ئەمڕۆ دووشەممە 6/15، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کردەوە.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ڕووبەڕبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.
لەمبارەیەوە باڵیۆزی بەریتانیا سەردانی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکومەتی بۆ بەغدا بەرز نرخاند و بە سەرکەوتووی ناوبرد بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی گرنگی یاسادانان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستووییی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

