رۆژنامەی ھەولێر

یادی پیاوێک لە ڕەنگ و بۆنی کتێب

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

یەکەمجار لە پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر بینیم. ئەو چەندینجار هاتبوو بۆ سلێمانی و سەردانی زۆرێک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کردبوو، بەڵام من هەر نەمبینی، زۆرجار چەند ساتێک پێش من لە یەکێک لەو دەزگا و ناوەندانە بوو بوو، یان دوای من چوو بوو، بەڵام ئیدی ڕێکەوت لە پێشانگەی کتێب بۆ یەکەمجار بیبینم. پیاوێک خاکی و خاوەنی ڕۆحێکی بێگەرد و تژی لە مەعریفە، هەرگیز بڕوام نەبوو من بناسێت، خۆم پێناساند و بە هێمنی، کە جۆرێک لە هێمنی تایبەت بوو بەخۆی گوتی؛ دەتناسم و دەتخوێندنەوە و ئاگادارتم. لەو ساتەدا هەم دڵخۆش و سەرسام بووم هەم حەپەساو، نەمزانی چی بڵێم. چەند ساتێک بەبێدەنگی لە تەنیشتی وەستام و سەرنجدا، دواتر باسی کۆتا بەرهەمم لێ پرسی تۆنێکی نیگەرایی لە قسەکانیدا هەبوو هەوڵمدا ئەوە بڕەوێنمەوە، ستایشی هەموو بەرهەمەکانی بەتایبەت وەرگێڕانی ئەفسانەکانیم کرد، کە چ کەلێنێکی گەورەی لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ کردووەتەوە. حەزی بە ستایش نەبوو. گەورەکان وەهان هەرگیز حەز بە ستایش ناکەن!

حەزم دەکرد کات بوەستێت و پێکەوە هەر گفتوگۆ بکەین، بەڵام من لەو کەسانەم، کە هەمیشە خەمی کاتی ئەوانی ترمە، دەترسم ببمە بار بەسەر کاتی ئەوانی ترەوە، بۆیە نیگەران و دوودڵ بووم، حەزم کرد وێنەیەکی لەگەڵ بگرم. مرۆڤ بۆیە وێنە لەگەڵ ئەوانی تردا دەگرێت تا بەهرەمەند بێت لە شکۆی ئەوانی تر، یان لانیکەم بیسەلمێنێت کە دیدارێکم لەگەڵ گەورەیەک هەبووە، یان کاتێک وێنە لەگەڵ پەیکەرێکیشدا دەگرین، دەمانەوێت بڵێین ئێمە لە تەنیشت گەورەیەک/ خۆشەویستێک/ دۆستێکداین، یان بووین. داوام لێکرد وێنەی لەگەڵ بگرم و ڕەتی نەکردەوە، بەڵام گوتی؛ بڵاوی نەکەیتەوە. بەڵێنم پێدا، تا لە ژیاندا بوو تەنها خۆم و دوو هاوڕێم وێنەکەیان بینی. نەمویست بەڵێنەکەم بشکێنم، چونکە نابێت ئەو بەڵێنانە بشکێنرێن، کە بە مرۆڤە گەورەکانی دەدەین.
ساڵانێکی زۆر دووراودوور تەنها بە خوێندنەوەی وشەکانی خۆشم ویست، لە دڵەوە عاشقی بووم، چونکە پیاوێک بوو لەودیو وشەکانەوە بۆ خەمی زمان و ئەدەب دەژیا، هەر بۆیە تامەزرۆی بینینی بووم، بۆ دیتنی دووجار چوومە هەولێر و لەوێوە چوومە بەحرکە (ئەو جێگەیەی ماڵی ئەوی لێ بوو) تەنها بۆ ئەوەی بیبینم، بەڵام نەمبینی، ماوەیەکی زۆر لەبەردەم ماڵیاندا وەستام و دوو هاوڕێشم لەگەڵ بوون، چاوەڕێم کرد هەر نەبوو. چەند وێنەیەکم لەبەردەم ماڵیاندا گرت. بەڵام چارەنووس وەهابوو پیاوی نێو کتێبان هەر لە باخی کتێباندا ببینم. لەوێ بینیم، سادە وەک کتێب، قووڵ وەک کتێب، ماندوو وەکو ئەو وشانەی کە خەمی سەدەکانیان لەکۆڵ ناوە و بۆ ئێمەی دەگوازنەوە. ساڵێکی تر لە هەمان پێشانگە بینیمەوە و خۆشحاڵیمی زیاتر کرد، هەستم کرد بینینی پڕم دەکات لە وزە و بێدەنگی و خاکەڕایی، بە سەرنجدان لەو فێربووم گەورەکان خۆیان بچووک و خاکەڕا پیشان دەدەن و ئەوە بچووکەکانن خۆیان بە گەورە دەردەخەن. گەورەیی ئەوانی تر هەستی پێدەکەن، گەورەیی پیشان نادرێت هەستی پێ دەکرێت لەوەوە فێری ئەوە بووم.
ئێستا کە یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی کراوەتەوە، بەر لە هەر کەسێک ئەوم بیر دەکەوێتەوە. ئەوم لە پێشانگەدا بینی و شێوەی بۆ هەمیشەیی لەبەرچاودایە. پیاوێک کە کتێب توانای ئەوەی نەبوو ماندووی بکات، بەڵام ڕۆژگار ماندووی کرد، زیاتر لە 50 ساڵ لەنێو کتێبدا ژیاو و بۆ کتێب ژیا هەر بۆیە ڕەنگی کتێبی گرتبوو. پیاوێک بوو لە وشە و بۆن و ڕەنگی کتێب، ئەو پیاوەش جگە لە عەزیز گەردی کەسی تر نەبوو.