رۆژنامەی ھەولێر

شکـــــــــۆی شێــــــــــــــواو

پەری شێخ ساڵح
1. کێلێکی سپی
لە سەر شۆستەی ڕەق ڕوواوە
تەمەن بووە بە جوگرافیا.

2 . بایەکی کێوی
تەمەنی بەفری کێشاوە
لووتکە بەرزەکان لەرزین.

3. لێدان لە تەمەن
شکاندنی شووشەی کات بوو
لە ژێر سەکۆ ساردەکاندا.

4. خاکی کۆن
فێری زمانی لێدان نابێت
ڕەگ ناچەمێتەوە.

5. باوەشی کڕدراو
بۆ چەند دراوێکی تێربوون
پێشوازی لە تەم دەکات.

6. بێدەنگییەکان
برینی خاوەن ماڵیان
کردە سایەی حەوانەوە.

7. پێستی ماندوو
بۆنی گەنم و ڕەگ دەدات
نەک جانتای کڕیارە کاتییەکان.

8. شاری بەردین
یادەوەرییە تیژەکان
لە ناخی خۆڵەمێشدا دەشارێتەوە.

9. پێڵاوی زێڕ
سەر دەنێت بەسەری سپیدا
ویژدانی گۆڕەپانەکە خەوتووە.

10. پەنجەیەکی چاونەترس حەساری کۆنی کونکرد
لەنێو کڕیوەی دڵڕەقیدا.

11. نامۆکان دەڕۆن
تەمومژی شەقام دەپووکێتەوە
برین ڕەگ دادەکوتێت.

12. ئەمە چاخی فرۆشتنی چرکەکانە
بەڵام خۆڕاگریی تۆ
بڕبڕەی پشتی دەربەندەکانە

13. کۆماری ماتەمینی
سەقفی ئەم گەردەلوولەی داپۆشیوە
خوێن هێشتا دەقێکە ڕاستی دەدرکێنێ

14. ئاو و هەوای ئێرە پیتەکانی غەریبی دوور دەخاتەوە، کۆڵان بۆنی چیای گرتووە

15. دەماری گەرم
تێکەڵی خۆڵی شەقام بوو
لووتکەکان چاویان لێکنا.

16. سەهۆڵبەندانی نیشتمان،شایەتی سووتانی گەڵاکانە لەنێو دووکەڵی بازاڕدا

17. زەبرێک
پەڕی کۆترێکی ڕاکێشا
فڕین ژاکا.

18. سەمفۆنیای دارتووەکان
لە حەساری بێدەنگیدا
بوو بە هەوێنی هاوار.

19. پەنجە زبرەکان لە شاشەکەوە ڕۆحی درەختەکانی بریندار کرد هەموو هەنارەکان ڕووت بوونەوە.