محەمەد سۆران
بەشێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە کە ڕۆمان یان شیعر، یاخود هەر ژانرێکی دیکەی ئەدەب پێویستە ئاوێنەی سەردەمەکەی خۆی بێت. منیش ئەمەم پێ دروستە، چونکە هەر کەسێک بۆ نموونە ڕۆمانی (ژانی گەل) بخوێنێتەوە، یان ڕۆمانی (پێشمەرگە)، بۆی دەردەکەوێت کە لەو سەردەمەی کە ڕۆمانەکەی تێدا نووسراوە ژیانی کۆمەڵگا و خەڵکی خۆمان چۆن بووە. ئەمە لەو کاتەدا هاوشێوەی ئاوێنەیەک ئەو سەردەمەمان نیشان دەدات کە ئەگەر لەو ساتەشدا نەژیابێتین، لە ڕێگەی ئەو ڕۆمانەوە دەتوانین وێنەی ئەو سەردەمە لە خەیاڵی خۆماندا دروست بکەین. ئەوەی لە ڕۆمانی (تابووتی پەیمانی خودا)دا بەدیم کرد، ئەو وێنە جیهانییە بوو کە نووسەر هەوڵی داوە لە ڕێگەی وێنەسازییەوە نیشانمان بدات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هەوڵێکە بۆ کرانەوە بەڕووی جیهاندا. لەبەر ئەوەی کورد لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا لەدواوەیە، وەک شەپۆلێکی گەورە و خێرا ئێمەی گرتەوە و بەتایبەت تر زیرەکیی دەستکرد. کورد تەنیا وەک بەکارهێنەر رۆڵی هەبووە لە گۆڕانکارییەکاندا؛ ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژێردەستەین و ئازاد نین، لەلایەن چوار وڵاتەوە داگیر کراوین و دەلاقەیەکی ئازادیمان بۆ نەماوەتەوە هەتا گۆڕانکاری بکەین لە ئاستی جیهانی. شێوازی گێڕانەوەی ئەم ڕۆمانە بە جۆرێکە کە دەتوانین ناوی بنێین دەقی کراوە. لەبەر ئەوەی ئێمە تاڕادەیەک دەقی کراوەمان نییە، هەموو لە خاڵێک دەستپێدەکات و لە خاڵێک کۆتایی دێت. بەڵام نووسەر لەم دەقەدا بە کراوەیی لە بەردەم چەند پرسێکدا ڕامانمان فراوان دەکات و وادەکات خۆمان پرسیار دروست بکەین. ئەمەش خوێنەری بەرهەمهێن دروست دەکات و خەیاڵی ئێمە فراوانتر دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر نووسەر خۆی لە بەرگی دووەمدا وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە کە ئێمە لە دوای خوێندنەوەی بەرگی یەکەم بۆمان دروست بووە. بۆیە پێویستە سەنگی ئەم جۆرە دەقانە بەرزتر بکەینەوە، لەبەر ئەوەی بە جۆرێک خوێنەر دەخاتە خەیاڵەوە کە ناتوانین خۆمانی لێ ڕزگار بکەین و لەگەڵ ڕووداوەکاندا پەلکێشمان دەکات بۆ ناوەوەی نهێنییە نەزانراوەکانی دنیا. وێنەی وڵاتە زلهێزەکانمان نیشان دەدات کە چۆن هەوڵیان داوە لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکرد و تۆڕەکۆمەڵایەییەکانەوە دەست بگرن بەسەر دنیادا و ئاگاداری هەموو شت بن. هەر ئەم دەقە شەڕێکە لە نێوان لۆژیک و واقعدا، چونکە ئێمە ئەگەر بمانەوێت بگەینە ئەو ساتەی کە تابووتی پەیمانی خودا دێتە خوارەوە، ئەوا وێنەیەکی تەواو خەیاڵیمان بۆ دەکات و دوورمان دەخاتەوە لەو واقعەی کە لە ئێستادا دەگوزەرێت. کارەکتەر لەم ڕۆمانەکەدا چۆنە؟ هەموو قۆناغێك دەبــڕێت و تەنانەت بۆ ئێستایـش، بۆ بنیاتنانــانی هـــەر دەقێكـی گێڕانەوەیی، وەكــو شانۆ و ڕۆمان و چیرۆكی هونــەری، گرنگە نوسەر ڕەچاوی بكات، بەو پێیەی لە هەموو قۆناغ و سەردەمەكاندا، مرۆڤ لە هەر كۆمەڵگایەكدا بێت خاوەنی تایبەتمەندی و بیركردنەوە و سیمای جیاوازە، كە دەبێت لەناو دەقەكاندا، لە زمان و كردەی كارەكتەرەكاندا ڕەنگ بداتەوە.
