیان لە گرنگی گەشەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسی، ئابووری، بازرگانی و کەلتوورییەکان کرد و جەختیان لەسەر پێویستی درێژەدان بە هاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزموون لە بوارە جیاوازەکان کردەوە.

پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بە گرنگترین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هه‌ولێر کرد و باسی لە پڕۆژەکانی دروستکردنی بۆند و بەنداوی ئاو، پڕۆژەی فریاگوزاری خێرا و دابینکردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ شاری هەولێر، هه‌روه‌ها پڕۆژەی رووناكی بۆ ڕووناککردنەوەی ماڵ و شەقامه‌كان و بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان (ریسایکلینگ) کرد.
هاوكات جەختی لەسەر گرنگی فراوانکردنی پشتێنەی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی شاری هه‌ولێر کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە زیادکردنی ناوچە سەوزەکان ڕۆڵێکی کاریگەر هەیە لە جوانکاری شار، باشترکردنی کەشی ژینگەیی و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی هاوڵاتیان.
سەرکونسڵی نوێی کۆماری چیک سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و گۆڕینەوەی شارەزایی لە بوارە جیاوازەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی شارستانی دەربڕی.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، هەردوو لا جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاوکارییە هاوبەشەکان کردەوە بە مەبەستی پشتگیری لە پڕۆژە گەشەپێدەر و خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای هەولێر.