رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە تۆم باراك كرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك ترەمپ بە سەرۆك بارزانی، خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشان دا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە هەبوو.

جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراق و ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئایندەدا هەیە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسفی كرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە، هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە كێشەكان، بەڵام بە ناحەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەكەی بڕوات.

لە تەوەرێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی نوێی عێراق، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستیی سەقامگیركردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە كۆنتڕۆڵكردنی هێزە چەكدارە ناڕەسمییەكان كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەك لەدەستی میلیشیاكان و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق.

سەبارەت بە حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆك بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە پاڵپشتیكردنی عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە هەموولایەك پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستوور كار بكرێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و هاوكێشەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێكەوە كار لەسەر كۆمەڵێك ئەولەوییەتی هاوبەش بكەن بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی دۆستایەتیی ستراتیژیی درێژخایەن لە ڕووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان