رۆژنامەی ھەولێر

ئەتلەتیکۆ مەدرید بە گاڵتەجاڕی وەڵامی ریاڵ مەدریدی دایەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

ئەتلەتیکۆ مەدرید بە گاڵتەجاڕی وەڵامی ریاڵ مەدریدی دایەوە
بە هۆی ئۆفەرێکی یانەی ریاڵ مەدرید بۆ یاریزانی ئەرژەنتینیی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید جۆلیان ئەلڤارێز، ئەتلەتیکۆ مەدرید گاڵتە بە ریاڵ مەدرید دەکات.
یانەی ریاڵ مەدرید دوێنێ چوارشەممە لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، ئاشکرای کرد، کە ئۆفەرێکیان پێشکەشی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید کردووە بۆ ئەوەی یاریزانی ئەرژەنتینیی یانەکە جۆلیان ئەلڤارێز ببەنە ڕیزەکانیانەوە، بەڵام یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید گاڵتەی بەو بۆندە کردووە.
لە ڕاگەیاندراوی فەرمیی یانەی ریاڵ مەدریددا، کە لە سایتی یانەکەدا بلاو کراوەتەوە، هاتووە: یانەی ریاڵ مەدرید، کۆبوونەوەیەکی دەستەی کارگێڕیی کرد و گرێبەستێکی بە بەهای ١٥٠ ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید کردووە بۆ ئەوەی جۆلیان ئەلڤارێزی یاریزانی یانەکە ببانە ریزەکانیانەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ڕیال مەدرید، ئەو ئۆفەرە لەلایەن کارگێڕیی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە ڕەت کرایەوە، کە پابەندی مەرجەکانی گرێبەستەکە بوون. لە بەیاننامەکەدا وردەکاری وەڵامەکەی ڕوون کراوەتەوە: “دوای لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ئۆفەرە، ئەتلەتیکۆ مەدرید سوپاسی یانەکەی کرد بۆ ئەو ئۆفەرەی لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە باشەی لەنێوان هەردوو یانەدایە، بە ئاماژەدان بە مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە.
ئەو ڕەتکردنەوەیە، لە چوارچێوەی توندوتۆڵکردنی گرێبەستی یاریزانەکەیە، کە مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆیە و ئەوەیش ڕەنگدانەوەی خواستی ئەتلەتیکۆ مەدریدە بۆ مانەوەی یاریزانەکە تا کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی کە ساڵی ٢٠٣٠ـیە. لە کاتێکدا ئەو یاریزانە لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٤ لە یانەی مانچستەر سیتییەوە چووە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید.
ئەو یاریزانە تەمەن ٢٦ ساڵانە، ئێستە جێی بایەخی هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ریاڵ مەدریدە، ئەوەیش بە هۆی ئاستە بەرزەی وەرزی ڕابردوو لەگەڵ یانەی رۆخیبلانکۆس پیشانی دا.
لە پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بەرپرسانی کارگێڕیی ئەتلەتیکۆ مەدرید، گاڵتەیان بە ریاڵ مەدرید کردووە و لە تۆڕی ئێکس ئیمۆجیی پێکەنینیان لە نێوان دوو کەوانە داناوە، ئەوەیش بۆ ڕاگەیاندراوەکەی یانەی ریاڵ مەدریدە کە لەسەر ئۆفەرەکەیان بڵاویان کردەوە.
دواتر یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، پۆستێکی دیکەی لە هەمان تۆڕ کرد و رایگەیاند: ڕاگەیاندراوی فەرمی، ڕوونکردنەوەمانە لەسەر ڕاگەیاندراوەکەی یانەی ریاڵ مەدریدی دراوسێمان:
1- لە ڤیدیۆی پاپادا، کە وتی هاندەری ئەتلەتیکۆ مەدریدیشە، ئەو بەشەی بڕاوە.
2- پێدەچێت ڕێز و سوپاسگوزاریتان تێکەڵ کردبێت، بەڵام بۆ ئەوەی هیچ بوارێک بۆ گومان نەهێڵیتەوە: ئێمە سوپاستان ناکەین بۆ هیچ شتێک.
3- ئێمە هیچ ئۆفەرێک بۆ جولیان ئەلڤارێز هەڵناسەنگێنین و سەیری هیچ ئۆفەرێکیش ناکەین بۆ ئەو مەبەستە.
4- چۆن توانیمان پێکەوە نەگونجێین (پەیوەندییەکی باشمان هەبێت)، لە کاتێکدا ئێوە لە بەرشەلۆنە زیاتر پێمان پێبکەنیت؟ گاڵتەجاڕییەکە هەر بەوەوە نەوەستا و ئەتلەتیکۆ لە تویتێکدا نووسیویەتی: “بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە باشەکەمان لەگەڵ سەرۆکی نوێتان، با بزانین ئایا واز لە ڕاوکردنی یاریزانانی ئەکادیمیاکەمان دێنن. زۆر سوپاس”.
لەلایەکی دیکەوە، گاڵتەجاڕییەکانی ئەتلەتیکۆ مەدرید، پێشتر بەرشلۆنەشی گرتبووەوە، بە جۆرێک هەر یاریزانێک بەرشلۆنە بە ئامانجی بگرتایە، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە سەکۆ مێدیاییەکانی، وێنەی ئەو یاریزانەی بە درێسی ئەتلەتیکۆوە بڵاو دەکردەوە.
لەو ڕووەوە پێشتر ڕافا یۆستی، جێگری لاپۆرتا، ڕایگەیاند: یانەی بەرشلۆنە، هەوڵە گاڵتەجاڕی و تووڕەكارییەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید كاریگەریی لەسەر ناكا، كە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەیكەن قسەکانی، وەڵامی ئەو پۆست و بڵاوكرانەوەی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بوو، کە بەم دواییە دەیانکرد و درێسی یانەكەیان لەبەر ئەو یاریزانانە دەكەن كە یانەی بەرشلۆنە گرنگییان پێ دەدات و بڵاوی دەكەنەوە.

کاتی گەیشتنی مۆرینهۆ بۆ مەدرید و کۆنگرەی رۆژنامەوانی، ئاشکرا کرا
خۆزێ مۆرینهۆی راهێنەری پورتوگالی، خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی راهێنەرایەتیی خۆی لە یانەی ریاڵ مەدرید دەست پێ بکات.
یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا، بە شێوەیەکی فەرمی، رۆیشتنی ڕاهێنەری کاتیی یانەکە ئەلڤارۆ ئەربیلووای ڕاگەیاند. کە لە نیوەی دووەمی وەرزەکەوە ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەکەی لە ئەستۆدا بوو.
یانەی بەنفیکاش ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، ئاشکرای کرد کە ریاڵ مەدرید مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مۆرینهۆ دەدات، کە ١٥ ملیۆن یۆرۆیە، هەر بەو هۆیەوە یانە پورتوگالییەکە دەستبەرداری راهێنەرەکەی دەبێت و مارکۆ سێلڤا لە شوێنی مۆرینهۆ وەکوو راهێنەر دەستبەکار دەبێت.
تۆڕی سکای سپۆرتس دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند: خۆزێ مۆرینهۆ لە لیشبۆنەوە گەشتی مەدریدی کردووە بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی گەڕانەوەی بۆ ریاڵ مەدرید تەواو بکات.
باسی لەوەش کرد، هەر لەگەڵ تەواوکردن ڕێوشوێنەکان، دەمودەست مۆرینهۆ لە یاریگەی مەشقدانەوە دەستبەکار دەبێت.
دووپاتیشی کردەوە: ریاڵ مەدرید ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا گەڕانەوەی مۆرینهۆی بۆ یانەکە دووپات کردەوە، بە گرێبەستێک بۆ ماوەی سێ ساڵ، بڕیاریشە ٥ ئەندامی دەستەی هونەری، هاوەڵ و هاوکاری بن.
سکای سپۆرت باسی لەوە کردووە، کە هێشتا هیچ پلانێک بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی رۆژنامەوانی، یان ئاهەنگی پێشوازیلێکردنی نییە، لە رۆژانی داهاتوو ئەوە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.