رۆژنامەی ھەولێر

فلۆرێنتینیۆ پێرێز گاڵتە بە ركابەرەكەی دەكات

 

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

لە 24 كاتژمێری رابردوو چەندان بابەتی سەرنجراكێش لە میدیایەكان بووەتە ترێند و بابەتی گەرم، مشتومڕ و ركابەری توند و بەردەوامی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئێنریكی ریكێلمی پێش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ریال مەدرید تا دێت گەرمتر دەبێت، لە لایەكی دیكەیشەوە ئەستێرەیەكی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلاند تووشی شێرپەنجە بووە.

فلۆرێنتینیۆ پێرێز گاڵتە بە ركابەرەكەی دەكات
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید و یەکێک لە دوو بەربژێرەکەیە بۆ سەرۆکایەتی داهاتووی یانەکەی، لە چاوپێکەوتنێکدا باس لەوە دەکات لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەو، ریاڵ مەدرید شەش ناسناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، کەچی کەسانێک هاتوون و دەڵێن ریاڵ مەدرید لە دوو وەرزی رابردوو هیچ ناسناوێکی بەدەست نەهێناوە. پێرێز لە بەشێکی دیکە قسەکانیشی دەڵێت مۆندیالی یانەکان ئێمەی وێران کرد.
ئەمەش پوختەی تەواوی قسەكانی فلۆرێنتینۆ پێرێزە: ئێمە باشترین پێکهاتەی جیهانمان لەبەردەستدایە، ئایا بەڕاستی کەسێک باوەڕ دەکات کە باشترین یاریزانەکانی جیهان ئامادە نین لەگەڵ مندا کار بکەن؟ پێتانوایە شتی وا هەیە؟. نەخێر بێگومان ئەو شتە نییە و ئەوەی باس دەکرێت راست نییە. ئەگەر سەیری بکەن دەزانن هەموو باشترینەکانی جیهان لێرەن، نەک وەکو هەندێک کەس کە بەردەوام دەڵێن بڕیارە فڵانە یاریزان بگوازینەوە و دواتریش بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە پەیوەندیم پێوە دەکات و دەڵێت هەموو ئەم قسانە درۆن. پێویستە ڕاهێنەر خۆی لەگەڵ کلتووری ڕیاڵ مەدرید بگونجێت، بە دەستەواژەیەکی دیکە ئەگەر باشترین یاریزانت لەبەردەستدا بێت و ڕاهێنەرێکیشت هەبێت کە هەر یاریزانێک لە شوێنی گونجاوی خۆیدا دابنێت، ئەوا دەگەیتە ئەو سەرکەوتنانەی کە ئێمە بەدەستمان هێناون.
ئێمە شەش ناسناوی چامپیۆنزلیگمان لە ماوەی دە ساڵدا بەدەستهێناوە، کەچی ئێستا دەڵێن هەموو شتێک کارەساتبارە، ئێستا هاتوون باسی ئەوە دەکەن لەم دوو ساڵە ریاڵ مەدرید هیچ ناسناوێکی بەدەست نەهێناوە، ئەی بۆچی باسی ساڵانی پێشتر ناکەن، دیارە ئەمانە مەبەستیان چیە و بۆچی ئەم قسانە دەکەن. ئەمساڵ مۆندیالی یانەکان ئێمەی وێران کرد، چونکە هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختەمان نەبوو و ڕاستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی لالیگا چووینە ناو مۆندیالی یانەکان سێ یان چوار مانگ دواتر، تیپەکەمان 28 پێکانی هەبوو، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ئاسایی نییە، لە تەواوی ماوەی سەرۆکایەتیمدا لە ڕیاڵ مەدرید هەرگیز شتی وام بەخۆوە نەدیوە.

جەیمس میلنەر وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن راگەیاند.
جەیمس میلنەر یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگڵاند و یانەکانی لیڤەرپوول و برایتن، دوێنێ بە شێوەیەکی فەرمی و دوای 24 ساڵ یاریکردن و لە تەمەنی 40 ساڵی، وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن راگەیاند. میلنەر کە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی لە یاریکردن لە خولی نایابی ئینگلیزی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و لە بەیاننامەکەیدا سوپاسی ئەو یانانە دەکات کە لە کاروانی وەرزشی یاری بۆ کردوون.
میلنەر لە کاروانی وەرزشی لەگەڵ یانەکان بەشداری 903 یاری کرد و توانی 86 گۆڵ و 135 ئاسیست تۆمار بکات، هەروەها میلنەر بە درێژایی یاریکردن بۆ یانەکان تەنها یەک کارتی سووری وەرگرت و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگڵاندیش بەشداری 61 یاری کرد.

