به ئامادهبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر، ئەحمەد کانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، ئاریان سەلاحەددین بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری، سیروان عوسمان بهرێوهبهری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، دکتۆرە خانزاد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان و ژمارەیەک لە ئەکادیمست و مامۆستایانی زانکۆ لە چوارچێوەی چالاکییە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر دیداری «١٠١ ساڵەی غونچەی بەهارستان»ی بەڕێوەبرد، کە تەرخانکرا بوو بۆ ناساندنەوەی گرنگی و شوێنەواری ئەو گۆڤارە مێژووییە لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا.
لە میانی دیدارەکەدا باس لە مێژووی دەستپێکی «غونچەی بەهارستان» و ڕۆڵی بەرچاوی لە پەرەپێدانی زمانی کوردی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ڕۆشنبیری کرا. هەروەها ئاماژە بەوە درا کە ئەم گۆڤارە یەکێک بووە لە سەرەتاییترین دەنگەکانی ڕۆشنبیری نوێی کوردی و کاریگەرییەکی بەرچاوی لە دروستکردنی نەوەیەک لە نووسەر و ڕۆشنبیراندا هەبووە.
پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکدا، جەختی لەسەر پاراستن و ناساندنەوەی میراتی ڕۆشنبیری و چاپەمەنیی کوردی کردەوە و دووپاتیکردەوە یادی ١٠١ ساڵەی «غونچەی بەهارستان» دەرفەتێکی گرنگە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی نەوەی نوێ بە مێژووی ڕۆشنبیری کورد. هەروەها داوای کرد هاوشێوەی ئەم چالاکییانە بەردەوام بن بۆ پاراستنی بەرهەمە مێژوویی و ئەدەبییەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، ئامادەبووان سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێریان کرد بەهۆی گرنگیدان بە میراتی ڕۆشنبیری و ڕێکخستنی ئەو چالاکییە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیندوو ڕاگرتنی یاد و بەهاکانی ڕابردووی ڕۆشنبیریی گەلەکەمان.
شایهنی باسه ناوی یەکەم کتێبی مێژوویی کورد و کوردستانە بە زمانی کوردی، کە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ و مێژوونووسی ناوداری كورد (حوسێن حوزنی موکریانی) چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە مێژوونووسیی کوردیدا شوێنێکی گرنگی هەیە و زۆر لە توێژەرەوان بە بناغە و سەرەتای مێژوونووسیی نوێی کوردیی دادەنێن.

