ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمڕۆ بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەتوانن مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی زەوییەکانیان. لەھەمان کاتدا ئەم ھەفتەیە ١٣٧ فەرمانبەری سنووری پارێزگای ھەڵەبجە لە قۆناغی یەکەمدا زەوییان پێدەدرێت. گوتەبێژی شارەوانی پارێزگاکەش، دەڵێت: پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و لە قۆناغەکانی داھاتوودا ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی ٨ ساڵ خزمەتیان ھەیە، پارچە زەوییەکیان پێدەدرێت.
کارەکانی تاپۆکردن و بەناوکردنی زەوی فەرمانبەران لە ھەرێمی کوردستان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە قۆناغی یەکەمدا، بەشی زۆری ڕێکارەکانی بەناوکردنی سەرووی ٥٠٠٠ پارچە زەوی لە ھەولێر، کە لە شوباتی ٢٠٢٤ـەوە لە ڕێگەی تیروپشکەوە بەسەر فەرمانبەران، پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکاندا دابەشکرابوون، تەواو بووە.
سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر، تەواوی مامەڵەکانی بۆ تاپۆکردنی ئەو ٥٠٠٠ زەوییە ئامادەکردووە تاوەکو بەپێی ڕێکارە یاساییەکان سەنەدی فەرمییان ڕادەست بکرێتەوە، ھاوکات، وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی یەکەیەکی تایبەتەوە کار ئاسانی و ھاوکاری شارەوانی ھەولێر دەکات بۆ خێراکردنی پرۆسەی گۆڕینی کارتەکان بۆ سەنەدی تاپۆ.
ئەم پرۆسەیە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی جەنجاڵییە لە فەرمانگەکاندا، بە ٧ قۆناغی جیاواز جێبەجێ دەکرێت، کە تیایدا دڵنیایی دەدرێتە فەرمانبەران کەوا سەرجەم ئەو زەوییانەی وەریانگرتووە دەکرێنە تاپۆ، بە مەرجێک پێشتر بە ھیچ شێوازێک سوودمەند نەبووبێت.لەلایەکی دیکەوە فەرحان عزەت، گوتەبێژی شارەوانی ھەڵەبجە، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: ئەم ھەفتەیە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکە، لەم قۆناغەدا ١٣٧ فەرمانبەر کە مامەڵەکانیان تەواو بووە زەوی وەردەگرن، ھاوکات ٥٠٠ فەرمانبەری دیکەش مامەڵەکانیان لە تەواوبووندایە و لە قۆناغی داھاتوودا زەوییان پێدەدرێت. گوتەبێژی شارەوانی سنوورەکە، ڕوونیکردەوە: بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ دابینکردنی زەوی و ئاسانکاری بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی فەرمانبەران، ٨١٠٠ فەرمانبەر لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی ھەڵەبجە لەم بڕیارە سوودمەند دەبن.
ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە کە لە ٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٤، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەرچوو، بە مەبەستی دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا سوودمەند نەبوونە. بڕیارەکە لە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٤ لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.

