رۆژنامەی ھەولێر

فۆرمی دامەزراندنی 250 کەس بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیەندرا

ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، بە مەبەستی دامەزراندنی 250 کەس بە شێوەی گرێبەست لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لینکی فۆرمی داواکاری بڵاو کردەوە.

پڕۆسەکە 32 پسپۆڕی جیاواز دەگرێتەوە و لە 10ی حوزەیرانەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، هاوکات ئەنجومەنەکە چەند ڕێنماییەکی بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە و یەکخستنی بەڵگەنامەکان دیاری کردووە.

دوابەدواى ڕەزامەندیی سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە نووسراوی ژمارە (12340) لە ڕێکەوتى 6/10/2025 و دیاریکردنى بوارى پسپۆریی پێویست لەلایەن پارێزگاى هەڵەبجە بە نووسراوی ژمارە (1/804) لە 30/3/2026 بۆ دامەزراندنى (250) کەس لە (32) پسپۆڕیی جیاواز لەسەر میلاکى گرێبەستى فەرمانگەکانى حکومەتى هەرێم لە سنوورى پارێزگاى ناوبراو، ئەنجومەنى ڕاژەى گشتیی لینکى فەرمى بۆ پڕکردنەوەى فۆرمى داواکاریى دامەزراندن بڵاو دەکاتەوە.

لینکى ئاماژەپێدراو لە ڕێکەوتى 10/6/2026 کارا دەکرێت و بۆ ماوەى (14) ڕۆژ تا ڕێکەوتى 24/6/2026 کۆتایى دەوامى فەرمى بەردەست دەبێت.

تێبینییەکان:
– پڕکردنەوەى فۆرمى داواکاریی دامەزراندن لە لایەن پێشکەشکار تەنیا یەک جار و بۆ تەنیا یەک پسپۆڕى دەبێت و هەر پێشکەشکارێک زیاتر لە یەک فۆرمى داواکاریی ڕەوانە بکات، لە پێشبڕکێی دامەزراندن دوور دەخرێتەوە و داواکارییەکەى بۆ هیچ پسپۆڕییەک وەرناگیرێت.
– پێویستە پێشکەشکار ڕاستى و دروستیى زانیارییەکانى هاتوو لە ناوەڕۆکى فۆرمەکەى بۆ هەر بڕگەیەک بە وێنەیەکى بەڵگەنامەى ڕەسەن پشتڕاست بکاتەوە. بە پێچەوانە خاڵى ئەو بڕگەیەى بە بێ بوونى بەڵگە پڕ کراوەتەوە هەژمار ناکرێت.
– پێویستە کۆى بەڵگەنامەکان پێکەوە لەناو تەنیا یەک فایلى (pdf) یەک بخرێت و قەبارەى فایلەکە لە (100) مێگابایت تێپەڕ نەکات.
– پێویستە پێشکەشکار پێش ئەوەى کرتە لەسەر لینکى ناردنى کۆتایى فۆرمەکەى بکات، بەوردى پێداچوونەوە بە زانیارییەکان و بوونى بەڵگەکانى پێویست بکات.
– فۆرمى دواکاریی دواى ناردنى لە لایەن پێشکەشکار ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو کێبڕکێى دامەزراندن و هیچ بەڵگەنامە یان زانیاریی زیاتر لە پێشکەشکار وەرناگیرێت.

بۆ دابەزاندنى فۆرم: کرتە لێرە بکە