بێگومان ئەگەر كۆنتر لە گریگ بڕوانین، كارەكتەر وەك ڕەگەزێك لە حیكایەت و دەقە ئایینی و ئەفسانەكاندا ئامادەیی هەمیشەیی هەیە. هەر حیكایەت و ئەفسانەیەكی جیهان بە گشتی و گەلانی ڕۆژهــەڵات بە تایبەت بــە نموونە وەربگرین، بەبێ رووداو و كــارەكتەر مانایەكی ئەوتۆیــان نامێنێتەوە. بەڵام بەراود بە كارەكتەری ڕۆمان و چیرۆكە هونەرییەكانی ئێستا، جیاوازییەکی زۆری هەیە و لە فۆرمی جیاوازدا فۆرمەلە بوونە. یەکێک لەو کارەکتەرانەی جێگەی سەرنجڕاکێشانە، (موزیک)ـە منداڵێکی بچووک بووە، کاتێک بوونەوەرە ئاسمانیەکان دێنە گوندەکەیان. خۆی و خوشکەکەی لەماڵ دەبن، هەموو خەڵک هەڵدێن و ئەو لەماڵەوە جێدەمێنێت و بوونەوەرەکان دەیبەن. کاتێک زۆر دەگری ئەوانیش سەگێکیان لەگەڵ دەبێت و بەشیری سەگ ژیر دەبێتەوە. دواتر هەر بەناوی سەگەکەوە بانگی دەکەن و پێی دەڵێن (جۆرج). هەتا کۆتایی هەر بە جۆرج دەمێنێتەوە. دواتر لەڕێگەی جادووگەرێکەوە نیوەی دەکەن بەبوونەوەر و نیوەکەی تری مرۆڤ. کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی لەبەر ئەوەی زانیارییان بۆ کۆ بکاتەوە، تەماشا دەکات. ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نووسەر لەم ڕۆمانەکە کارێکی وردی لەسەر کارەکتەر کردووە لە هەموو ڕوویەکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا وێنەیەکی تەواو خەیاڵی بۆ خوێنەر کردووە لە کارەکتەری (جۆرج)ـدا، ئەمە وای کرد لەلام زۆر جوانتر بێت. چونکە خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ حاڵێک کە لە دەرەوەی لۆژیکدایە. هەر زیرەکیی دەستکرد وادەکات لە جیهان بەرەو تاکگەرایی بڕوات و مرۆڤ پێی باش بێت لەگەڵ ئاژەڵێکدا بژیێت لە ماڵەوە گونجاوەترە وەک لەوەی کە مرۆڤێکی نوێ بکات بە هاوسەفەر و هاوژیانی خۆی.
ئەم ڕۆمانە لایەنی سیاسییشی فەرامۆش نەکردووە، چونکە زیرەکیی دەستکرد بەڕای من جۆرێکە لە شەڕی سیاسی و وادەکات کە میللەتانی دیکە بیر نەکەنەوە و بکەونە ژێر ڕکێفی ئەو دەوڵەتەی کە دروستی کردووە. روداوی رۆمانەکە دەگاتە سێگۆشەی بەرمودا، هەموو سەرکردە زلهێزەکانی جیهان رەمزی دەسەڵاتن بە ملیۆنەها کۆلارەی پشتیانەوە دەکەونە ناو زریانەوە و ئەوەی رزگار دەبێت تەنی فەزایی هەسارەکە و تابووتی پەیمانی خودا بە ملوێنەها کۆلارەی قوربانیەکانی بوونەوە و پلاپیتۆی جندۆکەیە بە ئەسپی سفادلفاری و باڵندە سەمەندەلەکەوە. ئیتر زەوی بوونەوەری لێ نامێنیت و بە گەیشتنی تابووتی پەیمانی خوداش بۆ سەر هەسارەکە هەموو بوونەوەران تووشی تاعوونی تابووتەکە دەبن. ئەوەی زیندووە لەگەردوندا ئەو کۆلارانەن قوربانیەکانن لە قابیلەوە هەتا ئێستا لە ڕێی ڕەمزەوە لەسەر هەسارەکەدا زیندوو دەبنەوە. فەلسەفەی مەرگ لەم ڕۆمانەدا، سەرەتا بابەتی مەرگ وەک یەکێک لەگرنگترین بابەت گفتوگۆ دەکرێت لای مرۆڤایەتی، هەروەها مەرگ وەک شەپۆلێکی تاریک و ترسناک، پەیوەست بونی بە ژیانەوە هەیە، لەم رۆمانەشدا کۆمەڵێک لێکەوتەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و میتافیزکی، هەروەها گەڕان لەدوای جوانی مەرگ لەنێو پێکهاتەی ئەدەبیاتدا، لەوانە گێڕانەوە بەتایبەت لە پێکهاتەی ئەم ڕۆماندا، دەیەها پرسیاری سەرسۆڕهێنەر دەسازێنن. لەم رۆمانەدا سۆپەرمەنیەتێکی بێوێنە دەبینین. نووسەر بەبێ ترس کار بە سەرکردەی وڵاتە زلهێزەکان دەکات. وەک ناتانیاهۆ، جۆ بایدن، ڤلادیمێر پۆتین و شی جیپینگ و دۆناڵد ترامپ وەک دادگایی جیهان بکات و شۆڕشی سپی، یاسا و رێڕەوی جیهان بگۆڕێت. ئەگەر واش بێت بۆ نا، چونکە گۆڕانکاری لە جیهاندا لە ڕێی ڕۆمانەوە دەکرێت. هەر ڕۆمانە کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکەن دەگۆڕێت. ئەوەی تێبینی کراوە، نووسەر دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیاوە دەتوانن هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتەکانی تردا بسەپێنن و هەلی کۆمەڵکوژییش زیاترە. لەبەر ئەوەی گەیشتووین بە ئاستێک هیچ نهێنییەکمان نەماوە. بۆیە دەبێت وردتر کار لەسەر بە کلتوورکردنی خۆمان و دابونەریتمان بکەین. چونکە ئێمە ئێستاش لەژێر جینۆسایدداین، خاک و زمان و گەنج و کۆمەڵگەمان داگیر کراوە.

