رۆژنامەی ھەولێر

داوا دەکەن گەنمەکەیان بە نرخێکی گونجاو لێوەربگرن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

جووتیارانی دەشتی ھەریر گەنم و جۆ دروێنە دەکەن، ئەمساڵ بەھۆی بارینی بارانێکی زۆر بەرھەمێکی باشی گەنم بەرھەمھێنراوە، جووتیاران داوا دەکەن گەنمەکەیان بە نرخێکی گونجاو لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی ڕەنجیان بە خەسار نەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ترسیان ھەیە کە دانەوێلەکانیان بە نرخێکی کەم ساغ بکرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە سنووری ھەریر ٢ ھەزار دۆنم زەوی بە جۆ و ٧١ ھەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە، ٢٩٢ تۆن گەنم لەناو پلان و ١٠٨ تۆنیش لە دەرەوەی پلان لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە کاتێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات بەرھەمی ئەمساڵی گەنم زیاتر لە ملیۆنێک و نیو تۆن بێت.
بە دڵێکی خۆش و سەرووچاوێکی گەشەوە پێشوازی لە دروێنەی گەنمەکەیان دەکەن، لەبەر بارینی بارانێکی زۆر ئەمساڵ بەرھەمی جووتیاران لە چاو ساڵانی ڕابردوو زۆر زیاترە، جووتیاران، دەڵێن، لەوە دڵمان خۆشتر نابێت، چونکە زەویەکانمان بەرھەمێکی باشیان ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش حکوومەتی عێراق پارە بە گەنمەکەمان نادات و بە نرخێکی ھەرزان وەردەگرێت.
جووتیاران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کێشەی ئێمە نەک بەرھەم و کەشوھەوایە، بەڵکو کێشەکە قەبارە و نرخی وەرگرتنی گەنم و جۆیە، ئەوەش وای کردووە توشی زیانێکی زۆر ببینەوە، داواش لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین ڕێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ ئەو جووتیارانەی کە توشی زەرەر و زیان بوونەتەوە، بۆ ئەوەی زیانەکە زۆرتر نەبێت.
لە سنووری قەزای ھەریر ئەمساڵ زیاتر لە دوو ھەزار دۆنم زەوی بە جۆ داچێندراوە، ٧١ ھەزار دۆنمیش بە گەنم داچێندراوە، بەگوتەی سەرۆکی بەشی چاندن لە قەزاکە ھەر چەندە ئێستا جووتیاران دروێنە دەکەن، بەڵام پێشبینی ڕێژەیەکی باشی بەرھەم دەکەین. فەریق حەسەن عەبدولرەحمان، سەرۆکی بەشی کشتوکاڵی ھەریر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێشبینی دەکەین بەرھەمی جۆ بگاتە زیاتر لە ١٣٠٠ تۆن، بەرھەمی گەنمیش بەپێی ئەو ڕووبەڕەی کە پێشنیار کراوە و ئەو بارانەی کە ئەمساڵ باریوە، ٥٠ ھەزار تۆن زیاتر بێت.
پاش چەندین ساڵ وشکەساڵی بارانی ئەمساڵ لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان گەشبینی لای جووتیاران پەیدا کردووە و بەرھەمێکی باشی بۆ ئەوان دابین کرد، گرنگی سێکتەری چاندن و ڕۆڵی ئەو سێکتەرە لە گەشەپێدانی ئابووری ناوخۆدا و دابینکردنی بەرھەمی ستراتیجی وەکو بنەمایەکی سەرەکی لە ئاسایشی خۆراکدا نیشان دەدرێت.