رۆژنامەی ھەولێر

یادی ١١ ساڵەی ژیانئاواییکردنی مەحمود بێوەی

ئاری ئاغۆک

 

لە ساڵی هەشتاکان لە ڕێگەی شاشەی تیڤییەوە لە بەرهەمی (هەبوو نەبوو) وەک ئەکتەرێکی شیرین و رۆحسووک ئاشنای بووم، دواتر لە فیلمی (ئاسکە) ڕۆڵبینینی پیاوێکی جووتیاری گوند و دەشتێ زیاتر چووە ناو زەین و یادەوەریمان، دوای ڕاپەڕین بە هەمان نەفەسی هونەری و نەتەوەیی لە هۆڵی شانۆی گەل بەرهەمی جوانی پێشکەشکردین، ساڵان هات و تێپەڕی لە ساڵی ٢٠٠٤ لە نزیکەوە بە دیداری ئەو هونەرمەندە جوان و فرەبەهرەیە شاد بووم ئەویش بە سەردانیکردنی بۆ نووسینگەی گۆڤاری نواڵەی نوێ؛ وێڕای خۆشحاڵی کە لە نزیکەوە بەدیداری شادبووم ئەوا بە گفت و لفتێکی نەرم و لەسەرخۆ باسی ئەزموونی هونەری و کاری نووسینی خۆی بۆ کردم، من بە چاوی ڕێزەوە لە حزووری گوێم لە پەیڤە شیرینەکانی بوو، ئینجا زانیم جگە لە ڕۆڵبینینی وەک ئەکتەرێکی ئەزمووندار، ئەوا نووسەرێکی بە سەلیقەیە و لە بواری چیرۆک و شیعر و ئەدەبیاتدا خاوەن ئایدیایەکی فراوانە، بۆیە داوام لێکرد بە نووسینەکانی باخچەی گۆڤاری نواڵەی نوێ جوانتر بکات، ئەویش داواکەی قبووڵ کرد، هەر ژمارە و بە چیرۆکێکی کۆمەڵایەتی یا مۆنۆدرامایەکی پڕ لە کێشەی سەردەم بەشدار بوو لە گۆڤار.
گەرچی نێوانی تەمەنمان زۆر بوو، بەڵام بووینە هاوڕێ و برادەرێکی نزیک، هونەر و قەڵەم و نووسین و ڕاگەیاندن زێتر لەیەکتری نزیک کردینەوە هەفتانە سەردانی دەکردین، ئەگەر هەفتەیەک دیار نەبوایە پەیوەندیم پێیەوە دەکرد و لە هەواڵیم دەپرسی؛ ئەو کەسەش پەروەردەکار و ئەکتەری سەردەمی زێڕین و نووسەری دنیای چیرۆک و هونەرمەندی نیگارکێش مەحمود ئەحمەد حەمەد ناسراو بە (مەحموود بێوەی) بوو. ئەو هونەرمەندە خۆڕسکە جیا لە ئەکتەری کە ئێمە لە ڕێگەی شاشەوە ناسیمان ئەوا خاوەن چەندین تابلۆی جوانی هونەرییە، کاتێ پێشانگایەکی هونەری کردەوە و لە نزیکەوە تابلۆکانیمان بینی ئینجا زانیمان ئەو پیاوە لە پێناو خۆشەویستی بۆ کار و حەز و بەهرەکانی ئەوا بە بێدەنگی کاری خۆی دەکات، بەڵام کە سەیری تابلۆ و وێنەکانی دەکەین هەست دەکەین پڕە لە جوانی و داهێنان، یاخود نووسینەکانی لە بواری (شیعر، شانۆگەری، چیرۆک، کورتەڕۆمان) دەخوێنینەوە هەست دەکەین پڕە لە قسەی (من، تۆ، ئەو، ئەوان) کە هەریەکێکمان لە گۆشەیەکی نووسینەکانیدا خۆمان دەدۆزییەوە؛ وێڕای بەردەوامی لە گۆشە بەردەوامیەکانی لە ڕووپەڕی گۆڤاری نواڵەی نوێ، ئەوا بڕیارمان دا بەرهەمێکیشی بۆ چاپ بکەین، ئەوە بوو کورتەڕۆمانی ( ڕۆژی ڕەش) بە هاوکاری سەنتەری ڕۆشنبیریی بەهرە، چاپ کرا. وێڕای چەند کتێبێکی دیکەی خۆی دواتر ئاماژەی پێ دەکەین، لێرەدا هەمدیس وەک (یاد و وەفا)یەکی لەبیرنەکراو لە ساڵیادی ژیانئاواییدا وەک وەفایەکی بچوک بۆ دۆستایەتی نێوانمان، حەزم کرد ئەو چەند پەیڤە بۆ گەورەیی و خۆشەویستی ئەو پیاوە جوانە دەرببڕم، لێرەدا وەک یادێکی لەبیر نەکراو و وەبیرهێنانەوە بۆ نەوەی ئێستا ئەوا گەشتێک بەنێو وێستگەی تەمەن و ژیان و کاری هونەری و بەرهەکانی دەکەین؛
-مەحموود ئەحمەد حەمەد، نازناوی هونەری: مەحموود بێوەی.
-ساڵی لەدایکبوون: ١٩٤٤ هەولێر.
-ئاستی خوێندنی: دەرچووی خانەی مامۆستایان.
. -پیشەی وەزیفی: مامۆستا
-پیشەی هونەری و ئەدەبی: ئەکتەر، نیگارکێش، نووسەری دەقی شانۆیی، شیعر، چیرۆک، کورتە ڕۆمان.
-نواندنی لە بەرهەمە شانۆییەکانی لە ساڵی ١٩٦٧ تا ٢٠١٠ بریتین لە: (هەبوو نەبوو، سورمە خان، تجریة فقد، جەنابی جانەوەر، مرۆڤ و ئازارەکانی، خانەدان، ئاسکە، قەڵای دمدم، ڕاوچی، لاس و خەزاڵ، خاتوو کڵاوزەڕ، سێ کەللەپووچ، گوڵی نهێنی، کانی مەلەکڕێزان، شارەکەم، کەوەکانی قەرەچووغ، قسەی خەڵکی، بێسەرپەرشتان).
بەرهەمە چاپکراوەکانی:
• ژوان، شیعر ٢٠٠٥
• خێو، شانۆگەری ٢٠٠٨
• نووسینگەی هونەر، شانۆگەری ٢٠٠٨
• بلە ژن دێنێ، ڕۆمان ٢٠٠٨
• ڕۆژی ڕەش، کورتە ڕۆمان ٢٠٠٨

