ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمڕۆ ٤١ ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تێپەڕدەبێت، ئەوکات ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە ئۆردوگاکەدا نیشتەجێبوون و لەترسی حکوومەتی بەعس زێدی خۆیان جێھێشتبوو، بەڵام بەعس لەوێش وازیلێنەھێنان و لە ڕێککەوتی ٩/٦/١٩٨٥دا واتە لە گەرمەی شەڕی عێراق و ئێراندا، بە ھەشت فڕۆکەی جەنگی ئۆردوگاکەی بە چەکی قەدەخەکراوی نێودەوڵەتی بۆردومانکرد، بەوھۆیەوە ١٥٠ کەس شەھید و ٣٧٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچووی بەعسدا نەتەوەی کورد لە ھەرێمی کوردستان، دووچاری چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بووەوە، ھەر لە ئەنفالەوە بگرە تا کیمیابارانی ھەڵەبجە، کە ھەموو ساڵێک یادی قوربانیانی ئەو کارەساتە جەرگبڕانە دەکرێتەوە و ئەمڕۆش ساڵوەگەڕی بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوەیە.
بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە یەکێک بوو لە گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس دژی پەنابەران و ھاووڵاتییانی سڤیل، بەھۆی ھەڵوێستی نەگۆڕی کوردایەتی و کۆڵنەدان و داکۆکیکردن لە مافەڕەواکانی، گەلی کورد ڕووبەرووی چەندین تاوانی دڕندانە و تیرۆر و کۆمەڵکوژی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بووەتەوە، بەڵام ئەو تاوان و داگیرکاریانە نەیانتوانیوە ئیرادەی پۆڵاینی گەلی کورد لاواز بکەن، یەکێک لەو تاوان و جینۆساید و کارەساتانەش لە ٩/٦/١٩٨٥ ھەشت فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی لەناوچووی بەعس ئۆردوگای پەنابەرانی کوردیان لە زێوە بۆردومان کرد، ڕژێمی بەعس لەو ھێرشە ئاسمانییەدا بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵمی لە دژی ئەو ھاووڵاتییە مەدەنییانە بەکارھێنا، کە لە ئەنجامدا ١٥٠ ھاووڵاتی بێتاوان شەھید بوون و ٣٧٣ ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەت بوون، سەدان خانووی ئۆردوگاکەش لەگەڵ زەوی تەخت بوون.
دوای بۆردومانەکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرۆک بارزانی لە شوێنەکە ئامادەبوون و ھاوکاری کەسوکاری شەھیدانیان دەکرد و یەکە یەکەی بریندارەکانیان لە نەخۆشخانە بەسەردەکردەوە.
سەرۆک بارزانی، لە لاپەڕەی ٢٨٤ تا ٢٩٠ی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)دا بەوردی باسی لەو بۆردومانە کردووە و دەنووسێت: ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥، ڕۆژێکی ڕەش بوو لە مێژووی گەلەکەماندا و یەکێکە لەو ڕۆژانەی ھەرگیز لە یاددا ناسڕێتەوە. لەو ڕۆژەدا ڕژێمی بەعس بە بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە، دڕندانەترین ھێرش و گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێچەوانەی ھەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان کرد، کارەساتی زێوە خاڵێکی ڕەشی دیکەیە لە مێژووی تاوانبارانی بەعسدا. کاتژمێر ٩:١١ خولەکی بەیانی، چەندین فڕۆکەی دەسەڵاتدارە فاشیستەکانی بەعس، ئۆردوگای زێوەیان کردە ئامانجی بۆمبەکانیان و لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەیان کەس لە منداڵ و ئافرەت و پیر و پەککەوتەیان خەڵتانی خوێن کرد، لەگەڵ بیستنی ھەواڵی بۆردومانی زێوە، سەرۆک بارزانی سەردانی ئەوێ دەکات و دەڵێت: مەرگ باڵی بەسەر ئۆردوگاکەدا کێشابوو و کەم کەس توانای بینین و خۆڕاگرتنی لە ئاست تراژیدیاکەدا ھەبوو.
ئەو کارەساتە زۆر کاریگەری لەسەر سەرۆک بەجێ ھێشتووە، بۆیە بە فراوانی باسی دەکات و بینیویەتی کە دەیان ئافرەت و پیر و منداڵ شەھید بوون و سەر و دەست و قاچیان تێک ئاڵابوو، دەنووسێت: تا کاتژمێر ٧ی ئێوارە کە خۆی لە گۆڕستان بووە، ٨٩ کەسیان ھێناوە و شاردوویانەتەوە و ١٦٠ کەسی تر، بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراون.