کیڤن کیگان تووشی شێرپەنجە بووە
کیڤن کیگان یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلاند و راهێنەری پێشووی یانەكانی مانچێستەر سیتی و نیوكاسڵ یونایتد ئاشکرای دەکات، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە.
کیڤن کیگان ئەستێرەی پێشووی ساڵانی حەفتایەكانی لیڤەرپوول تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ئاستی چوار بووە و هیوا دەخوازێت بەم زووانە لە یاریگا ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی نیوکاسڵ یونایتد بکات. سەرچاوەکانی بەریتانیا بڵاویان کردووەتەوە دۆخی کیگان باش نیە بۆیە پێیوایە لە کۆتا رۆژەکانی ژیانیدایە و دەیەوێت جارێکی دیکە هاندەرانی یانەی نیوکاسڵ یونایتد لە نزیکەوە ببینێت.
کیڤن کیگانی تەمەن 75 ساڵ لەسەردەمی یاریکردنی توانی 63 یاری بە درێسی هەڵبژاردەی ئینگلاند بکات، هەروەها لەگەڵ یانەکانیش بەشداری 599 یاریکرد و لە کاروانی راهێنەرایەتیشی، توانی راهێنەرایەتی نیوکاسل یونایتد و مانچێستەر سیتی و فولهام بکات.

شوێنی حەوانە و كەمپی ئەرجەنتین هەمووان شۆك دەكات
شاری کانساس سیتی ئەمریکا یەکێک لە گەورەترین شارەکانی ویلایەتی میزوری، پێشوازی لە لیۆنێل مێسی و هاوڕێیەکانی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات، یاریزانانی تانگۆ بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێ دەستپێکردنی مۆندیالێکی نوێ دەکەن. مێسی و هاوڕێکیەانی دوای گەشتێکی 11 کاتژمێری گەیشتنە ئەو شارەی بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی مۆندیال لێی بمێننەوە.
یاریزانانی پاڵەوانی مۆندیالی 2026ـن و لە ئەمریکان و ئامادەکاری بۆ بەدەستهێنانی دووەم ناسناوی لەسەر یەک و چوارەم ناسناوی مۆندیال دەکەن.
مێسی و هاوڕێیەکانی دوای جێهێشتنی بۆینس ئایرس پایتەختی وڵاتەکەیان و دوای یازدە کاتژمێر گەشتی ئاسمانی، گەیشتنە شاری کانساس سیتی ئەمریکا و لە فڕۆکەخانەی ئێزازا بە سەلامەتی نیشتنەوە و پاشان بە پاسێکی تایبەت بەرەو شوێنی حەوانەوەیان بەرێکەوتن، ئەم شوێنەش بەهۆی سەرنجراكێشی و جوانییەكەی لە سۆشیاڵمیدیا بەشێوەیەكی شۆك باس كرا.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 دوو یاری دۆستانە وەکو ئامادەکاری بۆ پاڵەوانێتیەکە دەکەن، یاری یەکەمیان رۆژی حەوتی ئەم مانگە بەرامبەر هایتی دەبێت، پاشان لە رۆژی 10ـی مانگ واتە رۆژێک پێش دەستپێکردنی مۆندیال رووبەڕووی ئایسلەندا دەبنەوە.
لیۆنێل مێسی هاوشان لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاکە یاریزانن بەشداری شەش مۆندیالی لەسەر یەک بکەن، مێسی ئامانجیەتی پێش وازهێنان لە یاریکردن دووەم ناسناوی مۆندیال لەسەر یەک بۆ وڵاتەکەی بباتەوە، کە پێشتر هیچ یاریزانێکی تانگۆ نەیتوانیوە ئەو کارە بکات.

هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە کۆمەڵەی دەیەمی مۆندیالی 2026، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی جەزائیر و نەمسا و ئوردن دەبێتەوە، یەکەم یاریان رۆژی 17ـی ئەم مانگە بەرامبەر جەزائیر دەبێت کاتژمێر چواری بەیانی، دووەم یاری بەرامبەر نەمسا 22ـی مانگ کاتژمێر هەشتی ئێوارەیە و سێیەم یاریشیان 28 مانگ بەرامبەر ئوردن کاتژمێر پێنجی بەیانی دەبێت.

لیستی هەڵبژاردەی ئێرانی بۆ مۆندیالی 2026 بڵاوکرایەوە
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لیستی ناوی ئەو 26 یاریزانەی بڵاوکردەوە، کە لەلایەن ئەمیر قەلعەنوویی راهێنەری هەڵبژاردەکەیان بۆ مۆندیالی 2026 بانگهێشت کراون. عەلی رەزا بیرانوەند گۆڵپارێزە کوردەکەی ئێران، بۆ جاری دووەم لەسەر یەک بانگهێشتی مۆندیال کراوە، هەروەها سەردار ئازموون سێیەم گۆڵکاری مێژوویی بانگهێشتی هەڵبژاردەکە نەکراوە.
هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 و لە کۆمەڵەی حەوتەم رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی میسڕ و بەلجیکا و نیوزلەندا دەبێتەوە، یەکەم یاریشیان رۆژی شازدەی ئەم مانگە بەرامبەر هەڵبژاردەی نیوزلەندا دەبێت.