رۆژنامەی ھەولێر

ساباتی شیعرە سۆزدارییەکانی سامان نوری

ئازاد پێنجوێنی

 

شیعرەکانی چەشنی سێوی میخەکڕێژە؛ هێمای خۆشەویستی و ئەوین و ئاشتی و خاکی بەیار و کوردەواریە، مرۆڤێکە پەیامی سۆزداری سپاردوە بە دڵی، دڵیشی ئەرخەیان کردووە تا بە دیاری بە شیعرەکانیدا بینێرێ بۆ یار و یارانی، ڕستەکانی چەشنی بارانن، ئاشق بەخاکن، ووشەکانی چەشنی پەروانەن هەرلە دەور و کۆشی گوڵدان.
شاعیریش لە چاوەڕوانی عومری بەهارێکدایە، بێت و پیری بکات، بەڵام سۆزی لێ نەسێنێت.
خۆ ئەوە پێنووسەکەی منە لەنێو ساباتی خوێندنەوە بۆ کۆمەڵێک شیعری شاعیر؛ خۆ هەر دەبێ شتێک بنووسم تا بزانم من چۆنە لەنێو فەرشی کاشانی ڕاخراوی ئەو هەموو شیعرە جوانەدام، بە بێدەنگی لەنگەری ئارامیم گرتووە.
شاریش چەندە خامۆش و بێچرپەیە و بەبێ سرتەیە لەتەک ـ باـ دا، مەردم لە خەونی قووڵدایە و شاعیر و شیعر و سۆزەکانی لەمێژە بێدارن.
شاعیر، بە سەری مەستەوە بە ماندووبوونی جەستەوە لە ئاهەنگی کۆکردنەوەی شیعرەکانیدایە تا بیانسپێرێ بە دەرکەوتەی خۆری هیوا و، لەگەڵ پرشنگدا پەرشیان بکات؛ وەک تکەی بارانی شەونمی تازە بەجێماوی گوڵەنێرگزی بەهاران، ئای چ بۆن و بەرامێکی بۆنخۆش، چ پۆشتە و جوان وەک بەری بەیانی ڕۆژهەڵاتن. ڕستەکانی هەڵدەقوڵێ لە کانیاوی سازگاری هزری جوانیان، وشە و کۆپلەی نەوتراو تا ئەوپەڕی نەغمەی ئارامی بولبول و دەنگی پێی ئاوی دیوانەکەی زۆرراب سپهری و بۆنی گوڵەمحەمەدیەکانی بەر حەوشەی کانی‌ئاشقانی کاشان و هاژە و خوڕەی سەر چەم و خشپەی گەڵا سنەوبەرەکانی مەکتەبی فەیسەڵیەی جاران؛ چ شەیدابوونێکە لەم بازاڕی توحفەفرۆشەی حەزرەتی نالیدا کە بۆنخۆشی گوڵاوی سەرمۆری شیعرەکانی ئەم شاعیرە تێکەڵ بە بۆنی عەنبەر و میسک بووە.
ئاخر ئەوە شاعیرە لە گزنگی بەیانیدا بە دیار تارماییی ژوورەکەیەوە تەنهایی و شیعرەکانی بەدی دەکات، ئەوەندە بیری یاردەکات تروسکایی هەردوو چاوی خامۆش دەبێ، ئەوە خەیاڵی خۆیانە کە هێمایەکە و پەیڤەکانیشی بۆ ئەشقی یار پەرستگایەکە لە شوێن ژوانەکانی، ئەوە شیعر و ئەوین و میهری یارە بووەتە هەوا و ئاو و نانی و بووەتە ئیلهامبەخشی ئەندێشەی و ڕژاوەتە نێو دڵ و گیانی.
شاعیر شعرەکانی ئاوێتەیەکن لە وردەبارانی پاش پەلکەزێڕینە کە وادەکات بەدیار ڕەنگی شیعرەکانیەوە ئالوودە بین و بە هێمنی چامەشیعریەکانی دابخزێ بۆ ناو دڵ و دەروونمان.
شیعرەکانی زاراوەیەکی گەشن شەیدایی دەدەن بە گڕی تاسە و خۆزگە و جاویدانیەکەی ژیان؛ خولیا و حەزەکانی بۆ شیعرنووسین بووەتە سمبولی ئەندێشەی فراوانی میهر و سۆزداری و، بە هەڵوێستەوە بۆ نەتەوە و خاکەکەی و سۆز و ئەوینەکەی دەنووسێ.
(سامان نوری) هەر ئیلهامێکی بۆ نووسین وەک شنەبای ئارام و نمەبارانن ڕاز و نیازیان بۆ خزمەتکردنی گەنجینەی ئەدەب و شیعر گەردوونین و دەبنە تیشک و، دەبنە ئەشق و پەردەی تاری شەوگار دەدڕن.