سەرۆک بارزانی ھەموو ئەو کەسانەی لەوێ شەھید و بریندار بوون، بە قارەمان وەسف دەکات، بەڵام وەک بەسەرھاتێکی جیاواز باس لە ئامینە خان دەکات (ھاوسەری شەھید ناجی بەگ بیرۆخی و دایکی چوار شەھید و خوشکی سێ برای شەھید) و دەڵێت، بەلای ئەوەوە چیرۆکی ئەو ئافرەتە قارەمانە شتێکی جیاواز بووە و ھەرگیز لە بیرەوەرییەکانیدا ناسڕێتەوە و بۆ تاھەتایە لە یادەورییدا دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە ئامینە خان، سەرۆک بارزانی دەنووسێت: ئەو شێرەژنە خۆڕاگرە پارچە گۆشتی دوو کوڕ و نەوەیەکی لە کیسەیەکدا کۆ کردبووەوە، کاتێک چاوم پێی کەوت، خۆم پێ نەگیرا، کەچی ھاتە لام و باوەشی پێدا کردم و گوتی (نامەوێت بە چاوی گریانەوە بتبینم، ھەموویان بە قوربانت بن، دوو کوڕم ماون، ئەوانیش بە قوربانی کوردستان بن).
سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا سوپاسی ھەڵوێستی خەڵکی گوندەکانی دەڤەری (مەرگەوەڕ)ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکات، چونکە لە ساتی یەکەمی بۆردومانەکەدا، بە جارێک ڕژاونەتە ئۆردوگا و درێخییان نەکردووە لە ھەموو جۆرە ھاوکارییەک و دەرگایان بەڕووی خەڵکی لێقەوماودا کردووەتەوە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین کردوون.
لەو ڕۆژە خوێناوییەدا سەرۆک بارزانی بەڵێنی داوە کە تۆڵەی خوێنی ئەو شەھید و بێتاوانانە لە ڕژێمە دژەمرۆڤایەتییەکەی بەعس بکەنەوە و بەردەوام بن لەسەر خەبات و تێکۆشان تا ڕزگاریی گەلی کوردستان.
ھەر لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)دا، سەرۆک بارزانی باس لە بۆردومانێکی تری ڕژێمی بەعس دەکات کە ئەویش لە ڕێکەوتی ١/٧/١٩٨٥دا ھەر کراوەتە سەر ئۆردوگای زێوە و لەو ھێرشەدا ھەڤاڵ دەسکۆ ئەحمەد ئیسقەیلی (ئەندامی لیژنەی ناوچەی زیوە)، شەھید بووە و ٩ کەسی تریش بریندار بوون، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئۆردوگا چۆڵ کرابوو، ژمارەی قوربانییەکان کەمتر بووە، ئەگەرنا وەکو ئەوەی سەرۆک باسی دەکات، بۆردومانەکە لەوەی یەکەم زۆر توندتر و قورستر بووە.
لە دوای تێپەڕبوونی ٤١ ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، تائێستا بەشێک لە بریندارانی ئەو کارەساتە پێویستیان بە چارەسەر وەرگرتن ھەیە، لە ھەمووی گرنگتر پێویستە ھەوڵی جددی بدرێت، شەھیدانی ئۆردوگای زێوە و کارەساتەکانی دیکە بە جینوساید بناسێندرێن.
بەرپرسانی شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ئیدارەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، وەک ڕێزێک بۆ قوربانیانی ئۆردوگاکە وێنە و یادەوەرییەکانی ئەو شەھیدانە لە مۆزەخانەی یادەوەری شەھیدانی سۆران دانراوە، ساڵانە بە دانانی تاجە گوڵینە لەبەردەم وێنە و یادەوەرییەکان یادەکە دەکرێتەوە، ئەمڕۆش بە چەند چالاکییەک یادەکە بەرز ڕادەگیرێت، سەبارەت بە زیانلێکەوتووانیش پێویستە حکوومەتی ئێستای عێراق کە میراتگیری حکوومەتەکانی دیکەیە قەرەبوویان بکاتەوە، لەڕووی دەستووری و یاسایی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی زێوە ئەرکی بەغدایە، لە ھەمان کاتدا دان بەو کارەساتە بنێت و بە جینۆساید بناسێندرێت.

