رۆژنامەی ھەولێر

یـــــەڵدا هــــــــەرکی

چەند ئەمینە هەوای ئامادەبوونت
لەوێ کە هیچ وشەیەک
لە ترسی ڕەچەتەی پەلەکردن،
لە تەنگەبەری قوڕگدا نابەستێت.

ڕاز
ئەم ئەمانەتە ناسکەی تەنهایی
لەژێر پۆستاڵە قورسەکانی ڕاڤەدا
لە هەناسە ناکەوێت.

تۆ ڕێز لە سەربەخۆییی ئازار دەگریت؛
دەستدرێژی ناکەیتە سەر هەرێمی ڕەنج؛
بۆ ماڵیکردنی ژان، یاسا هەڵنابەستیت،
و شەهوەتی بوون بە قارەمان
لە چاوەکانتەوە تێپەڕیوە.

باش دەزانی
کە هەموو گێڕانەوەکان، پڕۆژەیەکی پەککەوتوو نین و،
ئاواڵەکردنی پەنجەرەیەک،
هەمیشە بانگهێشتکردنی
حەزی گەردەلوول نییە!

تۆ دەزانی،
پێگەیشتووترین شێوەی میهرەبانی،
هەندێک جار هەرئەم دەستنەدانەیە لە چارەنووسی ڕستەیەک
کە تەنها تینووی بیستنە.

گاهێک، تەواوی کامڵبوونی بوون،
لە هەمان کردە بچووکەی دانیشتندا کورت دەبێتەوە
لە پەنای ئەندێشەیەک
کە هێشتا خەریکی لەدایکبوونە.

ڕەنگە بەڕێزترین ئەندازەی ئامێز هەر ئەمە بێت
ئەوەندە نزیک ببیتەوە
کە تۆقینی تەنهایی دامرکێتەوە؛
ئەوەندەش ئارام و دوور دانیشیت
کە ئازادیی ڕۆحێک، دەست‌لێنەدراو بگاتە پشکووتن.

چ شکۆمەندییەکە
ئەو ساتەی تەنهایی، بوێریی کردووە
خۆی بەوی تر بسپێرێت و،
تۆ شان بە شانی متمانەیەک دانیشتووی
کە ڕوخساری دەنگی گرتووەتە خۆ؛
بێ ئەوەی بتەوێت لەجیاتی ئەو، درێژە بە چارەنووسی بدەیت.

تۆ بڕوات وایە
کە هیچ کەس،
پێچ‌و‌پەناکانی بنبەستی ڕۆحێک
لە پێیە شەکەتەکانی خۆی باشتر ناناسێت؛
بۆیە لەگەڵ تۆدا،
ئازارەکان
پاش دانپێدانان،
تەنیاتر لە پەشیمانی
ناگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.