(سامان) هەمیشە مژدە دەدات بە کوردبوونی و زمانە پاراوەکەی دایک و نەتەوە و خاکی کە وەک گوڵاڵە و پەڵەی خوێنی ڕژاوی گەش لە دواوەرزی بەستەڵەکی زستانی خەونیدا ناسنامەی کوردبوونمان پێ ئاشنا دەکات بۆیە لە هەرکوێ بێت ئێمەش لەوێین لەناو شیعرەکانیدا بێ، ئێمەش لەوێین.
‌ ئەم شاعیرە بە هەگبەیەکی پڕ لە شیعری نەوتراوەوە، لە ڕووی ئاسۆ ڕادەوەستێت و بە ویقارەوە هاوار دەکات: (هۆ چراخان!) من شاعیرێکی شێت و دێوانەم، جێژوانت دەمسووتێنێ و تاسەی تامەزرۆییم دەجووڵێنێ؛ کە تەنانەت بە هۆی تۆوە من و، ئەستێرەکانی شەوانیش شەیدای ئەو چاوانەتین و، خەو ناچێتە چاومان؛ تۆ لە کوێی ئەم سۆنگەی جیهانەوەی؟ وەرەو سەرێک لە شیعرەکانم بدە تەنها سۆزی تۆیان کەمە؛ ئەی نازانی من و شیعرەکانم تاسەی دوریت دەکەین ئەی یار؟
شاعیر زۆر لێزانانە وەسف و سەنای چاو و چراخانی مۆم و ئەستێرە و تامەزرۆیی دەکات؛ کە ئاوێتەیەکن لە سۆزی درەوشانەوەی شیعرەکانیدا. ئەوەش دەڵێ لە دووری سۆزی یار ئەوەندە ڕوخساری گۆڕاوە ڕوناکی تێدا بەدی ناکرێ مەگەر شەوقێ لە دەلاقەی سۆزی یار بێ بۆ هەناوم و دڵم تەژی بکات لە خۆی و ڕۆشنایی بدات بە ئیلهامی شیعریم.
شاعیر حەزی وایە تێر سەیری یار بکات و، یار و یارانیش شیعرەکانی بکەنە گەردنیان تا ببنە سۆزێکی ئەبەدی، هەر خۆیشیەتی هیچ کات بەبێ هیوا نەبووە و، بۆ دەریای ئەو گوزەر ناکات و سڵیش ناکات لە شەپۆلی خۆشەویستی و ئامێزی دیدار و ئاواتی.
شیعرەکانی هاوکێشەیەکن لە تێڕامان و سەراسیمە و بێشک ڕەنگی هارمۆنیا و نەغمەی ئاوازی دیوە شاراوە جوانەکەی فەنتازیای ژیان بە شاعیر و شیعرەکانیەوە دیارە؛ ئەی ئەوە نیە وشەکانی هەمیشە فرمێسک دەڕێژن بەکوڵ بۆ ئەوێکی دیار و نادیار؛ خامە و پەڕاوە سپیەکانیشی پێمان دەڵێ گەر نەبوو وەرزەکانی سۆزداریم، هەرەس دێنن ژین و ژیانم؛ گەر هەبوو باخی ژینم، نابێتە وەرزی سەهۆڵبەندان و، دێم و دەچم و دەنووسم و هەر دەژیم.
هەر لە ڕوانگەی شیعرەکانیەوە ئەوەش بەیان دەکات تا دواهەناسەی ژیانی لەپێناو سۆزی ئەوینداری و خاک و نیشتمان و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستیدا دەنووسێت و تێدەفکرێ؛ ئاخر دەڵێ (هێدی‌هێدی بێ ماندووبون هەنگاوی بێوچان دەنێم؛ هەر دەیگەمێ تەنانەت گەر مەرگیش لەئارادا بێ)؛ پەیڤە جوانەکانی ئەوەندە تیوار و شەفافن خۆیان حەشار داوە لە پشت پەردەی چاوەکانمانەوە، دڵمان زیندانی دەکات و ڕۆحیشمان دەڕژێنێتە نێو بەرزاییەکەی شەبەنگەوە؛ هەر ئەوەشە کاتێک شیعرێکی دەخوێنینەوە ئیدی بە عەتری نێرگزی بەهار مەست و بێهۆش و ئاوێتە دەبینە نێو تکەی بارانی ئیلهامەکانی.