نابێ ئەوەش لەیاد بکەین مامۆستا مەحمود وەک پەروەردەکارێک لە چەندین قوتابخانە خزمەتی بە بواری پەروەردە و فێرکردن و هونەر کردوە، جگە لە گەیاندنی پەیامی زانست و زانیاری ئەوا هەوڵی داوە وانەی هونەر لای قوتابی خۆشەویست بکات و چەندین نەوە لەسەر دەستی ئەو بوونەتە پێشەنگی کۆمەڵگە.
لەگەڵ ئەوەی چەند دەستنوسێکی دیکەی بۆ چاپ ئامادەبوو، بەڵام بە هۆی نەخۆشی نەیتوانی بەچاپیان بگەیەنێت، بە داخەوە ڕێکەوتی ٤ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر ژیانئاواییی کرد؛ گەرچی دوای خۆی هیچ منداڵ و نەوەیەکی بەجێ نەهێشت، بەڵام ئەرشیفی زێڕین و هونەری پاکی و بینینی لە شاشەی تیڤی و کتێب و نووسینەکانی گەورەترین سەرمایە و ئەرشیفی زێڕینی ئەم هونەرمەندەن، هەمیشە یادەوەری و یادی لە یادگەماندا دەمێنێ و بە (یادی بەخێر) یادی دەکەینەوە.