رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم حەمەی نێرگز ١٩٤٢-٢٠١٣

یاسین قادر بەرزنجی
کوڕی ماڵێکی هەژار بووە، دوای مەرگی باوکی، باجی نێرگزی دایکی بۆ پەروەردەی کاکە حەمە و منداڵەکانی تری ڕەنجی زۆری کێشاوە، وەک زۆر گەنجی تر، حەمەی نێرگز شانی داوەتە بەر کارکردن و بە شاگردی و بەرگدروویی و کرێکاری ژیانی بەڕێ کردووە و خێزانی پێکەوە ناوە.
کاکە حەمە لە هەڕەتی لاوێتییەوە لەگەڵ خەم و مەینەتیی نەتەوەکەیدا ژیاوە، بە بەهرەمەندی و دەنگە خۆشەکەی کۆڕی دۆستانی گەرم و پڕ جۆش و خرۆش کردووە، سەرەتای حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ بەشی مۆزیکی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی، مەڵبەندی گشتیی سلێمانی، لە ئاهەنگی ئاواز و مۆزیکدا بووەتە ئاشناوڕۆشنای هونەردۆستان و هەوادارانی، کە لە شاشەی تەلەڤیزیۆنیششەوە دەرکەوتووە ژمارەی شەیدایانی دەنگ و هونەرەکەی یەکجار زیادیان کردووە .
کاکە حەمەی شەیدای هو هونەرەکەی، لە زووەوە هۆگری کتێب و خوێندنەوە بووە و وەک شیعردۆست و ئەدەبدۆست لە کۆڕی شاعیران و ئەدیبانی کورددا جێگای شایانی بۆ خۆی کردووەتەوە.
سەرسامیی ئەو بە مامۆستا گۆران وای کردووە زۆر بە سۆزەوە چەندین شیعری ئەو شاعیرە گەورەیە بە باشی و بە مەقام و بەستە بچڕێت، لەوانە: کراس‌کەتانی کەواسەوزی بەژن و باڵا کەڵەگەت، بۆ یەک شەو لای دایە ئەم دێیە ڕێی وێڵم ئەی چاو چەشنی بازی قەفەز.
حەمەی نێرگز وەک هونەرمەندێکی نەتەوەپەروەر هەر زوو لە ئەرکی نیشتمانپەروەریی خۆی گەیشتووە و وتوویەتی :
پێشمەرگە سەنگەری شەرەفی میللەتی هەڵبژاردووە و خوێنی بەخشیوە، من و چەندین لە هاوڕێ هونەرمەندکانیش لە سەنگەری هونەری ڕەسەنی میللەتەکەماندا بووین.
ئەم هاوڕێ هونەرمەندەمان خاوەنی هەڵبژاردەیەکە لە ئاوازی جوان و گۆرانیی لەیادنەچوو، لەوانە :
جووتێ چاوی شین و مەنگ، لیمۆ هەی لیمۆ، ڕێبوار و ڕێبوار، سەوزە مەڕۆ، باخم بێ بەرهەم.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی گۆرانییەکانی وتوویوتی:
لە بەرنامەمدا بووە پەلە نەکەم، کاری زۆر و بۆرمان پێ خۆش نەبوو، نەمویستووە گۆرانییەکانم دوای چەند مانگێک گوێگریان نەمێنێ .
کاکە حەمەی خۆشمەشرەب، بیرتیژ و قسەخۆش بوو، جارێکیان لە کۆڕی هاوڕێیاندا برایەکی چیرۆکنووسمان پێی وت: حەمە گیان تا پیرتر نەبوویت و چاوت بە تەواوی لەدەست نەداوە دوو سێ گۆرانی تر بڵێ، دەنا دەبێ قورعان بخوێنی..
حەمەش دەمو دەس وتی:
نا خەمت نەبێ مامۆستا کەی وام لێهات کورتەچیرۆک ئەنووسم..
ئێدی هەموو دامانە قاقای پێکەنین.
یەک لە ئاوازە نەمرەکانی هونەرمەندەکەمان گۆرانی (خەوی سەوز)ە، چیرۆکی ئەو شیعرو گۆرانییە لای منە و کاکە حەمەش جارێکیان لە دیدارێکی گۆڤاری (ڕۆژی سلێمانی)دا باسی کردبوو.
ساڵی ١٩٧٤ من چوومە بەغدا بۆ پێشکەشکردن لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، ئەو ساڵە کوردیان وەرنەگرت، منیش بە دڵی شکاوەوە گەڕامەوە بۆ هوتێل عەبدوڵڵای سەر شەقامی جمهوری، لای برامان مارف ناسراوی شاعیر کە لەو هوتێلە کاری دەکرد، شەو کاک مارف وتی با سەرێ لە ژوورەکەی کاک دڵشاد مەریوانی بدەین، ئەوە بوو لەگەڵ ناسراو و هاوڕێیانی ڕەوانشاد هەمزە عەلی و ئەکرەمی مام عەلی چووینە خزمەت دڵشادی مامۆستامان، لەوێ هەواڵی بریندارکەوتنی حەمەی نێرگزم پێ وت لە کاتی کاری کرێکاری و قیرتاوکردندا بە تەقینەوەی لوغم، پێشم وت شوکر باشە و چوومەتە لای، کاک دڵشادی هاوڕێی گیانی‌بەگیانی کاکە حەمە فرمێسک پەڕییە چاوەکانی و وتی کەی دەڕۆیتەوە، وتم بەیانی زوو سەعات ٦، بۆ بەیانی بەر لەو وادەیە لە دەرگای ژوورەکەی دام و وتی تکایە ئەم نامە و شیعرەم بۆ بگەێنە بە حەمە گیان، تومەس هەر ئەو شەوە شاکارە شیعرییەکەی (خەوی سەوز)ی نووسیبوو، منیش گەڕامەوە و شیعرەکەم دایە حەمە، ئەوە بوو دوای باش بوونەوەی ئەو ئاوازە هەرە جوانەی بۆ دانا.
یادت بەخێر کاکە حەمەی خۆشەویستی هەمووان، هونەرمەندە دەنگ و ئاواز شیرینەکە، یادت بەخێر .