شیعرەکانی (سامان نوری) ڕیتمێکە بەرەو ئاسۆیەکی گەش و ڕۆشن ڕاپێچمان دەکات؛ تەنانەت ماڵی چۆڵیشمان دەخاتە جموجۆڵ، ئەی ئەوە نیە بۆ ئەندێشەی ئێمەی خوێنەر، ئەستێرەکان دەکەونە چرپە بۆ یەکدی و، باسی داستانی پڕ موحیبەتی ئەفسانەی سۆز دەکەن و کۆترئاسا بە بەریناییەکەی ئەرز و ئاسمان سەما دەکەن لەگەڵ هزرە تینووی ماندوویەتی خۆی و شیعرەکانی.
شاعیر بەردەوامە و زۆرجوان دەپەیڤێت و، پێمان دەڵێ بۆیە دەنووسم بەهای سۆزداری بمێنێ و چرای نێو ماڵمان خامۆش نەبێ، کەوایە شاعیر ئەوەندە سەرگەرمی سۆزی ژیانە و قاڵ بۆتەوە لەناو ڕەهەندی موحیبەتدا، تەنانەت هیچ پێوەرێکی دانەناوە بۆ سۆز؛ بەڵکو بە ڕەهایی پێمان دەڵێ هەموو دەروازەکانی دڵم واڵایە بۆ هاتنەژوورەوەی سۆزی ئەوی دیار و نادیار، دەست‌بەدۆعایە، چاولەڕێگایە، دەچێتە بەر باران و هاوار بۆ ئاسمان دەبات، بەرامبەر بە بەربەستەکانی ئەشق ڕادەوەستێت و نزا دەکات و، نایەوێ ڕۆژێک بەبێ ئەشق، بەبێ شیعر، بەبێ خاک بژیێ؛ دەیهەوێ هەموویان لە ئامێزیدا کۆ بکاتەوە و بیانکاتە مۆزەخانەی سۆمای چاوانی، ئاخر بە ئەندازەی ئاوی ڕۆشتوو، بە بارتەقای شەونمی سەر گەڵاوگوڵ، بە ژمارەی بولبولی سەر چڵی دارەکان، لەگەڵ هەموو لێدانێکی ترپەی دڵی شاعیردا درک بەوە دەکەین ڕوئیای بێگەردیان، ئاسەواری بەسەر هەموو ڕستەکانیەوە دیارە.
شیعرەکانی ئەوەمان پێ دەڵێن کە باسوخواسی خەم و پەژارە و خولیاکانی کەسانی دەوروبەری بەیان دەکات و لەو ڕێگەیەوە دەیەوێ بەشادی و داهێنانەکانیان بناسێنێت؛ هەربۆیە شیعرەکانی پڕن لە ڕاز و نهێنی و خوێنەر سەرسام دەکەن.
شاعیر بە فۆرمێک دەنووسێ کە ناکامڵیەکەی ڕۆژەکان پڕ بکاتەوە و هزرەکان ئاوەدان بکاتەوە و بەردەوام وشەی تازەی سۆزداریمان پێ دەناسێنێت و دەمانباتە مەنزڵگای کەناری ئارامیەکان؛ ئاخر ئەو نایەوێ لە خۆمان دوور کەوینەوە و، ببینە نادیاریش بۆ کەسانی دی؛ نایەوێ سۆزداری لە بنیادماندا کاڵ ببێتەوە و هەموو ڕەنگەکان بە سیا بێتە پێش چاومان؛ بە جۆرێ دەنووسێ کە فێرە ڕیتمی مۆزیکا و ئاوازی ژیانمان دەکات تا ئاستی ئەو ئاوازانەی کە بۆ هەڵوەرینی گوڵ چێ کراون.
ئەی ئەوە نیە دڵی شاعیر زووخاوی لێ دەچۆڕێ! دڵی ئێمەش مەست بەدیار نۆشینی شەرابی ڕژانی شیعرەکانیەوە؛ ئەو جەرگی کونکون بووە لە تاو دووریەکەی سۆزی ئەو، ئێمەش فەرامۆشی دەکەین تاڵیەکەی ژین بە ئەزبەرکردنی قەسیدەکانی؛ شیعرەکانی سامان ژان دەچێژن بۆ برین و زامی گەل، ئەشکین دەڕێژن بۆ ساباتی دید و خەونی ئازادی.
سامان نوری لەو شاعیرانەیە کە خۆی دەرناخات و خۆی ناناسێنی بەڵکو دەیەوێ لە ڕێگەی شیعرەکانیەوە بناسرێ؛ بەردەوام بە بێدەنگێ خۆی ون دەکات؛ لە وجودی بەردەوامیش شیعرەکانی ئاشکرا دەکات لە هەناوی ژانرەکانی ژیاندا تا بێتە وجودی مانەوەی بۆ مرۆڤایەتی.